کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ ٢٥ی نۆڤامبر رۆژی جیهانیی بەرنگاری لەگەڵ توندوتیژی لە دژی ژنان + وتووێژ

20:10 - 4 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: توندوتیژی نواندن لەهەمبەر ژنان و پێشهاتە رووخێنەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی، بە درێژایی مێژوو یەکێک لە بابەتە باس هەڵگرەکانی کۆمەڵگای جیهانیی بووە و هەیە.

9010.jpg
خوشکانی میراباڵ

پاش کوژرانی \'\'خوشکانی میراباڵ\'\' لەلایەن دەسەڵاتی زاڵ بەسەر وڵاتی \'\'دۆمینیکەن\'\'دا لە رێکەوتی ٢٥ی نۆڤامبری ١٩٦٠ی زایینی (٤ی سەرماوەزی ١٣٣٩ی هەتاوی) لەسەر داخوازیی کۆمەڵێک چالاکی بواری ژنان، کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژەی وەکوو رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەهەمبەر توندوتیژی لە دژی ژنان پەسند کرد.
پێشێلکردنی مافی ژنان و توندوتیژی نواندن لە هەمبەریان، یەکێک لە گرینگترین مژاری هاوبەشی تێکڕای وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێیەمە و چالاکانی ئەو بوارە ئەو گوتەزایە وەکوو \'\'شەرم‌هێنەرترین جۆری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ\'\' ناوی لێ دەبەن.

9005.jpg

چالاکانی مافی ژنان، هەرچەشنە کردەوەیەکی توندوتیژ لەسەر بنەمای رەگەزی لەدژی ژنان وەکوو هەڕەشە، داسەپاندنی کردار و کردەوە و بەرتەسک کردنەوەی ئازادیی تاکەکەسی لە بیاڤی کۆمەڵگا و تەنانەت لە بیاڤی تاکەکەسیشدا کە پێشهاتەی جیسمی، جینسی و دەروونیی رووخێنەری بە دواوە دەبێت، بە توندوتیژی لە قەڵەمی دەدەن.
بەگوێرە ئامارەکانی یەکێک لە ناوەندەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نزیکەی لەسەدا ٣٥ی ژنانی سەرانسەری جیهان ئەزموونی توندوتیژییان چێشتووە و ئاماری قوربانییانی ئەو کێشە گشتگیرە لە وڵاتانی نەریتی و جیهانی سێیەمی لەسەدا ٧٠یە.
لەلایەکی دیکەوە پشت بەستن ئامار رێکخراوی جیهانیی بێهداشت، لە هەر ١٨ چرکەدا ژنێک بەهۆی رەگەزییەوە توندوتیژیی لێ دەکرێ و لە هەر ١٠ ژندا، ٣ ژن پاش توندوتیژی گیانیان لە دەست دەدەن.

9004.jpg

هەرچەندە ئامارێکی روون لە پێوەندی لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئامارە نافەرمییە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەسەدا ٦٦ی ژنانی ئێران لە ماوەی ژیانیاندا لانیکەم یەک جار توندوتیژییان لێ کراوە.
لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەزیەت و ئازاری جینسی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، لێدان، بێ حورمەتی، کوتان و لێدان، دەرکران لە ماوڵەوە، پێشێلکردنی ئازادیی تاکەکەسی، لە نموونە روون بەرچاوەکانی توندوتیژی لە دژی ژنان دێنە ئەژمار.
ماڵپەڕی کوردستان میدیا بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر و بە مەبەستی لێکدانەوە و ئاوڕدانەوەی زیاتر لە پرسی توندوتژی، وتووێژێکی لەگەڵ ژمارەیەک چالاکی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا پێکهێناوە.
دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

9003.jpg
مەحبووبە حوسێنی، چالاکی مافی ژنان ــ ئەمریکا

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان داین، دۆخی هەنووکەیی توندوتیژی دژ به ژنان لە ئێران و بە تایبەتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە چ ئاستێک دایه؟

