کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیم لە ترسی بەردەوامی و کاریگەرییەکانی مانگرتنی ئەمڕۆ دەستی کرد بە هەڕەشەکردن

17:36 - 16 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەمەبەستی چاوترسێن کردن و هەڕەشەکردن لە بازاڕییانی مانگرتوو لە شارەکانی کوردستان ژووری ئەسناف ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوابەدوای داخستنی دووکان و بازاڕەکان لە بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی کوردستان و بەهۆی ترسی ڕێژیم لە بەردەوامی و کاریگەرییەکانی، پێوەندییە گشتییەکانی ژووری ئەسناف لە پارێزگای سنە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا هاتووە: پێویستە زوو بە زوو شوێنی کاسبییەکەتان کە پێداویستی هاووڵاتییان دابین دەکات بکەنەوە، ئەگەر نەکرێتەوە هەموو بەرپرسایەتییەکی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی خۆتان.

ئەگەرچی ئەم جۆرە هەڕەشانە لە کاتی مانگرتنی پێشووی خەڵکی کوردستانیش ئەنجام درا تاکوو هەوڵێک بێت بۆ شکاندنی مانگرتنەکە، بەڵام گەلی کورد بڕیاری خۆی بۆ ئەم جۆرە چاوسوورکردنەوانە نەگۆڕی و ئەمجارەش سەرەڕای زاڵ بوونی کەشی پۆلیسی، بازاڕییان و کاسبکارانی کوردستان ئامادە نین ئیرادەی خۆیان ملکەچی بڕیار و ڕاگەیەندراوێکی ترسنۆکانەی وا بکەن.

لە مانگرتنی ئەمجارەدا شارەکانی سنە، سەقز، بانە، مەریوان، کرماشان و چەندین شار و شارۆچکەی دیکە "نا"یان وتەوە بە تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی.