کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو

16:33 - 25 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: یادی ٧٠ـەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵۆنی پێشەوای شاری هەولێر بەرز راگیرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە، رێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێوڕەسمی ٧٠ ساڵەی تەمەنی پڕشکۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێتەختی هەرێمی کوردستان بە بەشداری ئەندامانی رێبەریی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و نوێنەرانی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان لە ساڵۆنی پێشەوا بەڕێوەچوو.

سەرەتای ئەم رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی چەند ساتێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر محەممەدساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەخێرهاتنی سەرجەم میوانی ئەم رێوڕەسمەی کرد و یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێرۆزبایی کرد.

پاشان تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

تەیموور مستەفایی لە وتەکانیدا سەرەتا باسی لە خەبات و تێکۆشانی ٧٠ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و رایگەیاند: مێژووی حیزبی دێموکرات لە هەر قۆناغێکدا جێگای شانازی و سەروەرییە بۆ ئەندامانی ئەو حیزبە و خەڵکی کوردستان، لە سەردەمی خەباتی چەکداری‌دا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نەتەنیا بە زەرەری حیزبەکانی دیکەی کوردستان کاری نەکردووە، بەڵکوو بە بەڵگە سەلماندوویە کە بە سوودی حیزبەکانی کوردستان کاری کردووە.

مستەفایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە سەردەمی خەباتی چەکداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد کە لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەری داسەپا و گەلی کوردیش دژ بەو هێرشانەی رێژیمی ئێران بەرگری لە کەرامت و ناموسی خۆی کرد.

تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشێکی پەیامەکەی‌دا باسی لەوە کرد ئەو جەنایەتانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ٣٦ ساڵ لەمەوبەر لەسەردەمی خۆی لە کوردستان کردوویەتی، ئێستا داعش ئەنجامی دەدات و داعش لە رێژیمی ئێران ئەو کردەوە و جەنایەتانە فێر بووە.

ناوبراو لە درێژەدا رایگەیاند کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران عەقڵییەتی چارەسەری دۆزی کورد و دانوستانی نییە و ئەمەش دەرخەری ئەو راستی‌یە کە رێژیمی ئێران دۆستی گەلی کورد لە هیچ کام لە پارچەکانی دیکەی کوردستان نییە.

تەیموور مستەفایی لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئێمە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیمان نوێ دەکەینەوە کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکەمان کۆڵ نادەین و وەک دوکتور سادق شەرەفکەندی دەفەرمێت یا سەر دەکەوەین یا لە تەنیشت شەهیدەکانمان سەر دەنێینەوە و دەست لە خەباتی رەوای گەلەکەمان هەڵناگرین.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سروودێکی شۆڕشگێڕانەی لە ژێر ناوی رێگایەک هەتا ئاسۆ پێشکەش کرد.

دواتر شێعرییەک لەلایەن گوڵباخ بەهرامیـەوە پێشکەش بە بەشدارانی ئەو رێوڕەسمە کرا.

پاشان سروودی بژی دێموکرات لەلایەن منداڵانی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

ئەم رێوڕەسمە بە چەند گورانییەک لەلایەن گرووپی هونەریی حیزبی دێموکراتەوە کۆتایی پێهات.

بە بۆنەی یادی حەفتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە کۆمەڵێک پەیامی پیرۆزبایی بە دەستی بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە گەیشتبوو کە ناوەکانیان بریتین لە:
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان
ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ــ یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان (YNDK)
ــ پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە
ــ رۆژنامەی خەبات ــ ئۆرگانی پارتی دێموکراتی کوردستان
ــ پارتی سوسیالیستی باکوور
ــ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ــ حیزبی شیوعی کوردستان
ــ بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کورد
ــ مەڵبەندی ٣ی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان
ــ بزووتنەوەی ئاشتی و دێموکراسی بۆ کوردستان
ــ دەستەی سەرۆکایەتی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ بزوتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان
ــ هە دە پە (HDP)
ــ عوسمان ئوجالان
ــ سینەم خان بەدرخان
ــ سەلام عەبدوڵا سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات
هەروەها بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە ساڵۆنی پێشەوا پێشانگایەکی وێنە لە ٧٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات کرابوویەوە.

ئەلبومی وێنە:



ڤیدیۆ