حوسێنی:
زۆر بە داخەوە هەنووکە ئاستی توندوتیژی دژ به ژنان لە ئاستێکی خراپ دایه و ئێمە رۆژانه شاهیدی ئەنواعی توندوتیژی دژ به ژنان لە ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان داین. زۆر بوونی و ئاست بەرزی توندوتیژییەکان بە نیسبەت ژنانەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا و لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێراندا (ئیلام، سنه، کرماشان، ئورمیه) وای کردووە که ئاماری خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان و کچان لەم ناوچانەدا بە تایبەت لە کرماشان و ئیلام رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە زیادبووندا بێت.
کوردستان میدیا: بەردەوامی توندوتیژی لە دژی ژنان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
حوسێنی: هۆکاری بەردەوامی توندوتیژی دژ به ژنان لە ئێراندا زۆرتر بۆ نیزامی رێژیمی ئێران کە نیزامێکی پیاوسالارە دەگەڕێتەوە که بە حوکمی پیاوسالارانه بوون لە هەموو بارێکەوە پشتیوانی لە پیاوان دەکات و ئەوەش رێگا خۆش کەرە بۆ بەردەوام بوون و تەنانەت زۆرتر بوونی توندوتیژی دژ به ژنان لە ئێران. راستە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی لە بواری رۆشنبیرییەوە لە ئاستێکی نێونجی دایه و تاکەکان دەبێ رۆشنبیر بن، بەڵام ئەم ئاستی رۆشنبیرییه لە نێو تاکەکاندا بە تایبەت لە ناوچەکانی پاراوێز و دەوروبەری ئێران تاکەکان بە ئاستی رۆشنبیری نەگەیشتوون و لە بارەی مافی ژنانەوە جوان بیر ناکەنەوە و هەر ئەم نائاگا بوونە بە مافی تاکەکان بە تایبەت ژنان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی توندوتیژی دژ به ژنانە.
کوردستان میدیا: هۆکارەکانی توندوتیژی دژ به ژنان کامانەن؟
حوسێنی: هەروەها کە ئاماژەم پێدا حکوومەتی پیاوسالارانه و زۆر بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی کە تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمە ئاشنا به مافەکانی ژنان نین و بەو ئاستی رۆشنبیرییه نەگەیشتوون و ئەگریش لە بواری رۆشنبیرییەوە لە ئاستێکی باشدا بن هەر وەک ئەو کەسانە لەگەڵ ژنان هەڵسوکەوت دەکەن کەلە ئاستێکی نزمی رۆشنبیریدا بن. توندوتیژی لە کۆمەڵگای ئێمەدا تەنیا ئازاری جیسمی نییه، بەڵکوو زۆرتر ئازاری رۆحی و دەروونییه که ئەم توندوتیژییە زۆر مەترسیدارتر و شوێندارنەرتر دەبێت و چینی رۆشنبیری کۆمەڵگاش رۆڵیان هەیە لە ئەم ئازار و توندوتیژییانەدا.
9002.jpg
منیرە کانی سیران، چالاکی مافی ژنان، کۆیه

