کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ نۆیەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات + وتووێژ

14:51 - 21 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: ٩ ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکیەتیی خوێندکاران وەکوو یەکەمین دامەزراوەی خوێندکاریی کوردستان لەم وتووێژەدا تاوتوێ کراوە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٣ی رێبەندانی ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی خوێندکاریی کورد لە دەروەی وڵات و ناوخۆی وڵات، دامەزرا. مەبەست لە دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکاران، بە ئۆرگانیزاسیۆن کردنی خەبات و چالاکیی خوێندکارانی کورد لە زانستگەکانی کوردستان و ئێران بوو، چونکە هەتا ئەو کات خوێندکاران بە شێوەیەکی پەرتەوازە و بێ پلان و بێ رێکخراو چالاکیان دەکرد و لە چوارچێوەی گوتارێکی تایبەتی کوردی و نەتەوەییدا کارییان نەدەکرد و ئەگەرچی کار و کردەوەکانیان بۆ خزمەت بە ئازادیخوازی و نەتەوەخوازیی کورد بوو.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وڵامدانەوەیەک بوو بەو پێویستیە مێژوویی‌یە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا توانیویەتی بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی گوتاری بزووتنەوەی خوێندکاری وەکوو گوتارێکی نەتەوەیی پەرە پێ بدات.

یەکیەتیی خوێندکاران رێکخراوێکی دێموکراتیک و باوەڕمەند بە بنەماکانی دێموکراسی کۆمەڵگا دایە و بڕوای به دێموکراسیی نێو رێکخراوەیی هەیە و هەر بۆیەش هەتا ئێستا ٤ کۆنگرەی خۆی بەڕێوە بردووە. کۆنگرە باڵاترین ئۆرگانی ئەم رێکخراوەیە و بەگشتی لەم رێکخراوەدا کارەکان بە شێوەی هاوبەش ئەنجام دەدرێت و بەڕێوەبەرییەکەشی دەستە جەمعییە و تاکڕەوی مەحکوومە.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات پاش دامەزران، بۆ یەکەم جار لە رێکەوتی ٢٧ هەتا ٢٩ی رەشەمەی ساڵی ١٣٨٦دا کۆنگرەی بەست و لەو کۆنگرەیەدا کەریم پەرویزی، وەکوو یەکەم سکرتێری ئەو رێکخراوە هەڵبژێردرا.

دواتر ناسر ساڵحی ئەسڵ لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئەو یەکیەتییەوە وەکوو سکرتێری هەڵبژێردرا.

7814.jpg


پاشان لە رێکەوتی ٢٧ هەتا ٢٩ی رەشەمەی ساڵی ١٣٨٨، یەکیەتیی خوێندکاران دووهەمین کۆنگرەی خۆی بەست و لەو کۆنگرەیەدا سەلام ئیسماعیل‌پوور بوو بە سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان ئێران کە تا ئێستاش ئەندامێکی جالاکای ئەو یەکیەتییەیە.

دواتر لە ٦ هەتا ٨ی رێبەندانی ساڵەکانی ١٣٩٠ و ١٣٩٢ی هەتاوی کۆنگرەی سێهەم و چوارەم یەکیەتیی خوێندکاران بەسترا و لەو دوو کۆنگرەیەدا کەیهان یووسفی وەکوو سکرتێری ئەو یەکیەتییە هەڵبژێردرا.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بۆ زیاتر تاوتوێ‌کردنی باسە پێوەندیدارەکان بە یەکیەتیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بیرۆکەی دامەزراندنی ئەو یەکیەتییە و هتد ... لەگەڵ کەریم پەرویزی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەی ئەو یەکیەتییە و هەروەها بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی هەنووکەیی و بەرنامە و پڕۆگرامی ئەو یەکیەتییە بۆ داهاتوو وتووێژێکی لەگەڵ کەیهان یووسفی سکرتێری ئێستای ئەو یەکیەتییە پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

7812.jpg
کەیهان یووسفی سکرتێری خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران


