کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كرێكاری كورد و رۆژی جیهانی كرێكار

00:05 - 15 بانەمەڕ 2718

عەبدوڵلا ڕەسوولی

لە رۆژی یەكەمی مانگی مەی ساڵی ١٨٨٦ زیاتر لە ١٢٠٠ كارگە و كارخانەی گەورەی شیكاگۆ لەلایەن كرێكارانەوە داخران و كرێكاران داوای كەمكردنەوەی ماوەی كاركردن لە دە كاتژمێرەوە بۆ هەشت كاتژمێر و زیادكردنی حەقدەستی خۆیان كرد. ئەم مانگرتنە كە بە دەیان هەزار كرێكاریی شیكاگۆ و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگا تێیدا بەشدار بوون، لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ئەمریكاوە سەركوت كرا و بەدەیان كەس دەستگیر و لە ئەنجامدا ٢٣ كرێكار لەلایەن دادگاوە سزا دران.

چینی كرێكار لە هەموو كۆمەڵگایەكدا چینی بەرهەمهێنەرە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو چینەیش لەو بەرهەمەی كە دروستی دەكات، بێبەشە و لە ئاستی ئەودا نامۆیە و كەسێكی دیكە خۆی بە خاوەنی دەزانێت كە خاوەنی سەرمایەیە. ئەم شێوازە لە بەرهەمهێنان كە كرێكار لە خۆی نامۆ دەكات و ئەو دەكاتە بەشێك لە ئامرازەكانی بەرهەمهێنان، كرێكار لە مرۆڤ بوون دەخات. بەو بۆنەوە لەو كاتەوە كرێكارانی جیهان هەستیان بە نەبوونی مافی خۆیان كردووە و بە شێوازی جۆراوجۆر و بە مانگرتن داوای مافی خۆیان كردووە و تا ئێستاش بە سەرهەڵدانی كرێكاری یەخە سپی و لەنێوچوونی كرێكاری یەخە رەش دیسان ئەو خەباتە بۆ دەستەبەركردنی مافە ئابووریی و كۆمەڵایەتی و مرۆییەكانی كرێكار بەردەوامە. 

دروستە چینی كرێكار، چینێكی بەرهەمهێنەر و چەوساوەی هەموو كۆمەڵگاكانە، بەڵام ئەم شێوازە لە چەوساندنەوە و نامۆبوونی كرێكاران زیاد و چەند بەرامبەر دەبێتەوە كە كرێكار سەر بەو نەتەوانە بێت كە ژێردەستەن و خاوەنی كیانی سیاسی خۆیان نین. مەبەست لەمە ئەوە نییە رەتی هاوخەباتی كرێكاران لە ئاستی جیهانی بكەینەوە، مەبەستمان ئەوەیە بڵێین كرێكارانی نەتەوەیەك وەك كورد جیا لە چەوساندنەوەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئاستی نەتەوەییشدا دەچەوسێنەوە. لەم حاڵەتەدا كرێكاری كورد كاتێك رووبەڕووی سیاسەتی كۆلۆنیالیستی نەتەوەی باڵادەست دەبێتەوە، جیا لەوەی وەك كرێكار دەچەوسێتەوە وەك كوردیش دەچەوسێتەوە؛ بۆ نمونە كاتێك وەك كرێكار بەرهەمی كارەكەی دەبێتە هی كەسێكی دیكە، یاخود بەهۆی قەیرانەوە دەرفەتی كاری لە دەست دەدات ئەوا بە بۆنەی كوردبوونیش زیاتر لە پێشوو دەچەوسێتەوە و دەرفەتی كار لە دەست دەدات.

روون و ئاشكرایە كە رێژیمی دەسەڵاتدار بەردەوام هەوڵی داوە كوردستان لە بواری ئابوورییەوە دواكەوتوو رابگرێت و سەرچاوە خاوەكانی كوردستان بۆ گەشەپێدانی ئابووری سەنتەر و ناوچە فارس نشینەكان بەكار بێنێت. ئەم شێوازە لە تاڵانكردنی سەرچاوەی ئابووری و گواستنەوەی بۆ سەنتەر دەبێتە هۆی ئەوەی كرێكار وەك هێزی بەرهەمهێنەر نەتوانێت كار ببینێتەوە و ناچار بێت كۆچ بكات. ئەم كۆچەش كرێكار لە دوو ئاستدا تووشی نامۆبوون دەكات، لە ئاستێك كە بە هۆی كۆچكردن بۆ ناوەند تووشی نامۆبوونی كولتوری دەبێت و لە ئاستی ئابووریش كە لەگەڵ بەرهەمی خۆی نامۆ دەبێت.

ئەگەریش كرێكار كۆچ نەكات و لە كوردستان كار بكات، ئەوان لەم حاڵەتەدا كرێكار هەمیشە تووشی دوودڵییەكی زیاتر لە كرێكاری ناوچەكانی دیكە دەبێت بۆ پاراستنی كارەكەی و بەو بۆنەشەوە هەمیشە سەرمایەداران و بە تایبەتی سەرمایەدارانی نەتەوەی باڵادەست زیاتر دەیچەوسێننەوە. 

نمونەش بۆ ئەم كارە، كانەكانی زێڕی تیكابە. لە كاتێكدا كە كرێكار بە حەقدەستی، بژیوی بنەماڵەی دابین دەكات، سەرمایەدارانی خاوەن كانیی زێڕ بۆ چەندین مانگیش ئامادە نابن حەقدەستی ئەوان بدەن و بەردەوام دوای دەخەن.

لەم حاڵەتەدا چەند شت خۆیان دەنوێنن. یەكەم ئەوەیە كە كرێكاری كورد بە شێوەیەكی جیددی هیچ كات رووبەڕووی سەرمایەداری كرچ و كاڵی كورد نابێتەوە، لەبەر ئەوەی یەكەم دیواری راگری ئەو سیاسەتە كۆلۆنیالیستیەیە كە لە ئاست تێكڕای نەتەوەكەی لە بواری نەتەوەییەوە رووبەڕووی دەبێتەوە؛ دوای ئەوەی دیواری دووهەمە كە دەبێتە چینی سەرمایەدار، كە پێویستە كرێكاری كورد رووبەڕووی ببێتەوە. هەتا ئەو كاتەی كە كرێكاری كورد نەتوانێت كێشە نەتەوەییەكانی چارەسەر بكات و ببێتە هێزێكی راستەقینەی چینایەتی، ئەوا ناتوانێت رووبەڕووی چینی سەرمایەدار و چەوسێنەری بێتەوە. بۆیە پێویستە كرێكاری كورد هەموو ئەو شتانە بسڕێتەوە و چارەسەری بكات كە هاوشێوەبوون و یەكڕەنگی لەگەڵ چینی سەرمایەدار و چینەكانی دیكەی كۆمەڵگای كوردی بۆ ئەو دروست دەكات، ئەمەش بە هیچ شێوازێك ئەگەری نییە جیا لەوەی كە كێشەی نەتەوەی كورد چارەسەر بكرێت.

لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە كرێكاری نەتەوە ژێردەستەكان بە هۆی ئەوەی لە دوو ئاراستەی جیاوازدا دەچەوسێنەوە، ئەوا وشیاریی ئەوان فرەڕەهەندە و ناتوانێت وشیارییەكی تەنها چینایەتی بێت و ئەمەش خەبات و ئەركی سەرشانیان زیاد دەكات بۆ ئەوەی هەم خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەیی بكەن و هەمیش خەبات بۆ مافە چینایەتییەكانی خۆیان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.