کوردستان میدیا: رای ئێوە سەبارەت بە توندوتیژیی شاراوە واتە توندوتیژیی ناوماڵ کە بە شاراوایی دەمێنێتەوە چییە؟ و هەتا چ رادەیەک لە کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بوونی هەیە؟
کانی سیران: بە داخەوە توندوتیژیی ناوماڵ هەم لە کۆماڵگای ئێران بەگشتی و هەم لە کوردستانیش بەتایبەتی یەکێک لە بەربڵاوترین شێوەکانی توندوتیژییە دژ بە ژنان کە ئەویش شێوەیەکە لە شێوەکانی توندوتیژی کە رۆژانە لە پشت دەرگا داخراوەکاندا نیسبەت بە ژنان روو دەدات. چەندین هۆکاری لە پشتە کە ئەم شێوە لە توندوتیژییە زۆرتر بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و کەسانی دیکی لێی ئاگادار نابن، یەکێک لەو هۆکارانە بێ‌دەرەتانی و نەبوونی سەربەخۆیی ئابوورییە، بەردەوام ترس لەوە هەیە کە ئەگەر بارودۆخەکە قەبووڵ نەکەن و هەوڵ بۆ رزگاری بدەن، ئیدی هیچ سەرپەنایەکیان نامێنێت و ئەوەش کە هەیانە لە دەستی دەدەن. هۆکارەکەی دیکە ئەوەیە کە لەلایەن ئەو کەسانەی کە توندوتیژییان لەهەمبەردا دەکرێ‌، دەکەونە بەر هەڕەشەی توندی ئاشکرا نەکردنی بابەتەکە، بە تایبەت توندوتیژی جینسی کە زۆرتر لەبەر هەستی شەرم کردن و هەروەها لەبەر ئەوەی کە دواتر لەلایەن کۆمەڵگاوە بە چاوێکی سووکەوە سەیریان نەکەن بە شاراوەیی دەمێنێتەوە. چون بە داخەوە لە کۆمەلگای ئێمەدا ئەو جۆرە کەسانە بە تەواوی لەلایەن کۆمەڵگا و کەسانی دەوروبەریانەوە لە پەراوێز دەخرێن.
کوردستان میدیا: بە بڕوای ئێوە مەترسیدارترین جۆری توندوتیژی کامەیە؟

کانی سیران: هەموو جۆرەکانی توندوتیژی کە برین لە جەستە کەرامەت و کەسایەتیی مرۆڤەکان دروست بکات مەترسیدارە و کردەوەیەکی دژە مرۆیی‌یە، چەندین شێوازی توندوتیژیمان هەیە کە هەرکام بە شێوەیەک لە شێوەکان مە ترسیدارن. بەڵام لە هەمویان مەترسیدارتر لە دەست دانی گیانی مرۆڤەکانە بە هۆی ئەم دیاردەیە. رۆژانە شاهیدی ئەم جۆرە توندوتیژییانە دەبین کەلە ژێر ناوی قەتڵی نامووسییەوە بەڕێوە دەچن.
کوردستان میدیا: توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان روو لە زیاد بوونە، پێتان وایە ئەم پڕسە هەتا چ رادەیەک پێوەندیی بە نائاگایی ژنانی کۆمەڵگاوە هەیە؟
کانی سیران: بەڵێ بە داخەوە سەرەڕای بەرەو پێش چوونی ئاستی رۆشنبیریی کۆمەڵگا، بەڵام بەداخەوە رێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان هەتا دێت روو لە زیاد بوون دەکات، یان لە سەرەتاوە هەر بەم شێوەیە بووە، بەڵام بە هۆی کەمیی کاناڵە راگەیاندنەکان، بڵاو نەبوونەتەوە کە هەتا چ رادەیەک بوونی هەیە، بەڵام ئێستا دەبینین بە هۆی زۆر بوونی راگەیاندنەکان و هەروەها بوونی چەندین رێکخراوەی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان، ئەم رێژەیە ئاشکرا دەکرێت و دێتە بەر دیدی راگەیاندنە گشتییەکانەوە. بۆ ئەوەی کە بڵێن ئەم پرسە هەتا چ رادەیەک پێوەندی بە ناهۆشیاری ژنانەوە هەیە بەڵێ هەتا رادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی هوشیاریی ژنان لەسەر مافە ئینسانییەکانی خۆیان، چونکە هەر تاکێک ئەگەر بە مافەکانی خۆی ئاشنا بوو هیچ کات رێگە بە کەس نادات توندوتیژی بەرامبەر بکات و مافەکانی پێشێل بکات.
کوردستان میدیا: زۆرجار دەبینین کە ژنان خۆیان هۆکاری توندوتیژی دژ بە خۆیانن و بۆ ئەم مەسەلەیە پاساو دێننەوە و زۆرجار بیستوومانە کە ژنان لە توندوتیژی دژ بە خۆیان گوێ دەخەوێنن و دەڵین هەر بووە و تا بووە وا بووە پێتان وایە ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟
کانی سەیران: ئەم مەسەلەیەش دووبارە دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی ئاستی هوشیاری ژنان لەمەڕ مافەکانی خۆیان هەروەها کولتوور و داب و نەریتیش رۆڵێکی بەرچاو دەگێرێت. دەبینین هەر لە کۆنەوە لە گوێی کچەکانماندا خوێندراوە کە دەبێت ملکەچی هاوسەرەکانیان بن و لە قسەی ئەوان لا نەدەن، ئێمە نابێت بڵێین کە ژنان خۆیان هۆکاری توندوتیژی دژ بە خۆیانن، بێگومان هەر مرۆڤێک کەلە چوارچێوەیەکی قەتیس و داخراودا مایەوە و رێگری لێکرا کە بێتە ناو کۆمەڵگاوە فێری هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی ببێت، بە داخەوە وای لێ دێت ئەو فیکرییەتەی کە لە کۆنەوە لە مێشکی خراوە بە مافی خۆی دەزانێت و نەوە لە دوای نەوە تەحویلی کۆمەڵگا دەدات.
9014.jpg
ئەرسەلان یارئەحمەدی ــ کۆیه

