کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٥ ساڵەی تیرۆری دوکتور قاسملوو

16:51 - 20 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران راگەیەنراوێکی بەبۆنەی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی روو لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو راگەیەنراوە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانە بەڕێزەکان!

٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ ٢٥ ساڵ بەسەر تیرۆری رێبەری ناوداری کورد و سیمای دێموکراتێکی راستەقینە و سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتور قاسملوو، تێپەڕ دەبێ.

دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو رۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩ی زایینی لە شاری ڤییەن پایتەختی وڵاتی ئوتریش و لە حاڵی دانیشتن لەگەڵ نێردراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە رواڵەت بۆ باس لەسەر چارەسەریی پرسی کورد لە ئێران گەیشتبوونە ڤییەن، لەلایەن ئەو دیپلۆمات تیرۆریستانەوە هاوڕێ‌لەگەڵ کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و دوکتور فازل رەسووڵ کوردی باشوور شەهید کرا.

بە شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو دێموکراسیخوازان، دێموکراتێکی راستەقینە و تێکۆشەرێکی شێلگیری رێگای ئازادییان لە دەست دا و ئازادیخوازانی ئێران سیاسەتمەدار و کەسایەتییەکی بلیمەتیان لێی ئەستێندرا و نەتەوەی کورد لە بوونی رێبەرێکی هەڵکەوتوو‌و ئەمڕۆیی و خاوەن بیر و هزری پێشکەوتنخوازانە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە سەرکردەیەکی شارەزا و رێبەرێکی کەم وێنە بێ‌بەشکران و بەمجۆرە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران زامێکی گەورەی هەڵگرت و بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی لە ئێران زەبرێکی قورسی وێ‌کەوت.

دوکتور قاسملوو‌و بەو بیر و باوەڕ و هزر و تێکۆشانەی کە هەیبوو هەر لە سەرەتای بەلاڕێدا بردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن ئاخووندەکانەوە و دامەرزاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامانجی تیر و تیغی تیرۆریزمی ئەو رێژیمە بوو. دوکتور قاسملوو و حیزبەکەی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و رۆڵەکانی نەتەوەی کورد خۆیان لە بەشداری لەو ریفراندۆمە نادێموکراتیکە بوارد کە رێگای بۆ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی خۆش دەکرد و دوکتور قاسملوو دڵنیا بوو کە بە هاتنە سەرکاری رێژیمێکی ئیدئۆلۆژێکی دواکەوتوانە هیچ یەک لە ئامانجە دێموکراتیکەکانی نەتەوەکانی ئێران نەک نایەنە دی، بەڵکوو رێگای هەوڵدان بۆ دابین بوونیان دژوارتر دەکا. هەڵوێستێک کە ئێستا کورد زیاتر دەتوانێ‌شانازیی پێوە بکا. هەروەها لەگەڵ ئەوەی دوکتور قاسملوو بۆ نوێنەرایەتی مەجلیسی خێبرگان لە پارێزگای ورمێ‌هەڵبژێردرا بوو بە هەڕەشەی خومەینی رێگای بەشداریی لەو مەجلیسەی لێ‌بەربەست کرا و هەر ئەو کات بۆچوونی رێبەرانی رێژیم بەتایبەت شەخسی خومەینی بەرانبەر بە دوکتور قاسملوو دەرکەوت، جیا لەوانە:

ــ دوکتور قاسملوو شێلگیرانە بۆ دابینبوونی دێموکراسی تێ دەکۆشا، شتێک کە لەگەڵ فەلەسەفەی ویلایەتی فەقیهـ یەکیان نەدەگرتەوە. دوکتور قاسملوو باوەڕی بە یەکسانی و مافی بەرابەری ژن و پیاو لە کۆمەڵ و خێزاندا هەبوو کە بیرێکی لەو بابەتە لەگەڵ بۆچوونی دواکەوتووانە و دژ بە مافەکانی ژن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناتەبایی هەبووە و هەیە.