کوردستان میدیا: دۆخی هەنووکەیی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران و بە تایبەتی خوێندکارانی کورد، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کەیهان یووسفی: بزووتنەوی خوێندکاری بە گشتی لە ئێران دوای هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانی پێی ناوەتە نێو فازێکی تایبەت‌ترەوە. دەتوانین ئەو ئیدیعایە بکەین کە بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی سەرکۆماری ئەحمەدی‌نژاد کرانەوەیەکی لانی‌کەمی هاتۆتە ئاراوە. وزەیەک لە نێو خوێندکاران و چالاکانی خوێندکاریدا دەبینرێت و هەوڵەکان زۆرتر بووە. یەکەم هەنگاوی چالاکانی خوێندکاری لابردنی سەرۆکی بەشێک لە زانستگەکان بوو کە لەلایەن ئەحمەدی‌نژادەوە ئەو کات دانرا بوون و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی توانییان لە هێندێک زانستگەدا سەرکەوتن بە دەست بێنن. بەڵام دۆسیەکە بۆ کوردستان دیسانەوە جیاوازترە. فەزاکە لە کوردستان بەستراەوە‌تر لە بەشەکانی دیکەی ئێرانە و ئەمەش بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی ئەمنیەتیی دەسەڵات بۆ سەر کوردستان و لەم ماوە زەمەنییە کەمەی کە رۆحانی هاتۆتە سەر کار ئێمە شاهیدی دەسبەسەرکرانی چەند چالاکێکی خوێندکاریی کورد بووین و بە تایبەت چالاکانی خوێندکاری مەریوان.

کوردستان میدیا: ئایا ئێوە وەکوو یەکیەتیی خوێندکاران هیچ بەرنامەیەکتان بۆ پرسی بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد و بووژانەوەی سەر لە نوێی ئەو بزاڤە هەیە، بەو پێیە کەلە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیدا هەر بزووتنەوەیەک سەرکوت کراوە و دەکرێ؟

کەیهان یووسفی: یەکیەتیی خوێندکاران ئامانجی سەرەکیی بە هێزکردن و پەرەپێدانی گوتاری نەتەوەیی کوردییە لە نێو خوێندکارانی کورد و لە زانستگەکانی ئێران و کوردستاندا بە تایبەتی.

کارەکەش دژوار و کات بەرە هەروەک ئاماژەتان بە سەرکوتی ئەم بزووتنەوانە کردووە لە ئێراندا. بەڵام بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد و یەکیەتیی خوێندکارانیش وەکوو بەشێک لەم پێکهاتە ئامانجی دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگای کوردستان و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بێ‌گومان ئاگایی بە خشین و بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاریی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان و خوێندکارانی کورد، ئەرکی سەرەکی و بنەمای سەرەکیی پلانی یەکیەتیی خوێندکاران لەخۆ دەگرێت.

کوردستان میدیا: ئێوە وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە نێوان بزووتنەوەی خوێندکاری بەو پێیە کە دەتوانین ئەو بزووتنەوەیە بە جۆرێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دابنێین، چ پێوەندییەک لە نێوان بزووتنەوەی خوێندکاریی و بزووتنەوەی نەتەوەییدا دەبینن؟ ئایا ئێوە بەشێک لە کار و چالاکییەکانتان بۆ دەستەبەربوونی مافە نەتەوایەتییەکانه، یان تەنیا گرینگی بە پرسە پێوەندیدارەکانی خوێندکاران دەدەن؟
کەیهان یووسفی: بێ‌گومان هەروەک لە پرسیاری سەرەوەش باسمان کرد، پرسەکان لە وڵاتێکی دێکتاتۆر لێدراو و تۆتالیتری وەکوو ئێراندا تێک تەنراون.

بۆ چالاکێکی خوێندکاریی کورد، یان بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی بێ‌گومان پرسی نەتەوەیی پرسێکی گرنگ و لە ئەولەویەت دایە، بۆ؟ چونکە کوردبوون، یان پاشگری کورد بە شوناسی ئەم تاکانە، یان بزووتنەوە بە ئەژمار دێت و هەر بۆیەش بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی وەکوو خوێندکاران لە کەش و فەزایەک وەکوو ئێراندا ئاقارێکی سیاسی دەگرێت و ویست و داخوازیی سیاسی ئەم بزووتنەوەش ئەگەر بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی خواست و داخوازییە سیاسییەکە دەبێت خواستێکی نەتەوەیی و پێوەندییەکی دوولایەنە و گرێدراوییان هەیە.