کوردستان میدیا: ئێوە وەکوو کەسێک کە سەبارەت بە پرسی مافەکانی ژنان و لەو بارەوە چالاکیتان هەیە هەتا چەندە کێشەی ئەم توندوتیژییانەی دژی ژنان، بۆ خۆیان دەگەڕێننەوە؟
یارئەحمەدی: من وەک خۆم پێم وایە ئەوە کێشەی ژنان نییە، بەڵکوو لە راستیدا ئەوە کێشەی هەموو کۆمەڵگا و بە تایبەت پیاوانی ئێمەیە کە ژنانی خستووەتە ئەو دۆخەوە و توندوتیژی کردن بەرانبەر ژنانیان وەک ئەرکێکی رۆژانە لێ کردووە.
کوردستان میدیا: ئایا پێت وایە که بە گرتنی سمینار و کۆبوونەوە و رێپێوان لەو توندوتیژییانە کەم بێتەوە؟
یارئەحمەدی: بە دڵنیایی‌یەوە کاریگەری خۆی دەبێت. ئەو جۆر چالاکییانە رەنگە لە ئێستادا بێ نرخ بێنە بەرچاو، بەڵام کاریگەری ئەرێنی لەسەر تاکەکان دادەنێن و بە بردنە سەرەوەی ئاستی زانیاریی تاکەکانی کۆمەڵگا، بێ گومان لە درێژخایەندا و بەتایبەت لەسەر نەوەی نوێ کاریگەریی ئەرێنی دادەنێت و لە کەمکردنەوە و کاڵکردنەوەی ئاستی توندوتیژی دژ بە ژنان رۆڵی بەرچاو دەگێڕن.
کوردستان میدیا: هێندێک لە چالاکانی مافی ژنان و پرسە پێوەندیدارەکان بە ژنانەوە، هۆکاری سەرەکیی پێشل بوونی مافی ژنان و توندوتیژی لە دژی ژنان بۆ سەربەخۆ نەبوون لە بواری ئابوورییەوە دەگەڕێننەوە و پێیان وایه هەتا ژن لە بواری ئابوورییەوە سەربەخۆ نەبێت توندوتیژییەکان هەروا بەردەوام دەبێت، رای ئێوە سەبارەت بەم مەسەلەیە چییە؟
یارئەحمەدی: بە بڕوای من سەربەخۆ نەبوونی ئابووریی ژنان تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی توندوتیژییە دژ بە ژنان و ناتوانێ هۆکاری سەرەکی بێت. من لەسەر ئەو بڕوایەم کە ئەوە یاسا و دەسەڵاتن کە وەک سەرەکی‌ترین هۆکاری توندوتیژی دژ بە ژنان بە ئەژمار دێن، چونکە ئەگەر یاسا پشتگیریی ژنان بکات دەتوانێ لەسەر هەموو جۆرەکانی توندوتیژی وەک؛ جەستەتی، دەروونی، ئابووری، سێکسی، یاسایی و ... کاریگەریی هەبێت و لە دابەزینی ئاستی ئەو توندوتیژییانەدا کاریگەر بێت.
بەڵام ئەگەر ژنێک لە باری ئابووریشەوە، سەربەخۆ بێت دیسان بەرەوڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، مافی ئەوەی نییە داوای جیابوونەوە بکات، بە بێ ئیزنی باوک یان مێردی ناتوانێ بڕواتە دەرەوەی وڵات، ناتوانێ ببێتە سەرکۆمار و دەیان خاڵی دیکە کەلە یاسای بنەڕەتی و یاسا مەدەنییەکانی ئێراندا بەرچاو دەکەوێت و خۆیان جۆرێکن لە توندوتیژی دژ بە ژنان و دەتوانم بڵێم یاساکانی ئێران خۆیان سەرچاوەی هەڵاواردن و توندوتیژین دژ بە ژنان.
کوردستان میدیا: نائاگایی ژنان سەبارەت بە بەردەوام بوونی توندوتیژی دژ بە ژنان هەتا چەندە کاریگەریی لەم پرسەدا هەیە و رێکارتان بۆ کەم بوونەوە و لە کۆتاییدا نەمانی توندوتیژی لە دژی ژنان چییە؟
یارئەحمەدی: لە راستیدا ئێستا زۆربەی ژنان بە نیسبەت مافەکانیانەوە ئاگادارن و دەتوانم بڵێم ئەوە بێ ئاگایی یان ئاگادار بوون و خۆ گێل کردنی ئاگاهانەی پیاوانە کە بووەتە هۆی ئەوەی کە توندوتیژی دژ بە ژنان هەروا درێژەی هەبێت.
ئێستا رێژەی کچانی خوێندەواری کورد بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و بگرە لەو بوارەوە لەسەرەوەی کوڕیش بن.
بە نیسبەت بەشی دووهەمی پرسیارەکەتانەوە دەبێ بڵێم ئەو جۆرە توندوتیژییانە کە سەرەڕای توندوتیژیی یاسا و دەسەڵات، لەلایەن کۆمەڵگاوە و کە لەژێر کاریگەریی ئایین و داب و نەریت و هەروەها ئەو دەسەڵاتە پیاوسالارانەی کە بە درێژایی چەند سەدەی رابردوو بەسەر ئێمەدا زاڵ بوون، بە یک رۆژ و دوو رۆژ پەیدا نەبوون هەتا بتوانین بە زووی چارەسەریان بکەین، بەڵکوو لەو پێناوەدا دەبێت ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز پێکەوە کار و چالاکی بنوێنن و لە بەرانبەر کۆسپ و لەمپەرەکانی سەر ئەو رێگا پیرۆزەدا کۆڵ نەدەن و دڵنیا بن کە خەباتەکەیان رۆژێ بە ئاکام دەگات.
9015.jpg
ترووسکە سادیقی، چالاکی مافی ژنان ــ هەولێر

