کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زامی سەرپێڵ هێشتا ساڕێژ نەبووە

17:19 - 21 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: زامی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی شاری سەرپێڵ لە پارێزگای کرماشان هێشتا ساڕێژ نەبووە و هەر ڕۆژ لە گەڵ کێشەیەکی تازە بەرەوڕوون؛ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ ئاوڕێک لە ناوچە کوردنشینەکان و بە تایبەت شاری سەرپیڵ زەهاو نادەنەوەو.

ئەمڕۆ ساڵێک بە سەر ڕووداوی بوومەلەرزەی شاری سەرپێڵ لە پارێزگای کرماشاندا تێدەپەڕێت؛ بوومەلەرزەیەک کە سەرەڕای ڕووخاندنی خانووەکانی ئەم شارە، هیواکانیشی ڕووخاندن و دڵی هەر تاکێکی لە هەر شوێنێکی ئەم کوردستانەدا هەژاند.

٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بووومەلەرزەیەک بە گەورەیی ٧.٣ ڕیشتر شاری سەرپێڵ لە پارێزگای کرماشانی هەژاند. هەرچەند کە خەڵکی سەرپێڵ و دەوروبەر باسیان لە خایاندنی ٧ چرکەیی بوومەلەرزەکە دەکرد، بەڵام  بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ناوەندی بوومەلەرزە نگاریی ڕێژیمی ئێران، ئەم بوومەلەرزەیە  کە یەکێک لە گەورەترین بوومەلەرزەکانی تۆمارکراو لە هەرێمی زاگرۆس بە ئەژمار دێت، لە ماوەی ٣٠ چرکەدا زۆربەی هەرە زۆری خانووەکانی ڕووخاند و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئەم شارە و گوندەکانی دەوروبەری  کە ڕێژیم هیچ کات ئامادە نەبوو ئامارێکی ورد و درووست لەمبارەوە بدات بە دەستەوە.

بە وتەی خودی خەڵكی شاری سەرپێڵ، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوژراوەکانی ئەم ڕووداوە ئەو کەسانە بوون کە لە گوندەکانی دەوروبەردا دەژیان و گەڕەکی فوولادی شاری سەرپێڵیش گەورەترین زیانی پێگەیشت. هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاویش لەو کەسانە بوون کە لە نێو خانووەکانی مەسکەن مێهردا ژیانیان بە سەردەبرد، ئەو خانووانەی کە لە کاتی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی‌نژاددا، بە پارەیەکی زۆر و ئەمنییەت و ستانداردێکی زۆر نزمەوە بۆ خەڵک درووست کران.

ئەم بوومەلەرزەیە جیا لەو خەسارە گیانی و مادییانەی کە بە دوای خۆیدا هێنای، ئاسەواری دەروونی زۆر خراپ و نالەباری لەسەر گوزەران و ژیانی خەڵکی دەربازبوو لە ڕووداوەکە بەجێهێشت؛ لە ژیان لە نێو نایلۆن، کانکس و چادر و نەبوونی حەمام و سرویسی بێهداشتی و جلوبەرگی پێویستەوە بگرە هەتا دەستنەکەوتنی ئاوی خواردنەوە و تووشبوون لە گەڵ سەرما و سۆڵەی زستان و گەرمای تاقەتپڕووکێن و نەخۆشییەکانی تایبەت بەم وەرزە و هاتنەئارای دەیان حاڵەتی خۆکۆژی لە ئاستە تەمەنییە جیاوازەکاندا.

بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە سەرچاوە جیاجیاکاندا لەم بارەیەوە بڵاو کراونەتەوە، زیاتر لە 20 حاڵەتی خۆکوژی لە سەرپێڵی زەهاودا ڕووی داوە و تۆمار کراوە کە هۆکارەکانیان ئەگەڕێنەوە بۆ نالەباربوونی دۆخی ژیان و چوونە سەرەوەی ئاستی بێهیوایی ئەو خەڵکە لە بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە ئێستاشی لە گەڵدا بێت، پاش تێپەڕبوونی ١٢ مانگ هێشتا جێبەجێ نەکراون و هەر لە ئاستی قسە و دروشمدا ماونەتەوە.

