کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راهێنەری (Coaching)

21:38 - 26 رەشەمه 2716

بەشی یەکەمی پەرتووکی کەوچین یان راهێنەری، لە نووسینی مۆرتن ئێمیل بەرگ، بە زمانی نورویژی، چاپی پێنجەم.

وەرگێڕان: مەنسوور عەزیزی

دانی ئازادی و یارمەتیدان لە پێناو فێربووندا.

باشترین یارمەتییەک مامۆستایەک دەتوانێ بیدات بە قوتابییەکانی، ئەوەیە یارمەتییان بدات کە چۆن ببنە مامۆستای خۆیان.

لیۆناردۆ نادلر

مرۆڤ ئازاد لە دایک بووە، بەڵام لە تەواوی ژیانیدا بە نێو زنجیردا تێدەپەڕێ.
سوقرات


مرۆڤ دەسەڵات بەڕێوە نابات بۆ ئەوەی تەنیا تواناییەکانی خۆی پێشخات. ئەگەر تاکێک لە کۆمەڵگە نەتوانێ تواناییەکانی خۆی بەکار بێنێ و کارێکی بەرچاو نەکات و نەتوانێ ژیانێکی باش بژی، پێویستیی بە هاوکاریی کەسانی دیکە هەیە.

ئودیسێڤز هاوڕێکەی خۆی هەڵبژارد بۆ ئەوەی کوڕەکەی فێر بکات و رێکاری نیشان بدات. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ببێتە کەسێکی بەرچاو لە لای پاشا. سوقرات پرسیاری رەخنە گرانە و توندی لە قوتابییەکانی دەکرد بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات بتوانن روانگەی خۆیان پیشان بدەن و لێکدانەوەی خۆیان هەبێ. لە سەدەکانی نێوەڕاستدا پادشا لێپۆکێکی ( دلقک) هەبوو کە جگە لەوەی سەری پاشای گەرم دەکرد، پرسیارە دژوارەکانیشی ئەوروژاند بە بێ ئەوەی بەرپرسایەتییەکی وەئەستۆ بخەن و وەڵامدەر بێ بەرانبەر بەو کارانەی کە دەیکرد. کاتێک قەیسەرەکان پاش سەرکەوتنێکی گەورە گەڕانەوە بۆ رۆم ، مەستی دەسەڵات بوون و زۆر لە خۆیان رازی بوون، لەو کاتەدا کۆیلەیەک رۆیشتە تەنیشتیانەوە و بە بێ راوەستان دەیگووت: لە بیرت بێ کە تۆش دەمری، لە بیرت بێ کە تۆش دەمری.

لە کلیسای کاتولیکدا پێش ئەوەی قدیس ێک دەست بە قسەکانی خۆی بکات، ئەو کلیسایە کەڵک لە پارێزەری شەیتان وەردەگرێت، کە هەموو پرسیارە رەخنەییەکان دەکات و سەرجەم بەڵگەدژەکان زەق دەکاتەوە.

چیرۆکەکانی ئی. ئیچ. سی. ئاندرسنس لە سەر جلە نوێیەکانی قەیسەر، منداڵێکی چوکەیە کە ئاماژە بەوە دەکات قەیسەر هیچ جلێکی لەبەر نییە. لە چیرۆکە گەلەرییەکانەوە لە بیرمانە کە ئیسپن ئاسکەلاد دەبوو پەنا بۆ هاوکارە باشەکان بێنێ بۆ ئەوەی سەرکەوێ. یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی تۆپی پێ دەیڤید بەکهایم دەڵێ: یەکێک لە گرنگترین شتەکان بە لای ئەوەوە ئەوەیە راهێنەرێکی هەبێ کە باوەڕ بەخۆ بوونی پێببەخشێ.

لە مێژوودا نموونەی ئەو رۆڵ یان نەقشانە زۆرن کە یارمەتیی کەسێک یان ئورگانێک دەدەن بۆ ئەوەی سەرکەون، لەگەڵ ئەوەی کە پرۆسەی ئەو سەرکەوتنە دژواریش بووبێ. لە سەردەمی ئێمەدا کەسانێک هەن کە رۆڵی راهێنەر دەگێڕن بە بێ ئەوەی خۆیان ئاگایان لێبێ. دەتوانێ ئەو کەسە مامۆستاکەت بێت لە قوتابخانە، بەرپرسی بەشی کارەکەت بێ، راهێنەرەکەت لە گۆڕەپانی وەرزش بێ، باوک و دایکی منداڵ یان پزیشکەکەی نەخۆشخانە بێ. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەوانە ئەوەیە کە ئەوان زۆر جار بە بێ ئەوەی هەست پێبکەن و بە شێوەی رێکخراو ئەو کارە بکەن، خەریکن وەک فێرکار رۆڵ ئەگێڕن.

لە راستیدا زۆر کەس دەتوانن لە بیرۆکەی راهێنان کەڵک وەرگرن گەر بە وریاییەوە مامەڵە لە گەڵ ئەو باسە بکەن و بەکاری بهێنن.هاوکات دەشتوانن بە کەڵکوەرگرن لەو شێوە فێرکارییە، تواناییە شاراوەکانی خۆیان لەو پرۆسەیەدا بە هێزتر بکەن.

١.١. راهێنەری کەوچین چییە؟

راهێنەری واتە یارمەتیدانی خەڵکی دیکە بۆ ئەوەی سەرکەون. هەندێک روونتر، راهێنەری واتە یارمەتیدانی کەسانی دیکە لە رێگەی ئاخاوتن لە گەڵیان بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتیی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن و بەو شتە بگەن کە دەیانەوێ.

کەوچین شێوەیەکی فێرکارییە کە یارمەتیی کەسەکان دەدات تواناییەکانی خۆیان پێش بخەن. ئەو ئامرازانەی لەو پێوەندییەدا بەکار دێن بریتین لە پرسیارکردن، هەوڵدان بۆ بڕیاردان و وەڵامدانەوە.

تاک ئەبێ خۆی بەرپرسی ژیانی خۆی بێت، کاتی خۆی بۆ چی بە کار دێنێ و چۆن ئەیەوێ خۆی پێش بخات. سەرکەوتنی تاک تەنیا پێوەندیی بە خۆیەوە هەیە نەک بە کەوچین یان راهێنەری. لە پرۆسەی کەوچین دا بە شێوەی کاتی راهێنەر هەموو داهێنەری، وزە و سەرنجی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی هاوکاریی تاکی جێی مەبەست بکات. ئەو تاکەش دەتوانێ هاوکارەکەت یان بەرپرسی یەکەمت بێ.