کوردستان میدیا: چ بەرنامەیەکتان بۆ داهاتووی بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد بە گشتی و بەرەوپێش بردنی کار و چالاکییەکانی یەکیەتیی خوێندکاران هەیە، بەو پێیە کە ئێوە ئێستا لە کوردستانی ئێراندا نین؟

کەیهان یووسفی: بەشێک لە پلان و بەرنامەکانمان لە سەرەوەدا ئاماژە پێدا، بەڵام ئێمە بەستەری چالاکیی خۆمان لە نێوخۆی ئێران و بە تایبەت کوردستاندا دەزانین. پلانی سەرەکیمان بۆ داهاتوو بە هێزکردنی رێکخستنەکانمان لە نێوخۆی وڵاتە، چونکە چەکی سەرەکیی ئێمە بۆ بەرەوپێش بردنی بەرنامەکانمان لە نێوخۆی وڵات رێکخستنەکانمانن. بێ گومان هێزی سەرەکیی ئێمە لە نێوخۆی کوردستان و لە نێو زانستگەکانی ئێران و کوردستانن و داهاتووش ئەو قورساییە زۆرتر روون دەکاتەوە.

7813.jpg
کەریم پەرویزی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران


کوردستان میدیا: ئێوە وەکوو یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بیرۆکەی دامەزراندنی یەکیەتیەتییەک وەکوو خوێندکاران، سەبارەت بە پرسی خوێندکارانی کورد بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
کەریم پەرویزی: ئێمە ساڵانێک و دەورانێک لە دانشگاکانی ئێراندا دەرسمان دەخوێند، لە نێو کەش و هەوای خوێندکاریدا، بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێراندا لە ساڵەکانی دەیەی هەفتاوە سەری هەڵدابوو و جموجۆڵی و چالاکییەکانی زۆر ببوو، خوێندکارانی کوردیش لەو دەیەیەدا چالاکییان زۆر بوو و وردەوردە بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردیش خەریکی پەرەسەندن بوو.

ئەوەی کە خوێندکارانی کورد هەستیان پێ دەکرد و پێویستییەک بوو، ئەوەبوو کە رێکخستنێک بۆ بزووتنەوەکە هەست پێ دەکرێت و پێویست بوو کە رێکخستنێک هەبێت و ئەو خوێندکارانە لە دەوری رێکخراوێک و ئۆرگانیزاسیۆنێک کۆ بکرێنەوە.

ئەوە دەتوانین بگەڕنینەوە بۆ سەرەتاکانی سەرهەڵدانی پێویستییەکی ئۆرگانیزاسیۆن لە نێو بزاڤی خوێندکاریی کوردیدا کە لەوێوە هەندێک هەوڵ درا کە ئەو ئۆرگانیزاسیۆن و رێکخستنانە دروست بکرێت و بیرۆکەی دامەزراندنی یەکیەتیی خوێندکاران لەوێوە سەری هەڵدا و دوایەش ئێمە وەکوو دەستەی دامەزرێنەری یەکیەتیی خوێندکاران لەسەر بنەمای هەمان بیرۆکە و لە سەر ئەساسی هەمان هەست بە پێویستیی مێژوویی بۆ ئۆرگانیزاسیۆنێکی خوێندکاری، لە دەوری یەک کۆ بووینەوە و هەوڵمان دا کە رێکخراوێکی خوێندکاریی بۆ بزاڤی خوێندکارانی کورد دابمەزرێنین.

کوردستان میدیا: بیری دامەزراندنی یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان ئێران، لە لایەن چ کەس، یان کەسانێکەوە هاتە ئاراوە؟

کەریم پەرویزی: ئەوەی لە نێو زانستگاکاندا، لە دەورانی چالاکی خوێندکاریدا باس دەکرا، زۆربەی زانستگاکان و زۆربەی خوێندکارانی کورد لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە رێکخراوێکی لەو بابەتە دابمەزرێنن، بەڵام ئەوەی کە یەکیەتیی خوێندکاران دامەزرا و بوو بە یەکەم رێکخراوی خوێندکاریی لە نێو خوێندکارانی کورددا، ژمارەیەک لە دۆستان و تێکۆشەرانی خوێندکاریی بوون کە بە دەوری یەکەوە کۆ بووینەوە و لە قۆناغەکانی دواییدا یەکترمان بینییەوە، بە تایبەت لەوانەش دەتوانین ئاماژە بە کەسانێکی وەکوو کاک عێرفان رەهنموون، کاک شاهۆ فەرازمەند، کاک رامبۆد لوتف‌پووری، کاک هەژار رەحیمی و خاتوو فاتمه عوسمانی بکەین. بەڵام زۆرتر سێ چوار کەسێکمان پێکەوە قسەمان دەکرد و زۆرتر راوێژمان دەکرد کە هەوڵ بدەین ئەو رێکخراوە دروست بکەین و بیرۆکەکەی لەلایەن ئەو چەند کەسەوە کە منیش لە خزمەتیاندا بووم هاتە ئاراوە و پێکەوە کارمان کرد بۆ دامەزراندنی وەها رێکخراوێک.

کوردستان میدیا: بە پێی ئەو پێویستییەی کە هەر کۆمەڵگایەک بە نیسبەت بزووتنەوەی خوێندکارییەوە هەست پێ دەکرێت، بۆچی ئەم یەکیەتییە زووتر دانەمەزراوە؟

کەریم پەرویزی: هەر شتێک، هەر دیاردەیەک دەبات هەتا دەگاتێ و کاتی دەوێت هەتا دەگاتە مەرحەلەی عەمەڵ، هەر زەینییەتێک و هەر شتێک لە فیکر و لە ئیدەوە هەست بە پێویستییەکەی دەکرێت هەتا دەگاتە مەرحەلەی عەمەڵ و عەینییەت کات دەبات، رێکخراوی خوێندکاریی کوردیش وەها شتێک بوو، لە پێویستییەکی مێژوویی‌یە لە پێویستییەکی ئیدەیی و زەینی لە نێو خوێندکاری کوردەوە هەتا گەییشتە مەرحەلەی عەمەڵ و دروستبوونی رێکخستنەکە کاتی برد و هەوڵێکی زۆری بۆ درا هەتا جێ‌بەجێ بوو.

لە مەرحەلەی عەمەڵدا کۆکردنەوەی چەند کەسێک لە دەوری یەک، کۆکردنەوەی ئیدەکان لە دەوری یەک و تێگەیشتن کە ئیدەکان بۆ کوێ دەڕۆن و دەتەوێ چی بکەیت، بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنەکەی کارێکی زەحمەت و قورسە، بۆیه دەبینین کە چەند ساڵێکی برد هەتا لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٣٨٣ هەتاویدا گەیشت بە ئاکام و ئەو رێکخراوە دامەزرا.

کوردستان میدیا: ئایا پێش لەوەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات دابمەزرێت هیچ رێکخراوەیەک بۆ سازماندهی بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد لە کوردستانی ئێراندا هەبوو؟

کەریم پەرویزی: لە نێو بزووتنەوەی خوێندکاریی کورددا لە کوردستانی ئێران یەکەم سازماندهی سەرتاسەری خوێندکاریی بوو، پێشتر لە نێو زانکۆکان کۆڕێکی چکۆلانەی یەک زانستگایی، ئەنجومەنێکی تایبەت بە یەک دوو زانستگا یان مەجمووعەیەک کۆلیژ پێکەوە، شتگەلێکی ناوچەیی هەبوون بەڵام وەکوو رێکخراوێکی سازماندەری بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد نەبوون، ئەوانە زۆرتر کاروبار و چالاکییەکانیان ئەدەبی، هونەری و ئەو شتانە بوون کەلە نێو زانستگایەکدا لە دەوری گۆڤارێک کۆ دەبوونەوە، یان بە دەوری ئەنجومەنێک کۆ دەبوونەوە، بەڵام وەکوو کاری بزووتنەوەی خوێندکاریی سەرتاسەری کە هەموو شتەکان بگرێتەوە لە سەرتاسەری کوردستانی ئێراندا، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکەم رێکخراو بوو.
کوردستان میدیا: پێوەندی، یان جیاوازیی بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد و بزووتنەوەی سەرانسەریی خوێندکاری چییە؟