کوردستان میدیا: \'\'تفکیک جنسییەتی\'\' لە زانکۆکانی ئێراندا که بە وتەی بەرپرسانی رێژیمی ئێران بۆ کەم کردنەوە توندوتیژی دژ بە ژنانە، بەڕای ئێوە تا ئێستا هەتا چەندە بووەتە هۆی کەم ‌بوونەی توندوتیژی دژ بە ژنان؟
سادقی: پێش لە هەر شتێک چەمکی جیاکردنەوە \'\'تفکیک\'\' جۆرێک لە توندوتیژییە بە نیسبەت هەر دوو رەگەز بە ئەژمار دێت و لە راستیدا وەرگرتنەوەی مافی پێکەوە بوونە. کەوابوو جیاکردنەوەی نەخوازراو و زۆرە ملێیە و بێرەحمانەترین جۆری توندوتیژییە سەرەتا لەسەر هەموو کۆمەڵگا و پاشان ژنان و کچانی کۆمەڵگا. لە وڵامی پرسیاری ئێوەدا دەبێ بڵێم ئامارێکی وەها لە بەر دەستدا نییە کە بە پشتبەستن بەو ئامارە بتوانین کەمبوونەوە، یان چوونە سەری رێژەی خۆکوژیی ژنان دیاری بکەین. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی‌تر دەبێ بڵێین هەروەک کۆمەڵگای تاک رەگەزی بە دوورە لە هەموو چەمکەکان، بە هەمان رێژەش شوێنی راهێنانێک کە یەک رەگەزی بێت بێ رۆحە و لە بواری زانستی مرۆیی‌یەوە وێنا ناکرێت. بۆ زیاتر وردبوونەوە لەسەر ئەم باسە تەنیا وڵامی ئەم پرسیارە کە ئایا دەکرێ لە بیاڤی زانکۆدا زانستە مرۆیی‌یەکان لەلایەن یەک رەگەزەوە تێبگەین تەواوە و لە بواری کۆمەڵایەتی ــ ئیسلامییەوە دەکرێ رێگە بە پێوەندییەکانی کچ و کوڕ لە دەرەوەی زانکۆ بگیردرێ؟ بە بێ گومان وڵامی ئەم دو پرسیارە نا یە و لە راستیدا مەحاڵە.
بەڵام بە روون بوونی وڵامی ئەم پرسیارانەش بۆ چی رێژیمی ئێران پێداگرە لەسەر جیاکردنەوەی رەگەزی لە نێو زانکۆکاندا؟ ئەمە خوێندنەوەکانی خۆییانی لە پشتەوەیە و گرینگترینیشان ئەوەیە کە دەیانهەوێ ئەمری رێبەری ئێران کە ئیسلامیکردنی زانکۆکانە بە جێ بگەیەنن و هەموومان دەزانین کە نزیک بوونی کوڕ و کچ لە فەزای ژووری بەستراودا لە مەکرووهەکانی ئیسلامە و هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ ورووژانی پیاو!!. ئەمەش خۆی جۆرێک توندوتیژییە بە نیسبەت هەر دوو رەگەزەوە.
کوردستان میدیا: بۆچی لە وڵاتە سوننەتی و مەزهەبییەکاندا، توندوتیژی دژ به ژنان لەوپەڕی خۆی دایه و تەنانەت خودی یاسای وڵاتەکانیش ئەو ئیجازەیە دەدەن که توندوتیژی دژ به ژنان بکرێت و زانیومانه که لەم وڵاتانەدا بە گۆڕینی حکوومەتیش ژنان دۆڕاوی سەرەکی بوون، بەڕای ئێوە ئەم پرسە هەتا چەندە پێوەندییان بە یەکەوە هەیە؟