کەوچین هەردەم خاڵە بنەڕەتییەکان لەو بارودۆخە روون و دیاریکراوەکانە هەڵئەهێنجێ کە تاک خۆی لەواندا ئەبینێتەوە. بارودۆخەکە دەبێ هەڵسەنگێندرێ و لێی تێبگەین. هاوکات تاکی بەشداریش لە پرۆسەکەدا هەندێک ئاوات و ئامانجی هەیە کە ئەیەوێ پێیان بگات.

بە لەبەرچاوگرتنی مەودای نێوان بارودۆخی ئێستا و بارودۆخی ئارەزوو کراو، تاکی بەشدار ستراتیژیی ئامرازە یارمەتیدەرەکان بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ، وەگەڕیان دەخات، ئاکامی کارەکەی هەڵدەسەنگێنێ و لەو کارانەی خۆی کە ئەنجامی داون، شت فێر دەبێ. لەم پرۆسەیەدایە کە کەوچین پرسیارەکانی خۆی دەکات، بژاردەکان و وەڵامەکانی خۆی پێشکەش دەکات. تاک دڵخۆش دەکرێ کە دیسان بەو ئاکامانەدا بچێتەوە کە بەدەستی هێناوە، دیسان ئامانجەکەی داڕێژێتەوە، ئامرازی نوێتر بۆ ئەنجامی کارەکەی هەڵبژێرێ و رەنگدانەوە بدات بەو ئاکامانەی وەدەستیان دێنێ. مەبەست لەم کارە ئەوەیە کە تاک ئیلهام وەرگرێ لەو پرۆسانەی کە لەواندا تاک لە بیرکردنەوە و کردەکانی خۆی شت فێر دەبێ.

کەوچین پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاوی فێربوونە لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی تاکدا کە لەوێدا تاک و راهێنەر دەچنە نێو هاوبەشییەکی نزیکەوە. راهێنەر لە سەدا سەد بە دوای ئەوەوەیە کە تاک ئامانجەکانی خۆی بپێکێ و پرۆسەکەش بەندە بە قۆناغەکانی تایبەت بەو تاکەوە.

راهێنەر نابێ هیچ بەرنامە کارییەکی نهێنیی هەبێ. گەر دوو لایەن بتوانن خو و خدەیەکی تاکیی باش پێش بخەن، خەیاڵ بە کار بێنن و ئیلهام بدەن بە یەکدی، ئاکامی کارەکەیان دەتوانێ سەرنجڕاکێش بێ.

کەوچین هاوکاریی تاک دەکات بۆ ئەوەی جۆری بیرکردنەوە ، چۆنیەتی بوونایەتی و چۆنیەتی فێربوونی خۆی پێش بخات بەو شێوەی کە بتوانێ بە ئامانجەکانی خۆی بگات. بۆ نموونە تاک دەتوانێ چووبێتە خانەی بیرکردنەوە نەرێنی و رەخنەگرانەکانی لە خۆی و بەردەوام خۆی بە تاوانبار دەزانێ لەو شتانەی کە روو دەدەن. دژبەرییەکان لە زیهنی ئەودا زۆر جار گەورەتر و بەهێزترن لەو دژوارییانەی کە لە بنەڕەتدا لە ژیانی ئەوا بوونیان هەیە.

لە رێی راهێنەرییەوە تاک دەتوانێ باوەڕبەخۆبوونی زیاتر وەدەست بێنێ و هەستێکی تاکیی باشتریش وەرگرێ.ئەوەش دەبێ لە پلەی یەکەمدا خۆی بە بەرپرس بزانێ لەبەرانبەر بیرکردنەوە و بڕیارەکانی خۆیدا. هەندێک لە رێگەچارەکان دەتوانن ئەوە بن کە تاک بە ئاگاهییەوە بیر بکاتەوە و هەوڵ بدات زاڵ بێت بەسەر بیرە تێکدەرەکاندا.

پێشخستنی شێوەی بیرکردنەوە ، بەڕێوەبردنی زانستی لە خۆ ئەگرێ، بە واتایەکی دیکە یانی کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوەکانی خۆت. بەڕێوەبەریی زانستی بۆ نموونە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی شێوەیەک لە سەرکەوتن کە دەتوانێ بناغە دابنێ بۆ هەنگاوهەڵێنانێکی سەرکەوتووانە لەو بارودۆخەی کە مرۆڤی تێدایە. مۆدێلی سەرکەوتن لە روانگەی ئێمەوە مانای ئەوەیە بزانین کە شتەکان چۆن بەیەکەوە پێوەندییان هەیە و مرۆڤ چی بکات بۆ ئەوەی سەرکەتوو بێ.

پێشخستنی بوونایەتیی تاک ئەبێتە هۆی تەمرینکردن لەسەر ئەوەی کە لە بڕیاردانەکان کەڵک وەرگری. بڕیارەکان دەتوانن ئەوە بن ئامانجێک دیاری بکەی، بیبەیە پێش، وەڵام بدەیتەوە و کەسانی دیکە هان بدەی.

پێشخستنی بواری فێربوون ، زیاتر شارەزا بوون لە چۆنیەتیی فێربوون و دۆزینەوەی شێوەکاری نوێتر بۆ فێربوون، لە خۆ ئەگرێ. بیرکردنەوە، بوونایەتی و شێوەی فێربوون، زۆر نزیکن لە یەکدییەوە و ئەبێ ببنە بنەما بۆ کارەکان.

لە نوروێژیدا ووشەیەک نییە کە واتای دروستی ووشەی کەوچ (راهێنەر) بدات. ئێمە ئەم ووشانە بۆ ئەو دەستەواژەیە بەکار دێنین کە هەندێک لێیەوە نزیکن، وەک: هاوقسە، راهێنەر یان ووشەی ئیلهام بەخش کە ئەوانیش بە باشی ماناکەی ناگەیەنن.

١.٢ بۆ راهێنەری؟

مرۆڤ بە چەند هۆی جیاوازەوە بەردەوام حەزی لە راهێنانە کە گرنگترین هۆ بە لایەوە حەزی گۆڕانە.

