کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێفراندۆمی كوردستان و گۆڕینی فیكری سیاسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

23:49 - 27 خەرمانان 2717

عەبدوڵڵا رەسووڵی

ڕوون و ئاشكرایە كە لانیكەم لە نیوسەدەی ڕابردوودا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست فیكری سیاسی ئیسلامیی یا بە مانایەكی دیكە ئیسلامی سیاسیی بە هەر دوو شێوازی سونی و شیعەگەرایی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی بەرچاو گەشەی كردووە. گەشە كردنی ئەم فیكرە سیاسییە ئیسلامییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جیا لەوەی زیانێكی زۆری بە ئایینی ئیسلام گەیاندووە، بووەتە هۆی ئەوەش كە رۆژ لە دوای رۆژ ئەم شێوازە لە كاری سیاسی بەردەوام توندڕەو ببێت و لە لقی سونیگەریەکەی داعش و لە لقی شیعەگەریەکەی كۆماری ئیسلامی ئێران ببنە نموونەگەلێكی بەرچاو كە بەردەوام هەوڵیان داوە دەقی ئایینی بە ڕاڤەی تایبەتی خۆیان جێبەجێ بكەن.

لە لایەكی دیكەوەش دەبینین كە لەم رۆژانەدا لە هەرێمی كوردستان هەوڵەكان بۆ رێفراندۆم و گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵك لە پەرەسەندن دایە و بڕیارە ڕۆژی ٢٥ی سپتامبری ئەمساڵدا ڕاپرسییەكی بەرفراوان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت. ئەنجام دانی ئەم ڕێفراندۆمە چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاری گرنگ لە فیكری سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بكات.

یەكەمین گۆڕانكاری كە لە ناوچەكەدا لە بواری فیكری سیاسییەوە ئەنجامی دەدات گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵكە، كە بۆ یەكەمین جارە لە ناوچەكەدا شێوازێكی لەو چەشنە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خەڵك ئەنجام دەدرێت و خەڵك دەبنە سەرچاوەی بڕیار و دەسەڵات.

بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەم ڕێفراندۆمە چ كاریگەرییەك لە سەر فیكرێكی سیاسی ئیسلامیی دادەنێت، كە زیاتر لە نیوسەدەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە گەشە دایە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبێت بڵێن كە یەكەمین بابەت كە دەیگۆڕێت ئەوەیە، کە خەڵك دەكاتە سەنتەر نەك دەق. جیا لەوەش دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخان لە فیكری سیاسیی ناوچەكەدا و چاوەڕوان دەكرێت كە فیكری ئیسلامی سیاسیی لاواز بكات بە هۆی ئەوەی كە ناسیۆنالیزم گەشە بكات و ئیدی دەقی ئایینی و ڕاڤەی ئیسلامی سیاسیی نەتوانێت لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمدا خۆی ڕابگرێت.

جیا لەوەش بە دروست كردنی شوناسێكی سیاسیی بۆ كورد، ببێتە هۆی لاواز بوونی جیددی ئەو شوناسانەی كە چەندین سەدەیە لە چوارچێوەی دەوڵەت ـ نەتەوەی ناوەند و بە بەكارهێنانی ئایین خۆیان پێناسە كردووە.

ئەمە بەو مانایەیە، ئەو شۆناسانەی كە خۆیان لە چوارچێوەی دەوڵەت ـ نەتەوەی باڵادەست پێناسە كردووە و ئایینیان كردووەتە ئامراز، ئیدی ناتوانن لە بەرامبەر شوناسی نوێی سیاسی كورددا خۆیان پێناسە بكەنەوە و بۆیە ناچارن چاوێك بە پێكهاتە و فورمی شوناسی خۆیاندا بخشێننەوە و هەوڵ بدەن شوناسێكی نوێ بۆ خۆیان پێناسە بكەن. بۆیە دەتوانین بڵێن، كە لە روانگەی شوناسەوە ڕێفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەموو ئەو نەتەوانەی كە بەشێك لە خاكی كوردستان لە ژێر دەسەڵاتیان دایە و داگیریان كردووە و هەمیشە هەوڵ دەدەن ئەو بەشە بە بەشێك لە خاكی وڵات و دەوڵەت ـ نەتەوەی خۆیان بناسێنن، ئیدی ئەو پێناسە كاركردێكی كاریگەری سیاسی بۆیان نابێت و تووشی دژیەكی شوناس دەبن و لە ئەنجامدا پێویستیان بەوەیە خۆیان و ئەویتر كە كوردە بە شێوەیەكی نوێ پێناسە بكەنەوە؛ بەڵام ئەمجارە ئەوە ئەوان نین كە لە ڕێگای هێزەوە بتوانن شوناسەكان پێناسە بكەن و كورد بكەنە بەشێك لە دەوڵەت ـ نەتەوەی خۆیان، بەڵكوو ئەوە كوردە كە شوناسی ئەوان هەڵدەوەشێنێتەوە و پێناسەی دەكاتەوە. هەر لەم گۆشە نیگایەوە دەبینن كە نەك تەنیا عەرەبی عێراق و حكوومەتی ئێران، بەڵكوو بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ئێرانیش كە دژی حكومەتی ئێرانن، ئاشكرا و نائاشكرا دژایەتی ڕێفراندۆم دەكەن. وڵامی ئەم كارەی ئەوانیش لەوە دایە، كە شوناسیان هەڵدەوەشێتەوە و تووشی دژیەكییەكی شوناسی دەبن و لە ماوەی چەندین سەدەدا چییان بنیات ناوە دەبێت چاوی پێدا بخشێننەوە و جۆرێكی دیكە واقیعییەتەكان قەبووڵ بكەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.