کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ رۆژ مانگرتن، ئۆلگوویەک بۆ شارەکانی تر

16:42 - 16 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: پاش زیاتر لە ٣ حەوتوو لە مانگرتنەکانی شاری بانە، هەنووکە ئەم شێوازە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بووەتە ئۆلگوو و سەرباشقەیەک بۆ باقی شارەکانی ئێرانیش.

بەپێی دوایین هەواڵ و زانیارییەکان، ئەمڕۆش ١٦ی بانەمەڕ هاوشێوەی ڕۆژانی ڕابردوو و بەگڕوتینی زیاترەوە خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری بانە درێژەیان بە مانگرتنەکان داوە و بێ‌ترس و دڵەڕاوکێ لە سازکردنی فەزای تۆقاندنی ڕێژیم داوای مافە پێشێلکراوەکانیان دەکەن.

خۆڕاگری بێوێنەی شاری بانە هەنووکە بووەتە سەرباشقە و ئۆلگوویەکی نوێ بۆ شارەکانی دیکەی ئێران تاکوو بەم شێوازە بتوانن لەسەر پێ بن و ژینێکی پڕاوپڕ لە سەربەستی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

لەم پێوەندییەشدا بەپێی هەندێک هەواڵ کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، هاوشێوەی شاری بانە دوێنێ ١٥ی بانەمەڕ، بازاڕییان و دووکاندارانی ناوچەی ئازادیی بازرگانی جوڵفا لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە ئێعتراز بە زیادکردنی "تعرفە گمرکی" و کەم کردنەوەی پشکی بازاڕییان دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ڕێژیم لە ترسی پەرەسەندن و پەلهاویشتنی ئەم مۆدێلە لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان، بەردەوام هێزی چەکداری بێ‌ورەی خۆی لە شارەکانی وەک سەقز و سنە و مەریوان ڕەوانەی شاری بانە کردووە و لە نێو شار و دەوروبەریدا مۆڵی داون.

دوایین وتەی خەڵکی ڕاساوی بانەش ئەمەیە کە چەکداران ناتوانن ئیرادەمان بەچۆکدا بێنن، ئێمە شەڕی مان دەکەین، فەرمانی جەهادی خومەینی، چوار دەیەیە تاوان دەخوڵقێنی، بەڵام کورد سەربەرزە و ئەوان سەرشۆڕ و ناوزڕاو، ئێمە پشتیوانیی خەڵکی کوردستانمان دەوێ.

مانگرتنە مێژووییەکەی بانە لە کاتێکدا پێی ناوەتە ٢٢ هەمین ڕۆژی خۆی کە بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی بە داخستنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات نیزیک بە ٨٠ هەزار کۆڵبەر و زیاتر لە ٤٠ هەزار دووکاندار و هەزاران بازرگان بێکار دەبن و ئەمەش یانی ئیفلیجی ئابووریی کوردستان.