کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران و روسیە بەرپرسی قەیرانی پەنابەری بۆ ئورووپان

15:40 - 17 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە، رێژیمی ئێران و روسیەیەی بەوە تاوانبار کرد کە پشتیوانی ئەو دوو وڵاتە لەبەشار ئەسەد بووەتە هۆی ئەوەیکە قەیرانی پەنابەری لەئورووپادا پێک بێت.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٤، رەجەب‌تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە لەوتووێژێکدا لەگەڵ کانالی سی.ئێن.ئێن، پشتیوانیی هەمەلایەنەکانی رێژیمی تاران و مۆسکۆی لەرێژیمی ئەسەد مەحکووم کردووە.

ئەردۆغان لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئەو دوو وڵاتە هیچ کات خوازیاری گۆڕانکاری لەسووریەدا نەبوونە و هەمیشە پشتیوانیان لەو رێبەرە زاڵمە کردووە و هیچ کاتیش بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە دەبێ چۆن لەسەر دەسەڵات لایبەرن.

سەرکۆماری تورکیە لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران و رووسیە پشتیوانی سەرەکی رێژیمی ئەسەد دێنە ئەژمار و ناوبراو بە روونی باسی لەوە کردووە کە من پێشتر بە رێبەرانی ئەو دوو وڵاتەم گووتووە کە ئێوە چەک و پارە بۆ رێژیمی ئەسەد دابین و پشتیوانی لێ دەکەن.

ئەردۆغان هەروەها باسی لەو کردووە کە تەواوی هەوڵی ئێران و رووسیە بۆ ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە لەناو ببەن و گرووپی تیرۆریستی داعش پشتیوانی لەسووریە دەکات و بەشار ئەسەد سەرکیترین پشتیوانی داعشە.

بەهۆی شەڕی نێوخۆیی سووریە کە ماوی ٥ ساڵ دەبێت درێژەی هەیە زیاتر لە ٤ میلیۆن هاووڵاتیی سووری وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.
رۆیشتنی خەڵک بۆ وڵاتانی ئورووپا لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا بێ‌وێنە بووە و لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٥ی زایینیەوە ٣٠٠ هەزار پەنابەر رۆیشتوونەتە ئورووپا کە لەسەدا ٤٦ی ئەو پەنابەرانە خەڵکی سووریە بوونە.