کەریم پەرویزی: ئەو کات چ لە سەرەتای دامەزراندنیەوە و چ لە ساڵانی دواییشدا کە من کەم تا کورتێک لە دوورەوە ئاگاداری چالاکییەکانی یەکیەتیی خوێندکاران بووم کە ئێستا چەند ساڵێکە تێیدا نەماوم دەمازنی کە ئەو کات ئێمە بووین و دواتریش هەوڵ دەدرا کە لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری رێکخراوەکان پێوەندی بگیرێت. بەڵام لە ژێر دۆخی ئەمنیەتی و ئەو کەش و هەوای ئەمنیەتی و گوشاری ئەمنیەتیانەدا کە لەسەر بزووتنەوەی خوێندکاری سەرتاسەری و بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی هەبوو ئەو پێوەندییانە زۆر چڕوپڕ نەدەبووە دەبینی کێشەی ئەمنیەتی هەم بۆ بزوتنەوەی خوێندکاری سەرتاسەری پێک دەهات و هەم بۆ خوێندکاران و چالاکانی کورد بۆیە ئەم پێوەندییە زۆر قورس و قایم نەدەبۆوە بگاتە ئاستێکی زۆر بەرەو پێشەوە کە بەداخەوە لە ساڵانی دواییشدا کە ئەسلەن ئەوەندە گوشاریان بۆسەر چالاکانی خوێندکاری هێنا رێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەموو چالاکی و جموجۆڵێکی خوێندکاری زۆری لە کزی داوە نەک لە ئاستی پێوەندیدا لە ئاستی هەموو چالاکییەکدا لە کزی داوە چونکە هەزینەیەکی یەکجار زۆر دەخەنە سەر شانی خوێندکاران.

کوردستان میدیا: دامەزراندنی ئەو یەکیەتییە توانیی ئەو ئامانجانە و ئەو بیرۆکانەی ئێوە هەتانبوو وەکوو دەستەی دامەزرێنەری ئەو یەکیەتییە بێنێتە دی و ئەو بۆشایی‌یە‌ی لە سازماندهی بزووتنەوەی خوێندکاری کورددا هەست پێ دەکرا پڕ بکاتەوە؟

کەریم پەرویزی: ئەوەی کە تۆ ئیدەیەکت هەیە، ئیدەئاڵێکت هەیە، زەینییەتێکت هەیە کە دەتهەوێ بەو شتە بگەی لەگەڵ ئەوەی کەلە قۆناخی یەکەمدا چ شتێک دێتە پێش دوو شتی زۆر لێک جیاوازە کە تۆ باس لە ئیدەیەک دەکەیت کە خوێندکارانی کورد لە بەستێنێکی خوێندکاری و بزاڤێکی خوێندکاری کوردیدا رێکخستنێکی سەرتاسەریان هەبێت و ئەم بزاڤە لەم قۆناخە ببەن بۆ قۆناخێکی‌تر و هیدایەتی بیر و ئەندێشە و چالاکی خوێندکاری بکات بۆ مەبەستێکی ئەو لە ئاستی زەین و ئیدەدا، وایە، بەڵام لە ئاست کردەوەدا ئەوەندە گرفت و کەند و کۆسپ لەسەر رێگا هەیە کە زۆر بە زەحمەت دەتوانی هەنگاو بە هەنگاو، هەنگاوی چکۆلە بگریتە بەر و بچیتە پێشەوە یەکیەتیی خوێندکارانیش هەر لەو هەنگاوە چکۆلانەدا دەستی پێکرد وە ئێستاش لەسەر ئەو هەنگاوانە بەردەوامە کە دەتوانم وڵامێکی روون بدەمەوە لە ئاستی ئیدەکانی ئێمەدا نەیتوانی چونکە گوتم کەند و کۆسپەکان یەکجار زۆرن، بەڵام وەکوو هەنگاوە عەمەڵییەکان وەکوو مێژوو هەنگاوێکی گەورە و گرینگ بوو کە کاریگەریی هەبوو و لە داهاتووشدا کاریگەری زۆرتر دەبێت.