سادقی: دەکرێ بڵێین وەڵامی بەشی یەکەمی پرسیارەکەتان لە بەشی دووهەمی پرسیارەکەتان دایە، چونکە لە راستییدا نەبوونی یاسای مرۆڤی یەکسان بۆ هەموو دەبێتە سەرچاوەی هەموو ئەو توندوتیژییانەی کە بە نیسبەت ژنان ئەنجام دەدرێت. هەر بۆیەش دەبێ بە شوێن سەرچاوەی یاساکانی ئەو وڵاتانەیدا بگەرێین کە تێیاندا توندوتیژی وەک دیاردەیەکی هەمیشەیی لێ هاتووە و و بەم پێیەش دەتوانین بڵێین کە هەموو ئەو یاسا نادێموکراتیکانەی کە مافی یەکسان بۆ ژنان دەستەبەر ناکەن لە ئایینەوە سەرچاوەیان گرتووە و کارتێکەریی ئیسلام لە بوارەدا زیاتر و بەرچاوترە لە ئایینەکانی دیکە و بە هیچ شێوەیەک بە گۆڕینی حکوومەت و تەنانەت گۆڕینی ئاراستە و روانینی سیاسییش ناکرێ چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕمان هەبێت، چونکە هەموو ماددەکانی یاساکانی وڵاتانی ئیسلامی ریشەی قووڵیان لە ئایین و بڕوا دیینییەکاندا هەیە و بڕوا دینییەکانیش بە پێی کتێب و حوکمە ئاسمانییەکان پیرۆزن و حاڵەتێکی نەگۆڕیان بە خۆیانەوە گرتووە.