لاورا ویسۆرس

گۆڕان یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانە لە سەردەمی ئێمەدا. لەم سەردەمەی ئێمەدا رۆژ لە دوای رۆژ کڕیاری خاوەن ئەزموونی زیاتر ، رکابەری بەهێزتر، تیکنولوژیی نوێ، مەرجی زیاتر لەسەر بوونی شارەزایی زیاتر و ئەرزشی نوێتر، رەبەڕوومان دەبنەوە. هاوکات شتەکان زوو روو دەدەن.

کات بووە بە یەکێک لە گرنگترین فاکتۆرە رکابەرە کان. لەبەر ئەوەشە کە زۆر کەس هەست بە گوشار و دڵەڕاوکێ دەکەن لەسەر کارەکانیان و هەندێکیش لەو نێوانەدا دەسووتێن. نەبوون لەسەرکار بە هۆی نەخۆشییەوە زیاتر لەوەیە کە چاوەڕوانکراوە. ئەو بارودۆخەی کە بەرپرسان و هاوکارەکان خۆیانی تێدا دەبیننەوە، ئەوە دەخوازێ کە فۆرمی بەڕێوەبەریی نوێ داڕێژرێ. لەو بەستێنەشدا ئامرازە گرنگەکان بریتین لە رێکخراوە ئاسۆییەکان، کاری تیمی ، نەرم بوون ، بەرەوپێشەوە بردن، خۆبەڕێوەبەری و خۆ بەهێزکردن. بەهێزکردن ئەوە لە خۆ دەگرێ یارمەتیی هاوکارەکانت بدەی بۆ ئەوەی باوەڕیان بەو کارە هەبێ کە ئەنجامی دەدەن، شارەزاییان ببەنە ئاستێک کە بتوانن ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، هەست بەوە بکەن کە ئەو شتەی دەیانەوێ ئەنجامی بدەن دەتوانن هەڵیبژێرن و ئەوەندە بەهێز ببن کە بتوانن کاریگەری دابنێن لەسەر ئەو ئاکامانەی ئورگانەکەیان وەدەستی دێنێ (سپرایتزێر ١٩٩٢)
لە رابردوودا هەلومەرجەکان تەقریبەن پێشبینی دەکران، گۆڕان بە خێرایی پێکنەدەهات، رادەی زانیاری کەمتر و هاوکارەکان شارەزایی کەمتریان هەبوو. لەم حاڵەتەدا ئورگان بە شێوەی بڕیاردانی بەرپرس و کۆنترۆڵکردنی ئاکامەکانی کاری ئورگان لە لایەن بەرپرسەوە، بەڕێوە دەچوو.

خێرایی پێکهاتنی گۆڕان و بوونی زانیاریی زۆرتر و بەرزتر لە رێکخراودا ، فۆرمی نوێ و بەڕێوەبەریی نوێی پێویستە. بەکارهێنانی کەوچین یان راهێنەر، دەتوانێ وەڵامێک بێ بۆ زۆربەی ئەو دژوارییانەی لەو پێوەندییانەدا، لە داهاتوودا بۆمان دێنە پێش.

لەگەڵ هەموو ئەمانەش هەر تاکێک، گوروپێک یان هەر رێکخراوێک کۆمەڵێک کارەسات و دژواریی دیاریکراویان هەر بۆ دێتە پێش.

پاڵەپەستۆی کات:

مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێ هەموو ئەو شتانەی کە دەیەوێ ، ئەنجامی بدات ، کاتی پێویستی لەبەر دەستدا نییە. زۆر کەس پێیانوایە کە ریزبەندیکردنی شتەکان لەهەر حاڵەتێکدا، ئەستەمە. زۆر جار ئاسان نییە کە گرنگترینەکان لە نێو گرنگەکاندا هەڵبژێری.

ئامانجە نادیارەکان و چاوەڕوانییەکان:

بەرپرسی یەکەم ئەوەندە شارەزا نییە کە چاوەڕوانیی روون و ویستی نوێ دروست بکات. لەگەڵ ئەوەش هەردەم وانییە کە ئەوەی بەرپرس دەیڵێ و ئەوەی کە بە کردەوە ئەنجامی دەدات، وەک یەک بن

نەبوونی وەڵامدانەوە:

بەرپرس لەوە دەترسێ کە ئەگەر بڕیار بەسەر کرێکارەکاندا بدات بۆ ئەوەی کارەکانیان بە باشی بکەن، لەوانەیە لێی برەنجێن و دواتر لە دژی بوەستنەوە. لێرەدایە کە ئەو بەرپرسە ئاگای لەوە نییە وەڵامدانەوە بە پرسەکان چەندە لە لای تاک کاریگەرە.

نەبوونی هاندان و دانپێدانان:

هاوکارەکان پێیانوایە ئەوان لە بۆشاییەکدا دەژین و بە زەحمەت دان بە کارەکانیاندا دەنرێ. ئەوەش ئەتوانی لە سنووری باوەڕ بە خۆ بوون و هەستە تاکییەکانیش تێپەڕێ.

نەبوونی هاوکاری لە پێوەندی لەگەڵ سنووری بەشەکان:

دەکرێ کە کاری بەشێک بە جودا زۆر بە باشی وەڵام بداتەوە، بەڵام هەر ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەو بەشە ئیتر تەنیا ببێ بە خۆی و بەس. ئەمە دەبێتە هۆی باشتر و کاراتربوونی بەشێک، بەڵام نابێتە هۆی دروستبوونی هاوکاری لە نێو هەموو رێکخراوەکەدا، بۆ نموونە هاوکاریی نێوان بەشی فرۆش و بەرهەمهێنان.

بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخانە کۆنترۆڵ بکەیت و دەرفەتەکانی خۆت سەربخەی ،دەبێ تاک سێ پرسیاری بنەڕەتی لە خۆی بکات: ١. من لە کوێم؟ ٢. چیم ئەوێ؟ ٣. چۆن بگەمە ئەو جێگەی کە دەمەوێ؟

تاک دەتوانێ وەک مرۆڤێکی بە پرسیار یان وەک مرۆڤێک کە لە حاڵی فێربووندایە چاوی لێبکرێ و هەردەم هەوڵ دەدات تێبگات لەو بارودۆخەی کە ئێستا ئەوی تێدایە، ئامادەکاری بکات بۆ ئەو بارودۆخەی کە ئەیەوێ پێی بگات ورێگەچارە و بڕیاری جیاجیا لێکبداتەوە.

