کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان لەبنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو

23:33 - 26 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان، ٢٣ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، لەبنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەشاری کۆیه بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، رێوڕەسمی ٢٣ـەمین ساڵیادی تیرۆرکرانی د.شەرەفکەندی و هاوڕێیانی به ئامادەبوونی ئەندامانی رێبەری، کادر و پێشمەرگەکان، بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لەشاری کۆیه بەڕێوەچوو.

ئەم رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و خۆلەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لەسەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٣ــەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، لەلایەن حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێشکەشکرا.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەقسەکانیدا وتی: دکتور شەرەفکەندی هەمیشە لەژیانیدا کەسێکی بەرپرسیار و بە نەزم و دیسپلین بوو، لەچەسپاندنی بیرۆکەی سوسیالیزمی دێموکراتیک وەک ئامانجی دوارۆژی حیزبی دێموکرات، یاوەر و هاوکاری راستەقینەی د.قاسملوو بوو.

حەسەن شەرەفی سەبارەت بە کەسایەتی دکتور سەعید وتی: دوای شەهیدکرانی د. قاسملوو، دکتور سادق شەرەفکەندی وەک سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا و ئەگەرچی نەبوونی دکتور قاسملوو لەحیزبی دێموکراتدا دیار بوو بەڵام لێهاتوویی، بەرپرسیارەتی و نەزەم و دیسیپلینی ناوبراو لەکاروباری حیزبیدا جێگای دکتور قاسملووی بە مانای واقعی پڕ کردبووە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: یەکێک لەپرەنسیپەکانی دکتور سادق شەرەفکەندی هێنانی ئەدەبیاتی راست‌ودروست و گونجاو بۆ نێو حیزبی دێموکرات بوو کە تا ئێستاش حیزبی دێموکرات ئەو پرەنسیپەی کردووەتەی سەرمەشقی راگەیاندن و قسەکانی خۆی .

پاشان کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات سروودێکی شۆڕشگێری لەژێر ناوی شەرەفکەندی پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا چەنگیز سیگارچی\'\' پەخشانێکی لەژێر ناوی \'\'کوژرانی مانگ و کۆستی مێژوو\'\' لەهۆنینەوەی فەرەیدوون ئەرشەدی پێشکەش بە بەشداران کرد.

دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، خوێندکاران و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن \'\'هێرش کەریمی\'\' ئەندامی بەڕێوەبەری یەکیەتیی خوێندکارانەوە پێشکەش کرا.

لە دوایین بڕگەی رێوڕەسمەکەدا سرودێکی شۆڕشگێری لەژێر ناوی شەهید لەلایەن کۆڕی موزیکی حیزبەوە پێشکەش بە بەشدارانی رێوڕەسمەکە کرا.

ئەلبومی وێنە:



ڤیدیۆ