ــ دوکتور قاسملوو بووژێنەرەوە و رێبەری حیزبێکی پێشکەوتوو و مافخوازی کورد وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە دژی کۆنەپەرەستی و ستەم خەباتی دەکرد و لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا خاوەن پێگە و نفووزی تایبەتی بوو کە ئەوەش بۆ کۆماری ئیسلامی بەو بیرە تەسک و تاریکەیەوە جێگای وێهەڵکردن و قبوول کردن نەبوو.

ــ دوکتور قاسملوو لایەنگری لێبڕاوی مافی مرۆڤ بوو ‌و رێزی بۆ مرۆڤ و مافەکانی دادەنا، مرۆڤێک کە بە لای کۆماری ئیسلامییەوە نە نرخی هەیە و نە ماف و بێجگە لە گوێڕایەڵی ئەرک و مافێکی دیکەی نییە.

ــ دوکتور قاسملوو سیاسەتمەدارێکی بە ئەخلاق، دیپلۆماتێکی بە بڕشت، زمانزانێکی کارامە و خەباتگێڕێکی شوێندانەر بوو، باوەڕی بە مافی نەتەوەکانی ئێرانی هەر وەک نەتەوەی کورد هەبوو لە رەوتی خەباتدا لە ئامڕازی نەشیاو بۆ ئامانجی پیرۆز کەڵکی وەرنەدەگرت، دژی تیرۆر و تەقاندنەوە، مرۆڤڕفێنی و کردەوەی لەو بابەتە بوو، هەوڵی لێکنزیککردنەوەی دێموکراتەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی دەدا.

ئەو تایبەتمەندییانە ئەگەر بە واقیعی رازێنەرەوەی و ناسێنەرەوەی سیمای دوکتور قاسملوو بوون، لە روانگەی کۆماری ئیسلامییەوە دوکتور قاسملوویان کرد بووە بەربەستێکی پۆڵایین لەسەر رێگای وەدیهێنانی هەموو ئامانج و بەرنامە سەرەڕۆیانە و نادێموکراتیک و دژە مرۆیی‌یەکانی ئەم رێژیمە، بۆیە قاسملوو ئامانجی تیغی تیرۆریزمی ئەو رێژیمە بوو. هەر چەند رێژیم هەمیشە پیلانی بۆ لە ناوبردنی دوکتور قاسملوو و حیزبەکەی هەبوو، بەڵام پیلانی رێژیم بۆ دوکتور قاسملوو لە کوردستان و لە نێو خەڵکی خۆی و پێشمەرگەدا هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام بەداخەوە لە دەرەوە و بە بیانووی وتووێژ لە ئوتریش دەرفەتیان لێ‌هێنا و پیلانی تیرۆریان لە سەری بەڕێوە برد.

هەر کات باس لە تیرۆری دوکتور قاسملوو دەکرێ‌هەڵوێستی نەشیاو و دوور لە پرنسیپەکانی وڵاتێکی دێموکراتێکی وەک ئوتریش خۆی دەرخاتەوە. کە دەوڵەتی ئەو کاتی ئەو وڵاتە پێشی بە کاری دادگا و راگەیشتنی بە پەروەندەی ئەو تیرۆرە گرت و لە پێناو بەرژەوەندیی کاتی و ماددی و مولاحەزاتی سیاسیدا خوێنی ناسراوترین رێبەری دێموکراتی قوربانی کرد، ئەوەش لە کاتێک دایە کە بەڵگەکانی تیرۆری ڤییەن زۆر روونتر ‌و ئاشکراتر لەوانن کە دەزگای قەزایی ئاڵمان لە تیرۆری میکۆنۆس لە دەستیدا بوون.

دوکتور قاسملوو یەکەم قوربانیی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی ئەو تیرۆرانە نەبوو، چونکە دواتریش ژماریەکی بەرچاو لە کەسایەتییەکانی ئێران و کورد تیرۆر کران، بەڵام دەکرێ‌بڵێین دەوڵەتی ئەو کاتی ئوتریش لە درێژە پێدانی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەی ناڕاستە‌وخۆ دەوری هەبوو. لەبەر ئەوەی ئەگەر دەزگای قەزایی ئوتریش ئەو سەربەخۆیی و بوێرێ‌دەزگای قەزایی ئاڵمانی هەبوایە رەنگە بینەری ئەو تیرۆرانەی کە دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو ئەنجام دران و یەک لەوان تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی بوو، نەبوایەین.