مرۆڤ بەردەوام لە پرۆسەی فێربووندایە کە لەودا بە گوێرەی قۆناغێک کە تێیدایە و لە چوارچێوەی ئاڵۆگۆڕە بەردەوامەکانیدا، بە دوای ئەوەوەیە بە ئامانجەکانی بگات.

کەوچین دەتوانێ هاوکاریی مرۆڤ بکات بۆ ئەوەی سەرکەوێ لە فێربووندا و بەو ئاکامە دڵخوازانەی خۆی بگات.

تاک وەک یاریکەرێکی سەربەخۆ و چالاک لەبەرچاو ئەگیرێ کە هەوڵ دەدات لە رێگەی پرسیارکردن و فێربوونی پلە بە پلەوە دەرفەتەکان هەموار بکات و بە ئامانجەکانی خۆی بگات.

بوونی سەرنجی دروست لەهەر تاکێکدا نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو مرۆڤە فێر دەبێ. یەکێک لەو ئامرازە سەرەکییانە بۆ فێربوونیش کەوچین یان هەمان راهێنەرییە.

تاکێک دەتوانێ هەست بەوە بکات کە لەو ماوەیەدا کارەکان وەک پێویست ناچنە پێش، باوەڕبەخۆبوونی لاوازە، بێ هیوا دەبێ و لێدەگەڕێ هەموو ئەوانە لە سنووری ژیانی خێرانیش تێپەڕن. لێرەدایە کە کەوچین دەتوانێ یارمەتی بدات بۆ ئەوەی ئەو تاکە زاڵ بێ بە سەر کێشەکاندا و بەو شێوەیە بژی کە دەیەوێ. کەوچین یارمەتیی تاک دەدات بۆ ئەوەی بتوانێ ئامانج دیاری بکات بۆ خۆی، ریزبەندیی کاری داڕێژێ ، بڕیارەکانی جێبەجی بکات و بە ئامانج بگات. کەوچێن یان راهێنەری، تەنانەت دەتوانێ بەرپرسیش راوەستێنێ بۆ ئەوەی گوێ لە ناخی خۆی بگرێ و بە دوای ئەوەدا بگەڕێ کە بە راستی ئەیەوێ لە ژیاندا چی بەدەست بێنێ.

لێرنێر (٢٠٠١) پێشنیار دەکات کە بەرپرسانیش لە رێی باسکردن لەسەر گرنگترین دژواری و گەورەترین دەرفەتە کارییەکانیانەوە کەوچین تاقی بکەنەوە و بپرسن کە لە داهاتووی کارییاندا کام رێباز بەکار بێنن. ئەودەم بەرپرس هەست بەوە دەکات کە ئایا کەوچین بەکەڵکە یان نە.

راهێنەرێکی باش ئەو راهێنەرەیە وا بکات تاک بە خۆیدا بچێتەوە. راهێنەر ناتوانێ کێشەکانی تاک چارەسەر بکات، بەڵام دەتوانێ هانی بدات بەرەو داهاتوو بروانێ، ریزبەندی لە ژیانیدا دروست بکات، بڕیارەکانی خۆی جێبەجێ بکات و لە پرۆسەکە شت فیر ببێ. ژیان بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە.

ئەوەی کە مرۆڤ خۆی ئازار بدات لەسەر ئەو شتانەی کە لە رابردوودا روویان داوە، هیچ یارمەتییەک نادات. هەربۆیە پێویستە مرۆڤ دیسان هەر لەمڕۆوە بە لاپەڕەیەکی سپییەوە دەست پێبکاتەوە.

تاک پێویستە هەر ماوەیەک جارێک پێداچوونەوە بە ئامانجەکان و بەهاکانی خۆیدا بکات، باشتر کات کۆنترۆڵ بکات و بەرپرسایەتیی زیاتر وەئەستۆ بگرێ لە پێوەندی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی خۆیدا. هەروەها پێویستە تاک لە سەر دژوارییە روون و دیارەکانی تایبەت بە ژیانی خۆی، کار بکات.

بۆ نموونە دەکرێ وابێ کە کەسێکی فرۆشیار کورت مەودا بیر بکاتەوە و بەڵێنیی زۆریش بدات، ئەمەش دەتوانێ لە درێژخایەندا کێشەی زۆری بۆ دروست بکات.

١.٣ چۆن راهێنەری بکەی؟

ویز ۆرس م.ف.ل (١٩٩٨) پێیوایە مرۆڤ ئەوەندە سەرچاوەی توانایی تێدا هەیە کە بتوانێ دەرەقەدی دژوارییەکانی تایبەت بە ژیانی خۆی بێ.

مرۆڤ ئەبێ ئەرکی پێشخستنی خۆی وەئەستۆ بگرێ و هەر خۆشیەتی کە ئەبێ ئەو ئامرازانەی بۆ ئەو سەرکەوتنانەی پێویستن، هەڵبژیرێ. تاک خۆی پێشوەخت وەڵامەکە دەزانێ، یان ئەوەی کە دەتوانێ وەڵامەکە بەدەست بهێنێ ، بەڵام لەو پرۆسەیەدا ئەبێ هاوکاریی بکرێ. ئەگەرێکی سەرەکی هەیە کە ئێمە تەنیا دەتوانین هاوکاریی تاک بکەین بۆ ئەوەی بتوانێ هاوکاریی خۆی بکات (شەین ١٩٨٨). بۆ ئەوەی لەوەدا سەرکەوتوو بین پێوستە راهێنەر شارەزایی کردەیی هەبێ لە راهێنانی بەرپرس و هاوکارەکانیدا و هەروەها ئاشنایی هەبێ لەسەر ئەو شێوازانەی پێوەندییان بەوەوە هەیە کە ئەو راهێنانە چۆن ئەنجام بدرێ.

شێوەکاری ئێمە لە راهێناندا ئەبێ لەسەر ئەو بناغەیە بێ کە چ روانگەیەکمان لەسەر مرۆڤ هەیە.

روانگەی مرۆیی لە بەرنامەی راهێناندا لەسەر بناغەی ویستەکانی مرۆڤی فێرخواز، خشتەکانی دادەنرێ.