رێکار و رەنگە تەنیا رێکاری دەربازبوون جێگیرکردنی یاسایەکی بنەڕەتییە کە بەپێی مەنشوورەکانی مافەکانی مرۆڤ بێت و هاوتەریب لەگەڵ ئەوە پرۆڤەی دێموکراسییە لە ئاستەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و بارهێنانی منداڵانەکانمانە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکسان بڕواننە رەگەزەکان.
کوردستان میدیا: ئایا تەنیا بە هوشیارکردنەوەی ژنان دەکرێ توندوتیژی دژ به ژنان کەم بکرێتەوە؟
سادقی: لە روانگەیەکەوە و بە کورتەراڤەیەک دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بە \'\'بەڵێ بدەینەوە. زانیاری لە بڕێ کاتدا بۆخۆی کووبوونەوە بڕێ زانیاریی گشتی و ئاشنا بوونەوە لەگەڵ تیۆرییەکانە و لە روانگەیەکی‌ترەوە \'\'زانیاری بەخشینه\'\' بۆ بە ئەستۆ گرتنی بەرپرسیارەتی سەبارەت بەو پرسانه، بۆ وێنه، کەسێک کە ئاگاداری مافەکانی خۆی هەیە، دەبێ بۆ بە دەست هێنانی ئەو مافانه تێ‌بکوشێت و خەبات بکات، ئەگەر ئێمەی ژنان لەو روانگەوە بڕوانینه ئاگا بوونەوەمان لە مافەکانمان، بێ‌گومان دەتوانین جۆری خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان پێناسە بکەین. کەواتە دەتوانین بڵێین ژنان دەبێ ئاگاییان پێ بدرێت\'\' تاکوو رێگای خەباتی خۆیان بدۆزنەوە و بە دڵنیایی‌یەوە لە درێژخایەن‌دا ئاکامی بەدواوە دەبێت.
کوردستان میدیا: لە کۆتاییدا هەر رێگەچارەیەک که بە رای ئێوە دەتوانێت لەو توندوتیژییەی که دژ به ژنان دەکرێت کەم بکاتەوە باس بکەن.
سادقی: بەڕای من، بە لە هەر شتێک روانگەی ئێمە ژنان بە نیسبەت خۆمان و دەوروبەرمانەوە گۆڕانێکی بنچینەیی روو بدات، رەنگە تەنانەت بیرکردنەوەش لە گۆڕانی کۆمەڵگا زۆر قورس بێت بەڵام هەر کاریگەریی خۆی دادەنێت لەسەر کۆمەڵگا.

رێگە‌چارەیەکی دیکه هوشیارکردنەوەی ژنان و ئاگاکردنەوەیان لە مافەکانی خۆیانه که دەبێ هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ گەیشتن بە مافەکانیانەوە بێتە کایەوە.

یەکێک لە رێگەچارەکان که بەڕای من باشترین رێگەچارەیە، پەروەردە و بارهێنانی بنچەنەیی و سەربەخۆی ئابووری ژنانە که دەتوانێت کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لە کەم‌بوونەوەی توندوتیژەکانی دژ به ژنان هەبێت.
سەرەکی‌ترین شت لەم نێوانەدا ئەوەیە که ژنانی کورد بەرپرسایەتی ژن بوون و کورد بوون هاوکات لەگەڵ یەک قەبووڵ بکەن و لە کەم‌بوونەوەی فووکووس لەسەر هەر کامەیان هیچ ترسێکیان نەبێت، چونکە بەراستی زۆر ئاسایی‌یه که نەتوانن تەواوی هێزی خۆیان لەسەر یەک شت قەتیس بکەنەوە. ژنانی کورد دەبێ هاوکات لە لایەکەوە بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوایەتی و لە لایەکی‌ترەوە بەدەستهێنانی مافە سەرەکییەکانی خۆیان که وەکوو ژن پێشلکراون خەبات بکەن.

وتووێژ/ هەیبەت کامرانی‌پوور