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکرات لە کار و چالاکی و بڕیاردان و کاری نێوان ئۆرگانی خۆیدا سەربەخۆیه؟

کەریم پەرویزی: یەکییەتی خوێندکاران رێکخراوێکی حیزبی نییە چاولێ بکە حیزب وەکوو هەموو حیزبێک، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو هەموو حیزبێک مافی ئەوەی هەیە کە رێکخراوی خۆی سازماندەهی خۆی لە نێو هەموو چین و توێژێکدا بکات تا سازماندەهیی سینفی بکات سازماندەهی خوێندکاران، ژنان ئەوانە پێی دەڵێن رێکخراو یا سازمانە حیزبییەکان لە نێو چین و توێژدا یەکیەتیی خوێندکار وانییە بڵێی سازماندهی حیزبی دێموکراتە لە نێو خوێندکاراندا بەڵکوو رێکخراوێکی یان NGO یەکە کەلە نێو ئەو خوێندکارانەدا لەو چین و توێژەدا پێکهاتووە، بەڵام لە باری ئیدە و سیاسەت و جیهان‌بینی و داهاتوو بینییەوە لەگەڵ حیزبی دێموکراتدا نزیکە ئەوە پێوەندییەکی بەو شێوەیەیی و ئیدە و سیاسەتە و لەم جۆرە شتانە هەیە ئێستا رەنگە زۆربەی ئەندامەکانیشی مەیلیان لە لای حیزبی دێموکرات هەبێ، یان نا، بەڵام وەکوو رێکخراو رێکخراوێکی نێو ئۆرگانیزاسیۆنی حیزبی دێموکرات نییە بۆیە لەباری سازماندهی دەروونی ئۆرگانیزاسیۆنی خۆیاندا رێکخراوێکی جیاوازە لە حیزبی دێموکراتەوە جیاوازیش عەمەڵ دەکا وە ئەوەندەی کە منیش تێیدا بووم لە بەرپرسیایەتیدا هەبووم و لە نێو دامەزرێنەرانی و بەڕێوبەرانی ئەو خوێندکارەدا بووم کامڵەن دەستی ئاوەڵا بوو بۆ کارکردن و جیا له حیزبی دێموکرات کاری دەکرد نەک وەکوو بەشێک لە حیزبی دێموکرات بێت و ئەمانە ئێستاش هەر وایە و ئەسلەن حیزبی دێموکرات ئەو جۆرە روانینەی بۆ رێکخراوە NGOیەکان نییە دەستیان بەسەردا بگرێت و بیانکا بە بەشێک لە خۆی بەڵکوو حیزبی دێموکرات وەکوو حیزبێکی دێموکرات بیر لەوە دەکاتەوە کۆمەڵگایەکەی لە نێو هەموو چین و توێژەکان سازماندەهی ئۆرگانیزاسیۆنی خۆیان هەبێت کە بتوانن قسەی خۆیان هەبێت و بکەن بەو شێوە قسە کردن و بەو شێوە رێکخستنەی خۆیان لە نێو چین وتوێژەکاندا زۆرتریش یارمەتی بە ئیدەکانی حیزبی دێموکرات دەدرێ تا ئەوەکە دەست بە سەر هەموو رێکخراوەکانیدا بگرێ و بیانکات بە بەشێک و لەقێک لە خۆی کە کاریگەریشیان لە کۆمەڵگادا نابێت.

ئەو حیزبەی دێموکرات ئاوا بیر ناکاتەوە کە ئەو رێکخراوە دەبێت کامڵەن لە چوار چێوەی ئەودا بێ و ئەو رێکخراوەش یەکیەتیی خوێندکاران بێت چ NGOکانی دیکە بێت کەلە حیزبی دێموکرات نزیکن بەشێک لە ئۆرگانیزاسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات نییە کامڵەن بەستراوە بن بە حیزبی دێموکرات خۆیان لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە سازماندەهی خۆیان هەیە بێر لە خۆیان دەکەنەوە سیسەتی خۆیان دادەڕێژن و بڕیار دەدەن، بەڵام من گوتم لە ئیدە گشتییەکاندا لە حیزبی دێموکراتەوە نزیکن.

کوردستان میدیا: ئەگەر شتێکی تایبەتتان مابێت، لەو بارەوە؟

کەریم پەرویزی: من شتێکت تایبەتیم نییە جگە لەوە کە پیرۆزبایی لە یەکیەتیی خوێندکاران دەکەم بە بۆنەی نزیک بوونەوەی ساڵڕۆژی دامەزراندنیانەوە، هیوادارم کە کاری باش بکەن و هەنگاوی باشتر لە جاران هەڵبگرن بۆ پێشەوە.

سپاس بۆ ئامادەبوونی هەر دوو بەڕێز کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات و کەیهان یووسفی سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات.

راپۆرت و دیمانە: هەیبەت کامرانی‌پوور