تاک یاریکەرێکی چالاکە کە بە سێ پرسیاری بناغەییەوە بەشداری لە راهێنان دەکات: من لە کوێم؟ چیم ئەوێ؟ چۆن دەتوانم بگەم بەو جێیەی کە مەبەستمە؟

ئەو خاڵە دڵخوازە سەرەکییانەی گرنگن بۆ راهێنان، ئەوانەن کە تاک بیر لەو سێ پرسیارە بکاتەوە یان ئەوەی کەیارمەتی بدرێ بۆ ئەوەی کە بیریان لێ بکاتەوە. کەوچێن لە ژیانی تایبەتیی تاک و راست لەوێوە کە ئەبێ تاک هەنگاو هەڵێنێتەوە، دەست پێدەکات.

مرۆڤی فێرخوار هەردەم بیر لەوە دەکاتەوە واتایەک بۆ ئەو بارودۆخەی کە تێیدایە بدۆزێتەوە، ئەیەوێ بزانێ بارودۆخی دڵخوازی ئەو دەبێ چۆن بێ و چ ستراتیژییەک لە پێش بگرێ بۆ ئەوەی بەوێ بگات. لە شێوەی کاری کەوچین دا ئەزموونەکان، شتە ئیدەئالەکان و ستراتیژییەکانی خودی تاک وەک بنەما کەڵکیان لێوەردەگیرێ. مرۆڤ لاپەڕەیەکی سپی نییە کە نەنووسرابی و هاوکات دەفرێکی خاڵیش نییە کە دەبێ پڕ بکرێ لە زانیاری. تاک لێرەدا بانگهێشت دەکرێ بۆ ئەوەی رۆڵی هەبێ لە پرۆسەی گۆڕاندا وهەروەها خاوەندارەتی لە شتەکان بکات بۆ ئەوەی رێگەچارە بدۆزێتەوە. دژوارییەکە لێرەدا فێربوونی مارپێچی یان فێربوونی بازنەییە کە ئەمانەش داهێنان، هاوکاریکردن و گەیشتن بە ئاکامی باش بە دوای خۆیاندا دێنن.

پێنج قۆناغ کە بنەڕەتین لە شێوەی کاری کەوچین دا:

١. بەهێزکردنی متمانە: بنەمایەک بۆ هاوکاریکردن دابڕێژە.
بەردی بناغەی هاوکاریی نێوان راهێنەر و بەرپرس ، متمانە و باوەڕبەیەکدی کردنە. بۆ تاقیکردنەوەی ئەوەش ئەوەندە بەسە کە وەکیەکی هەبێ لە نێوان گووتنی شتێک و ئەنجامدانی و چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئەو شتەی کە دەگوترێ.

٢.هەڵسەنگاندن: بارودۆخەکە هەڵسەنگێنە.

لە راهێناندا دەتوانین ئەوەی کە ئەرێنییە زیاتر بەهێزی بکەین و ئەوەش کە کەمتر ئەرێنییە ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێنین. ئێمە ئەبێ بارودۆخەکە وەک ئەوەی کە هەیە بناسین، بەربەستەکان دیاری بکەین و روون بێ بە لامانەوە ئەو دژوارییانەی کە لە پێشمانن، چین.

٣. ئامانج دیاریکردن: دروستکردنی ژیانێک لە باڵانسدا.

بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاریی مرۆڤێک بکەین، پێویستە بزانین ئەو کەسە ویستوویەتی بە چی بگات.

کەوچین دەتوانێ بچێتەوە بە هەموو بارودۆخەکانی ژیانی مرۆڤدا، هەم ژیانی کاری و هەم ژیانی تاکەکەسی. کەوچین بارودۆخێکی روونی هەیە. سەرەکیترین ئەرکی کەوچین یان راهێنەری ئەوەیە یارمەتیی مرۆڤ بدات بۆ ئەوەی ژیانێکی باش بژی. ئەوەی کە ژیانی باش بە لای کەسێکەوە چییە، ئەو کەسە خۆی بڕیار دەدات. مرۆڤ دەبێ تێگەیشتنی روون ، یان چاوەڕوانیی روونی هەبێ لەو رێگەیەی کە پێیدا تێدەپەڕێ، بەڵام ئەوەش دەکرێ کە رێگەکە کاتێک دروست ببێ کە کەسەکە پیایدا تێدەپەڕێ.

٤. کردەوە: داڕشتن و کردەی ستراتیژی:

فێفر و ساتن (٢٠٠٠) پێیانوایە بۆشاییەک هەیە لە نێوان زانین و ئەنجامداندا. لەوانەیە ئێمە خاوەن هێزی داڕشتنی تیئوری و خاوەن حەز و ویستی بەرز بین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لەوانەیە نەتوانین ئەو حەز و تواناییە بە ئەنجام بگەیەنین. لێرەدایە کە کەوچین لەبەردەم دژوارییەکی گەورەدایە. میتۆدی کاری کەوچین پرۆسەی فێربوونی هەنگاو بە هەنگاو لە خۆ ئەگرێ هەم بۆ راهێنەر و هەم بۆ ئەوەی رادەهێنرێ. ئەو رێبازە کارییە لە سەر بناغەی فێربوون لە رێی بەکردەیی کردنەوە ، دامەزراوە.

٥. بەدواداچوون: نرخاندن، وەڵامدانەوە و پاداش.

ئاکامەکان ئەبێ بە پێی روانگەی رەخنەگرانە لە ئامانجی وەدەستهاتوو، هەڵسەنگێندرێن. مرۆڤ لە چیدا سەرکەتوو دەبێ و لە چید سەرکەوتوو نابێ؟ بۆ سەرکەوتوو دەبی؟ بۆ سەرکەوتوو نابی؟ مرۆڤ دەتوانێ چی لەو پرۆسەیە فێر بێ و جاری داهاتوو دەبێ چ شتێک باشتر بکات؟

شێوەی کاری کەوچین قۆناغێکی تایبەت لە ریزبەندێکی دیاریکراودا لەبەر ناگرێ. وانییە کە سەرەتا متمانەی نێوان دوو ئەکتەرە بە یەکدی پتەو بکرێ و پاشان لێکدانەوە بنووسرێ و دواتر ئامانج دیاری بکرێ و... هتد. هەندێک جار لەوانەیە قۆناغەکان بکەونە سەر یەکدی و ئەکتەرەکانیش لە نێوان قۆناغەکاندا، لە هاتوچۆدا بن. بۆ نموونە، ئەوە زۆر باش دەبێ کە پێش لەوەی پرۆسەکە دەست پێدەکات، دوو لایەن متمانەیان بە یەکدی هەبێ، بەڵام متمانە لە رێی کردەوەوە دروست دەبێ کاتێ مرۆڤ بە هەندێک ئاکام دەگات و زۆر بە کەمی، پێشوەخت تەسلیم دەبێ.

