کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی کۆتایی هاتنی ١٠یەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی

23:45 - 5 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوون و کۆتایی هاتنی دەیەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندییەوە، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەیەمین پلینۆمی خۆی لە کاتژمێر ٩ی سەر لەبەیانی رۆژی شەممە ٣ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٥ی جولای ٢٠١٥ی زایینی بە بەشداری زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی ئەسڵی ‌و جێگرانی كۆمیتەی ناوەندی ‌و نوێنەرانی ئەندامانی رێبەری لەدەرەوەی وڵات پێكهێنا.

پلینۆم بە خۆلەكێك بێدەنگی ‌و بە پێوەراوەستان بۆ رێزگرتن لەگیانی پاكی شەهیدان بە تایبەت دوایین شەهیدی حیزب قادر كەریمی دەستی پێكرد.

دواتر دەستووری كاری پلینۆم كە پێشتر بە ئاگاداری ئەندامانی رێبەری گەیشتبوو باسی لێوەكرا‌و پاش پەسندكرانی دەستووری كار هاوڕێی بەڕێز كاك مستەفا هیجری سكرتێری گشتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران باسێكی گشتی سیاسی‌ و راپۆرتی سەفەر ‌و سەردانەكانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات پێشكەش كرد. لەو راپۆرتەدا ئاماژەی بەو باس ‌و بابەتانە كردبوو كە لەدیدار لەگەڵ كاربەدەستانی بەشێك لەوڵاتانی رۆژئاوایی ‌و بە تایبەت ئەمریكا ‌و ئاڵمان هەیبوو‌ و ئەندامانی پلینۆمی دەیەمی لە راوبۆچوونی ئەوان بەرانبەر بە مەسەلەكانی پێوەندیدار بە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاگادار كرد.

لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی سكرتێری گشتی‎دا رێككەوتنەكەی ١+٥ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هاتبوو كە پێشتر حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێشبینی كردبوو ‌و باسی لەوە كردبوو كە كۆماری ئیسلامی بە دوای ئەو رێككەوتنەدا هەتا رادەیەك بە ئازادكردنی داراییەكانی ‌و ئەگەری سووك‎كردنی گەمارۆكان ‌و بردنە سەری هەناردەكردنی نەوت وێ‌ دەچێ‌ بتوانێ داهاتی خۆی بەرەوژوور بەرێ‌، بەڵام بەشی خەڵكی ئێران لەم داهاتە زۆر كەم ‌و زیاتری بۆ دام ‌و دەزگا سەركوتكەرەكانی رێژیم وەك سوپای پاسداران، دەزگا ئەمنییەتی ‌و ئیتلاعاتی ‌و بەسیجییەكان تەرخان دەكرێ‌ ‌و لە دەرەوەی وڵاتیش سەرفی دابینكردنی هەزینەكانی هاوپەیمانانی لەناوچە وەك حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەكانی یەمەن، حكوومەتی بەشار ئەسەد لەسووریە ‌و باقی دەستە ‌و گرووپە ورد ‌و درشتەكانی دیكەی هاوپەیمانی تەرخان دەكا. ئاشكرایە كە بەهێزكردنی ئەم گرووپە توندڕەو ‌و ئاژاوەگێڕانەش بە كردەوە كێشە‌ و ئاژاوەی پتری لەوڵاتانی ناوچەدا بە دوای خۆیدا دێنێ‌. بەشدارانی پلینۆم پاش بیستنی راپۆرتەكانی سكرتێری گشتی پرسیار ‌و بۆچوونەكانی خۆیان هێنایە گۆڕ ‌و سەفەری سكرتێری حیزبیان بە بەرهەم زانی.

لەبڕگەیەكی دیكەی كاری پلینۆم‎دا بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتی حیزب لێكدانەوەیەكی سیاسی لەسەر دۆزی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان هەركام بە تایبەتمەندی ‌و هەل‌ومەرجی خۆیانەوە پێشكەش بە بەشدارانی پلینۆم كرد. ئەندامانی بەڕێوەبەری حیزب لەم بەشە لە باسەكانی پلینۆمیش‎دا سرنج ‌و تێ‌‎بینییەكانی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ وەزعی كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان دەربڕی ‌و لێكدانەوەی جێگری سكرتێری گشتی حیزبیان بە واقعبینانە هەڵسەنگاند كە ئاماژەی بە خاڵە بەهێز ‌و ئەرێنی ‌و خاڵە لاوازەكانی دۆزی كورد لەهەر پارچەیەكی كوردستان كرابوو.

بڕگەیەكی دیكەی كاری پلینۆم تەرخان كرا بوو بۆ بیستنی راپۆڕتێكی كۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی حیزب كە تایبەت بوو بە ئاكامی حەرەكەتی ئەم دوایانەی هێزی پێشمەرگەی حیزب لە نێوخۆ ‌و دەرەوەی وڵات ‌و لەباشووری كوردستان‌ و جێگیربوونیان لەناوچە سنوورییەكان.

بەشدارانی پلینۆم بە ئاماژە بە لایەنە ئەرێنییەكان ‌و ئاكامە بەنرخەكانی ئەو حەرەكەتە وێڕای سوپاس لەكادر‌و پێشمەرگە ‌و ئەندامانی حیزب لە نێوخۆ ‌و دەرەوەی وڵات ‌و لەباشووری كوردستان ‌و ئەندامانی یەكیەتییەكانی لاوان، ژنان، خوێندكاران ‌و دۆستان ‌و دڵسۆزانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە لەرەوتی ئەم حەرەكەتەدا ئەو پەڕی فیداكاریان لەخۆیان نیشان دا ‌و هەركام بە جۆرێك ‌و بە پێی ئەركی دیاریكراویان بە دڵسۆزیەوە هاوكار‌و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی حیزب بوون، ئاماژەیان بە هێندێ‌ كەم ‌و كووڕی لەو بارەوە كرد ‌و رێبەری حیزبیان راسپارد ئەو دەسكەوتە بپارێزی ‌و بە لەبەرچاوگرتنی هەل ‌و مەرجی ناوچە‌ و ئێران، بە پێی توانا بۆ بەرەوپێشبردن‌ و شوێندانەرتر كردنی ئەو حەرەكەتە هەنگاو هەڵبگرێ‌ ‌و بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەی گونجاوی هەبێ‌ كە یارمەتیدەری گەشەكردنی زیاتری بزووتنەوەی كوردستانی رۆژهەڵات بێ‌، هەروەها پلینۆم پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی هەموو ئەو حیزب، رێكخراو، NGO، كەسایەتی‌ و لایەنانە دەربڕی كە لە رەوتی ئەو حەرەكەتەدا بە شێوەی جۆراوجۆر پشتگیری حیزبی دێموكراتیان كرد ‌و حەرەكەتەكەیان بەجێی‌ و بەرحەق‌ و بە هەنگاوێكی شوێندانەر زانی.

دوایین بڕگەی كاری دەهەمین پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران باسێكی گشتی لەسەر وەزعی كار‌وباری حیزب لە چەند بوارەوە بوو. لەو بارەوە بەشدارنی پلینۆم بە دەربڕینی را‌وبۆچوونی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ هەركام لە باس ‌و بابەتەكان بڕیاری پێویستیان بۆ دان.

دەهەمین پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندی پاش ٣ رۆژ كاری بەردەوام، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٧ی جولای ٢٠١٥ی زایینی كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٥/٥/١٣٩٤ی هەتاوی
٢٧/٠٧/٢٠١٥ی زایینی