لە ٢٥ ساڵەی تیرۆری دوکتور قاسملوودا پرسیار ئەوەیە ئایا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تیرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی و باقی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی ئەسڵی خۆی یانی نەهێشتنی بزووتنەوە‌و خەباتی کورد لە کوردستانی ئێران لە پێناو دابینبوونی دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی و شۆردنەوەی بیر و هزری پێشکەوتوانەی قاسملوودا سەرکەتوو بوو؟ وەڵام بێ‌گومان \'\'نا\'\'یە، چونکە دوکتور قاسملوو بە ئەزموونی خۆی ‌و تاقیکاریی بزووتنەوەکانی دیکە رێبەری تاکەکەسی لە حیزبەکەیدا نەفی و رێبەرایەتیی جەمعی جێگیر کرد بوو، مودیریەتێکی سەردەمییانەی بۆ ئیدارەی حیزب و سەربەخۆیی سیاسی لە حیزبەکەیدا جێگر کردبوو کە بە لە دەستدانی رێبەرێک هەرچەند شوێندانەر، خاوەنی رێبەرایەتیی خۆی بێ‌ و بیر و هزر و باوەڕەکانی دوکتور قاسملووی نەمریش زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە حەقانییەت و رەوایی خۆیان سەلماندووە و رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرە دەستێن و حیزبەکەی دوکتور قاسملوو لە پاراستنی ئەم رێگا و رێبازەدا شێلگیر و هەر بەم رێگەیەدا هەنگاو دەنێ‌، نیشانی داوە زامی وەک لەدەستدانی رێبەرانی هەڵدەگرێ، بەڵام بە چۆکدا نایە.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەرەڕای سەرکوت و فشار، گرتن و زیندانی کردن ‌و تەنانەت ئیعدامی ئازادیخوازانی کورد هەروا هەڵگری بیری دوکتوور قاسملوون و خۆشەویستیی قاسملوو زیاتر ‌و نفووزی حیزبەکەی لە جێگای خۆیەتی ‌و لە راستیدا دوکتور قاسملوو لە بیر و باوەڕدا زیندووە. بەڵام رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەو ٢٥ ساڵەدا زیاتر نێوەڕۆکی کۆنەپەرەستانە و بیری دواکەوتوانەی بۆ بیروڕای گشتی ‌و خەڵکی ئێران دەرکەوتووە، هەرکات ‌و لە هەر شوێنێک باس لە ئاژاوەگێڕی، دەخاڵەت لە کاروباری وڵاتان بە تایبەت لە ناوچەدا، تیرۆر و پشتگری لە تیرۆریزم، ماف پێشلکاری و چوونە سەری رێژەی ئیعدام دێتە گۆڕ ئاماژە بەو رێژیمە دەکەن.

هەروەها ئەوەش بە تەواوی دەرکەوتووە کە ئاڵوگۆڕ لە مۆرەکانی دەسەڵاتدارەتی رێژیمدا نەیتوانیوە ‌و ناتوانێ ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵکی ئێران ‌و مافەکانیان پێک بێنێ چونکە ئەوەی لە سیاسەت ‌و کردەوەی ئەو رێژیمەدا بەدی دەکرێ لە بیر و باوەڕە دواکەوتووەکانی رێژیمە‌وە سەرچاوە دەگرێ و ئاڵوگۆڕ هەڵناگرێ. بۆیە ئەوانەش کە هەر جارە و بە بیانوویەک ویستوویانە سیمایەکی ریفۆرم هەڵگر بەو رێژیمە و مۆرەکانی ببەخشن ئێستا زۆربەیان هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە کە ئەو رێژیمە ئاڵوگۆڕ هەڵگر نییە. ئایا حەسەن رۆحانی دەرگایەکی بۆ خەڵک و مافەکانیان بە کلیلە تەبلیغاتیەکەی کردەوە یان بە پێچەوانە کلیلەکەی دەرگای نەرمی نواندن و داشکان بۆ دەرەوە ئەویش لەژێر فشاری گەمارۆ ئابوورییەکاندا کردەوە و ها‌وکات رێژەی گرتن و ئیعدام و فشار بۆسەر خەڵکی لە نێوخۆدا بردە سەر. روانگەی دەرەوە لەسەر رێژیم هەرچی بێ لە بەرژەوەندییەکانی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێ و لێبڕاوی لە خەبات دژی ئەو رێژیمەش لە نێوخۆی وڵاتدا لە بەرژەوەدیی نەتەوەکانی ئێران و دێموکراسیخوازانی ئێرانی دایە.