دەتوانێ واشبێ کە کارکردن لە رێی نووسینی لێکدانەوەوە ببێتە هۆی ئەوەی کە یاریکەرەکان بکەونە حاڵەتی بەرگرییەوە یان هەندێک جاریش هەستیان بریندار ببێ. ئەمەش دەتوانێ پرۆسەیەکی باش رام بکات. لەهەندێک حاڵەتدا مرۆڤ هەوڵ دەدات لێکدانەوەی چۆنیەتی ئەنجامدانی کار، یان بە کار نەهێنێ یان بەسەریدا تێپەڕێ و زیاتر سەرنج بخاتە سەر دیاریکردنی ئامانجێک کە ئەو تاکە خۆی بەدڵیەتی.

لە ئەنجامدانی ئەو رەوشە دیاریکراوەدا راهێنەر، وەک ئامرازێک کەڵک لە خۆی وەردەگرێ بۆ ئەوەی یارمەتیی بەرپرسەکە بدات سەرکەوێ. بۆ ئەنجامی ئەو کارەش پێنج خاڵ هەن کە ئەبێ راهێنەر شارەزایان بێ:
_ پرسیاری پێوەندیدار بکات و زۆر بە باشیش گوێ بگرێ.
_ بژاردەی جێگرەوەی کردەوە پێشنیار بکات.
_ هاندەر بێ و بە دوای ئاکامەکاندا بچێ.
_ تێبینیی سازێنەری هەبێ.
_ لێبگەڕێ کە تاک لە ئەزموونەکانی خۆی فێر ببێ و دان بنێ بە توانییەکانی تاکدا.

گوێگرتنی چالاک بەو مانایەیە کە راهێنەر بە باشی گوێ دەگرێ بۆ تاک ، بە بێ ئەوەی بچێتە نێو قسەکانی یان ئەوەی کە پێشنیارێک بدات.

پۆینەکە لێرەدا ئەوەیە کە راهێنەر هاوکاری بکات بۆ ئەوەی تاک خۆی رێگەچارە ببینێتەوە یان ئەوەی کە وەڵام بدۆزێتەوە بۆ دژوارییەکانی سەر رێگەی خۆی. پاش ئەوەی راهێنەر گوێی گرت بۆ هەموو ئەو شتانەی تاک ویستوویەتی باسی بکات و دڵنیابوو لەوەی هەموو ئەو شتانەی پێویست بووە باسی کردوون، ئەودەم دەتوانێ هەموو ئەو شتانەی بیستوویەتی یان دیتوویەتی، باس بکاتەوە بۆ ئەو تاکە.

گوێگرتنی چالاک هەروەها ئەوەش لە خۆ دەگرێ کە راهێنەر هەندێک جار هەندێک پرسیار لە تاک بکات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بیرکردنەوە و بوونی خۆی روونتر بکاتەوە.

لە رێی یارمەتیدانی راهێنەرەوە کەسەکە دەتوانێ ئەو وەڵامانە یان ئەو رێگەچارانە بدۆزێتەوە کە بۆ ئەو باشترینن، واتە ئەگەری ئەوەی ئەوان بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و ئاکامە دیاریکراوەکان وەدەست بێن، زیاترە. بەرپرسان زۆر جار خۆیان وەڵامەکان دەزانن یان ئەوەی کە دەتوانن پەیدای بکەن.

بۆ جاری حەوتەم و کۆتایی، ئەوە خودی تاکە کە بڕیار دەدات چۆن بیر بکاتەوە و چۆن مامەڵە بکات. ( مانز و سیمس ٢٠٠١٢) .

رێگەیەکی دیاریکراو بوونی نییە. تاک دەبێ بیرۆکەکانی خۆی تاقی بکاتەوە و ئەزموونی تایبەت بە خۆی وەدەست بهێنێ. تاک دەتوانێ بارودۆخی تایبەت بە خۆی مانا بکاتەوە، دیسان ئامانج دیاری بکاتەوە و ئامرازی نوێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئەزموون بکات. ئەمەش دەتوانێ لە رێیەکەوە کە پێی دەڵێن لۆژیکی فێربوون، روو بدات کە لەودا مرۆڤ ئەوە تاقی دەکاتەوە وا باوەڕێ پێی هەیە و وەڵامی خۆی وەردەگرێ و لەو پرۆسەیەش فێر دەبێ. ژیان لە خودی خۆیدا پرۆسەیەکە بۆ فێربوون. راهێنەر و بەرپرس ئەبێ هەردووکیان چالاک بن و هاوکاریی یەکدی بکەن.

راهێنەر دەتوانێ لە رێی ئاخاوتن و پرسیارکردنەوە، کاریگەری لەسەر تاک دابنێ. راهێنەر ئازادی و یارمەتی دەبەخشی بە تاک، تا ئەو ئاستەی تاک بتوانێ بیرۆکە و باوەڕەکانی خۆی تاقی بکاتەوە و ئەزموونی تایبەت بە خۆی وەدەست بهێنێ.

راهێنەری واتە رەفتارکردن لە گەڵ خەڵک بەو شێوەیەی کە خۆمان دەمانەوێ خەڵکی دیکە لە گەڵمان رەفتار بکەن. ئەمەش لەگەڵ ئەو یاسا زێڕینەدا دێتەوە کە دەڵێ: دەرحەق بە خەڵک وا رەفتار بکە کە دەتەوێ خەڵک وا رەفتارت لەگەڵ بکەن. ئەو یاسایەش هەروەها دەتوانین لە هەموو دینەکانیشدا ببینین.

کەوچین یان راهێنەری لەبەرگری کۆمەڵە بنەمایەکی تەندروستی ئاوەزمەندانەیە لە سیستمی خۆیدا.

١.٤ چوارچێوەی بۆگەڕانەوە لە کەوچین دا

کەوچێن مۆدێلێکی گشتی بۆ پێشخستنی مرۆڤ پێشکەش دەکات. ئەو شێوەیەش لە چواربەش پێکدێ. زۆر رونتر، ئەو پرۆسەیە چوار بەشی جیاواز لە یەکدین کە پێوەندییەکی نزیکیان پێکەوە هەیە. ئەو چوار بەشانەش بریتین لە:
_ ژیانی تاکی
_ راهێنان
_ ژیان، کار یان کاتە ئازادەکان
_ ئاکام

لە بەشی تاکیدا، تاک هەوڵ دەدات وەڵام بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکان ببینێتەوە. ئەمەش لەوانەیە ئاکامەی ببێتە هۆی ئەوەی کە پێویست بە بڕیاردان بکات. کەواتە یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە کە لە وەها پرۆسەیەکی راهێناندا بی. لەو پرۆسەیەدا تاک هەوڵ دەدات بیرکردنەوەکانی، بوونایەتی و شێوەی فێربوونی خۆی پێش بخات.ئامرازەکانی ئەم قۆناغەش، شارەزاییەکان و میتۆدی پرۆسەی راهێنانن. ئەمەش دیسان لەسەر بناغەکانی کەوچین ، خشتەکانی دادەنرێ.

لە مەیدانی کار و جێگاکانی دیکەی لەو شێوەیە، ئەوە ئەرکی خودی تاکە بتوانێ هەنگاوەکانی خۆی بۆ پێشەوە هەڵێنێ ، ئیلهامی فێربوونی خۆی بەرزتر بکاتەوە و شارەزایی زیاتر وەدەست بخات بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەکەی. لە کۆتاییدا ئەوە هەڵدەسەنگێندرێ کە ئامانجەکان تا چەندە وەدیهاتوون.

ئەمەش لەو رێگەیەوە دەکرێ کە لە سۆنگەی نرخە کرداری و رەفیارییەکانەوە پرۆسەکە هەڵسەنگێندرێ.

مەیدانی راهێنان و مەیدانی کارکردن مەودایەکی زۆریان لە نێواندا نییە. لە گۆڕەپانی راهێناندا ئەوەی کە چی بکرێ و چۆن بکرێ، هەڵسەنگاندن و باسی لەسەر دەکرێ و لە مەیدانی کاریشدا ئەوەی باسی لەسەر کراوە دەخرێتە خانەی کردەوەوە و پاش ئەوە ئەزموونەکان دیسان دەهێنرێنەوە بۆ مەیدانی راهێنان. پاش ئەوەش باسی نوێتر و راهێنانی نوێتری لەسەر دەکرێ و هەمدیسان ئەم باس و راهێنانە نوێیانە لە مەیدانی کردەوەدا تاقی دەکرێنەوە.

ئەم هاوپێوەندییە نزیکەی نێوان مەیدانی راهێنان و مەیدانی کردەوە، وا دەکات ئەو دوو مەیدانە لەگەڵ ئەوەی کە پێکهاتەیان لە یەکدی جیاوازە ، لە بواری ئاماری پرۆسەییەوە وەسەر یەکدی بکەون.

١.٥ کورتەی پەرتووکەکە:

چۆن خەڵک فێر بکەین خەڵکی دیکە رابهێنن تا بتوانن لە ژیانیاندا سەرکەوتوو بن؟ لەسەر کاری راهێنان لێکۆڵینەوەی کەم کراوە و هاوکات نووسراوەیەکی روون و یەکدەنگ نییە کە هەموومان لەسەری هاوڕا بین. ئەوەی کە دەڵێن لە راهێناندا شارەزایی زیاتر بۆ خۆت مسۆگەر بکە ، واتای ئەوەیە کە سەفەر بکەی بە سەرزەوییە ناسراو و نەناسراوەکاندا.

بەشی دووەم: پلانی کار دابنێ: کام دژواری و دەرفەتەمان لە پێشە؟ کارەساتی سەرەکی لە رێبەری کردندا بۆشایی نێوان زانین و ئەنجامدانە. لەگەڵ ئەوەی کە زۆر شت دەزانین، ناتوانین بە کردەوە ئەنجامی بدەین.

ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە زۆر کۆبوونەوە بگرین و زۆر باسیش بکەین، بەڵام دەستکەوتی ئەو هەموو کۆبوونەوە و قسەکردنانە زۆر کەم بێ. هەندێک لەو شتانە دەتوانن پێوەندییان بە بارهێنانی سەرۆک یان رێبەرەوە هەبێ.

نییەتەکان باشن، بەڵام ئاکامەکان دیار نین. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بن کە ئێمە فۆرمێکی هەڵە لە بواری پەروەردەدا بەکار دێنین.

بەشی سێیەم: شێوەکانی رێبەری: ئەو شێوە رێبەرییە کۆنانەی کە سەرکەوتوو بوون، کامانەن؟ تیئۆریی رێبەریی بە شێوەیەکی بەربڵاو وابووە کە چۆن مرۆڤ بتوانێ خەڵک کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی بە ئامانجە دیاریکراوەکانی رێکخراو بگات. لە بناغەدا مرۆڤیان وەک ماشین لەقەڵەم دەدا. بەوەوە سەرقاڵ بوون کە چۆن رەفتارەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی بتوانێ بە شێوەیەکی کاریگەرتر کار بکات. هەموو بیرەکان لە لای رێبەر بوو و مرۆڤەکانی ژێر دەستی ئەو تەنیا ئەرکی ئەوەیان هەبوو لە چوارچێوەی ئەو سیستمەدا کار بکەن کە رێبەر یان سەرۆکەکەیان دایڕشتبوو.

لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، زۆر پێشکەوتنی جێی سەرنج رویانداوە، واتە قۆناغەکان لە کۆنترۆڵکردنی هاوکارەوە ، گۆڕاوە بۆ ئازادی بۆ هاوکارەکان.

پێشتر هەروەها ئاوا بوو کە هەموو وەڵامەکان لە لای شەخسی رێبەر بوون ، بەڵام ئیستا وەڵام لە لای هاوکارەکانە. لە بەشی سێیەمی ئەم پەرتووکەدا ئێمە دەچینە سەر باسی پێشکەوتنە سەرەکییەکان، لە تایلر و شینتێفیک ماناگمێنت ەوە بگرە تا تیئۆرییە نوێیەکان. ئێمە پیشانی دەدەین کە کەوچین پێشکەوتنێکی سروشتییە لە درێژەی ئەو پێشکەوتنانەدا.