لە هەلومەرجی ئێستادا ئەوەی پێوەندی بە نەتەوەی کوردەوە هەیە بە خۆشییەوە بە پێچەوانەی حەزی کۆماری ئیسلامی دۆزەکەی لە بڕەودایە ‌و لە بەشێک لە پارچەکانی کوردستان لە حاشاکردن لە بوونی کورد و مافەکانی، بەرەو باس لە شێوەی دابینبوونی مافەکانی لە هەر پارچەیەک لە کوردستان هەنگاوی ناوە و مەسەلەی کورد لە رادەی جیهانیدا زەقتر و جیددیتر هاتوتە گۆڕێ. لەو هەلومەجەدا پێویستە پاڵپشتی کردن و یەکگرتن و یەکڕیزی کورد ئەو رەوتە بەرەو خێرایی زیاتر بەرێ.

پێویستە کورد لە کوردستانی ئێرانیشدا بەرەو یەکگرتووی پێویست بۆ خەبات دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەنگا‌و بنێن و خۆی ئامادە بکا تا بە کردەوە ئەوە وەدی بێنن کە دوکتور قاسملوو هەم لە پێوەندی لەگەڵ هەر چوارپارچەی کوردستان و لە پێوەندی لەگەڵ کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات ‌و ئازادی ئێران ئاواتی بو‌و ‌و هەوڵی بۆ دەدا. ئەو ئەرکە ئەگەر هەموو کاتێک پێویست بووە لە هەڵومەرجی ئێستادا کە ناوچە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاڵۆز و پڕ کێشەیە و بۆتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی، ئابووری ‌و کۆماری ئیسلامیش بە جیددی بە پشتیوانیکردنی لە دەسەڵاتە نادێموکراتیکەکان و دەستێوەردان لە عێراق و پەرەپێدانی شەڕی مەزهەبی لە ناوچە بە تایبەت لە عێراق و لوبنان و سووریە و ... هەوڵی ئاڵۆزترکردن و ناسەقامگرتوویی زیاتر دەدا، پتر پێویستە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی لە ٢٥ ساڵەی تیرۆری دوکتور قاسملووی نەمردا پێ‌لەسەر درێژەدانی رێبازی ئەو رێبەرە مەزنە دادەگرێتەوە و تا وەدیهێنانی ئاوات و بیر و بۆچوونەکانی لێبڕاوانە لە خەبات و تێکۆشاندا دەبێ‌، بە تایبەت کە ئێستا لە رادەی نێونەتەوەییدا ناسراوترە و لە هەر هەڵومەرجێکدا خەڵکی ئێران ‌و رۆڵەکانی نەتەوەی کورد و تەنانەت دونیای دەرەوەش حیسابی تایبەتیی بۆ کورد دەکەن و حیزبی دێموکراتیش بەو تایبەتمەندییانەی کە هەیەتی بۆی هەیە چاوەڕوانی پشتیوانی سیاسی و مەعنەویی هەموو ئازادیخواز و دێموکرات و لایەنگرانی مافی مرۆڤ بێ.

ــ لە ٢٥ ساڵەی تیرۆری دوکتور قاسملووی رێبەردا یادی ئەو رێبەرە بەرز رادەگرین و رێبازی هەروا چرای رێگای خەباتمان دەبێ.
ــ زیندوویی و پەرەسەندوویی بۆ باوەڕە پێشکەوتنخوازانەکانی دوکتور قاسملوو
ــ سەرکەوتن بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی
١١ی ژووئیەی ٢٠١٤ی زایینی