بەشی چوارەم: شێوەکانی راهێنان: راهێنانە نوێیەکان چین شێوە سەرکەوتووەکان؟

هاوڕاییەکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە یاریچییانی تۆپی پێ و ئەستێرەکانی یاریکردن بە شێوەیەکی گشتی، پێویستییان بە راهێنەر هەیە بۆ ئەوەی زۆر باش بن. ئایا سەرۆک یان بەرپرسەکانیش، راهێنەریان دەوێ؟

بە تیشک خستنە سەر بیری پێشخستنی بەڕێوەبەر یان سەرۆکەکان، باسەکان زیاتر باس لەسەر نێوەڕۆکن. بە واتایەکی دیکە، ئەوان ئەبێ چی فێر بن؟ لەو پێوەندییەدا لە پرۆسەی راهێناندا زیاتر پێداگری لەسەر جۆری راهێنانەکە دەکرێتەوە، واتە مەبەست لەو میتۆدەیە کە بۆ ئەو کارە کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

گەر پرۆسەی فێربوونەکە هەندێک رەنگدانەوەی وەک ئاڵۆگۆڕ لە شێوەی بیرکردنەوە و شێوەی بووندا دروست کرد، دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ ئەوەی لەگەڵ یارکەرێکی رەخنەگر و بەڵگەهێنەردا بچیتە دیالۆگەوە. ئەرکی ئەکتەری ئەو پرۆسەیە ئەوەیە پرسیار بکات، وەڵامی بەرانبەرەکەی بداتەوە، لەگەڵ پرۆسەی بڕیارداندا روبەڕوو ببێتەوە و دانپێدانانی هەبێ.

بەشی پێنجەم: کەوچین : بژاردە سەرکەوتووەکان.

کەوچین یان راهێنەری، بە چەند شێوە دەتوانرێ ئەنجام بدرێ. جیاوازی هەیە لە نێوان راهێنانەکانی تایبەت بە ژیانی تاکی و بەڕێوەبەری و تیمیدا. راهێنانی تیمی، کە لەودا بەشدارەکان راهێنان بە یەکدی دەکەن، بژاردەیەکی سەرنجڕاکێشە کە دەتوانێ جێگرەوەی شێوە راهێنانی کڵێشەیی بارهێنانی بەڕێوەبەر بێ. ئامانجی سەرەکیی ئەم پەرتووکە تایبەتە بە بارهێنانی بەڕێوەبەر، بەرپرس یان رێبەر.

بەشی شەشەم: بناغەی راهێنەری: چ شتێک بناغەیە بۆ سەرکەوتن؟
روانگەکانی ئێمە لەسەر مرۆڤ، تا ئاستێکی زۆربەڕێوەبەری بیرۆکەکانی ئێمەن کە چی بکەین بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان دروست بکەین. بیرکردنەوە بناغەیەیە بۆ هەنگاوهەڵێنانەوە. تا چ ئاستێک مرۆڤ لە لایەن هێزگەلێکی دەرەوەی خۆیەوە بەڕێوە دەچێ و تا چ ئاستێک ئازادیی هەڵبژاردنی هەیە؟ دوو مۆدێل لەم بابەتەدا سەرەکین: لایەنی رەفتاری و لایەنی دیاردەیی.

بەشی حەوتەم: شێوەکانی راهێنەری: سیستمی چالاکی لە پێناو سەرکەوتندا.
گۆتە پێیوایە ئێمە تەنیا لەو کەسانەوە فێر دەبین کە خۆشمان دەوێن. بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاریی یەکدی بکەین ئەبێ هەندێک باوەڕی دوو لایەنە هەبێ. ئەو کاتەیە کە دەبین بزانین لە چ بارودۆخێکداین، چ ئامانج و باوەڕێکمان هەیە، کام ستراتیژی دادەڕێژین بۆ ئەوەی بەو ئامانجە بگەین، چۆن بتوانین ئەو ستراتیژییە ئەنجام بدەین و چۆن دەتوانین پرۆسەکە هەڵسەنگێنین و لێی فێر بین.

بەشی هەشتەم: شارەزاییەکانی راهێنەری: کردە تاکییەکان بۆ وەدەستهێنانی سەرکەوتن.

لە راهێنەریدا بوونی هەندێک شارەزایی، زۆر سەرەکین. ئەوەش واتە، بۆ نموونە پرسیاری گرنگ بکەی، وەڵامی بژاردەیی بدەیەوە، هەوڵ بدەی بە کردەوە هەنگاو هەڵێنی، وەڵامدانەوەت و پاداشت هەبێ بۆ بەرانبەرەکەت.

بەشی نۆیەم تا یازدەهەم: چۆنایەتییەکانی راهێنەری:
هەر ئەوەندە بەس نییە کە راهێنەر شارەزایی کڵێشەیی هەیە. بۆ ئەوەی راهێنەر سەرکەوتوو بێ، ئەبێ هەندێک لایەنی چۆنایەتیی مرۆیی هەبێ. بۆ نموونە ئەبێ راهێنەر هەندێک هەستی هۆشیی هەبێ و خاوەن توانایی خۆبەڕێوەبەری و رێبەریی باڵا بێ. چۆنایەتیی راهێنەری پێوەندیی هەیە بە شارەزاییەوە، بەڵام هاوکات دەتوانێ خاوەن سەرنجی تایبەتیش بێت.

بەشی دوازدە: راهێنەریی بە کردەوە: چۆن سەردەکەوی و چۆن سەرناکەوی؟

زۆر بە ئاسانی دەتوانی لە راهێنەریدا تووشی هەڵەی سەرەتایی ببی. گەر بزانین کەندوکۆسپەکان لە کوێن ئەوە دەتوانین لێیان دوور بکەوینەوە. هەروەها گەر بزانین کە خاڵە بەهێزەکانمان چین، ئەوە دەتوانین بەهێزتریان بکەین.

بەشی سیازدە: بە کورتی:

تاک دێتە گۆڕەپانی راهێنانەوە بۆ ئەوەی بتوانێ لەسەر شتێک بڕیار بدات. ویستی تاک لە نێوان کاتی ئێستای ئەو تاکە و ئەو قۆناغەیە کە هەوڵ دەدات پێی بگات. بە کەڵکوەرگرتن لە میتۆدی راهێنەری و شارەزایی بواری راهێنەری، تاک دەتوانێ شێوەی بیرکردنەوەکانی خۆی، بوونایەتیی خۆی و شێوەی فێربوونی خۆی، پێشبخات. ئەمەش دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەو تاکە ئامانجەکانی خۆی بە کردەیی بکات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.