نەخۆشییە گشتگیرەکان، گەرما، زۆربوونی خشۆکەکانی وەکوو مار، نەبوونی بێهداشت، کەمئاوی و نەبوونی پێداویستییە سەرەکیی و تەنانەت سەرەتاییەکانی ژیان، تەنیا چەند نموونەیەک لەو کێشانە بوون کە گیانی لێقەوماوانی ئەم شارەیان لەگەڵ مەترسی ڕووبەڕوو کردبوویەوە.

بە وتەی ئەو کەسانەی کە لەو کاتەدا، لە نزیکەوە لەگەڵ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەدا بوون، قوربانیانی ئەم ڕووداوە، زۆرتر لەوەیکە لە نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و لەدەستدانی ئەندامانی بنەماڵەکانیان نیگەران و خەمبار بن، سووکایەتیکردنی بەرپرسانی ڕێژیم و دزین و بەتاڵانبردنی کەلوپەلە نێردراوەکان ئازاری دەدان؛ شاهێدان دەڵێن ئەندامانی سپای پاسداران بە کوتانی لۆگۆی سپای پاسداران لە سەر ئەو کانێکسانەی کە وەکوو پێشکەشی هێنرابوون، هەوڵی چەواشەکردنی ڕاستییەکان و دەرخستنی خۆیان دەدا کە بە چەندین نموونە، جگە لە خەڵکی شارەکانی دیکە لە گەڵ هەڵوێستی خودی بوومەلەرزەلێدراوانیش بەرەوڕوو بوونەوە.

لە بەرانبەر هەموو کەمتەرخەمییەکانی کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و گوێنەدانییان بە دۆخی نالەباری لێقەوماوانی ڕووداوەکە، ئەوەیکە جێگای ڕێز و ستایش بوو، بە هاناوە هاتنی خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو کە وەک حەماسەیەکی لەبیرنەکراوی نیشتمانی و نەتەوەیی سەیر دەکرێت؛ خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕێکخراوە مەدەنی و سێنفییەکانی  ڕۆژهەڵات بە دانانی کەمپەینە جیاوازەکان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی لە شارە جۆراوجۆرەکاندا و بە پێشکەشکردنی کانێکس و چادر و جلوبەرگی تایبەت بە تەمەنە جیاوازەکان و ئەنجامدانی دەیان چالاکی خێرخوازانەی تر ئەرکی نیشتمانی خۆیان بەرانبەر بە خوشک و برا کوردەکانیان لە شاری سەرپێلدا بە جێ گەیاند  و حەماسەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییان خوڵقاند.

بەشداری خەڵک لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ بوومەلەرزەلێدراوان و ڕۆیشتنی چالاکان و خەڵکی خەمخۆری کوردستان بۆ شاری سەرپێڵ، هێڵی بەتاڵبوونی بە سەر ئەو بیرۆکە شۆڤێنیستییەی ڕێژیمی ئێراندا کێشا کە پێی وابوو لە پڕۆسەی پاکتاو کردن و فارساندنی خەڵکی پارێزگای کرماشاندا سەرکەوتوو بووە و توانیویەی بەشێکی گرینگ و بەربڵاو لە خاکی کوردستان و حەشیمەتێکی زۆر لە خەڵکی ئەو نیشتمانە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و جوگرافیا دەستکردەکەیەوە.

نموونەی بەرچاوی ئەم بەتاڵبوونەوەیە  ئەوە بوو کە کاک ئەبووبەکری مەعروفی، بۆ گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی ئەم ناوچەیە لە بۆکانەوە کەوتەڕێ وبەداخەوە بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەی لە ڕێگای سەلاس ـ جوانڕۆدا گیانی لەدەست دا، بەڵام بە شەهیدبوون لەو ڕێگایەدا پەیامی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی خەڵکی کوردستانی گەیاندە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا و بە شەهیدبوون لەم پێناوەدا، ئەوەی بە بەرپرسانی رێژیمی ئێران ڕاگەیاند کە کورد لە هەر شوێنێکی ئەم کوردستانەدا بێت خەمخۆر و گیانفیدای هاونیشتمانییەکانی خۆیەتی.

لەنێو حەماسەی نیشتمانی گەیاندنی یارمەتی بە کوردانی لێقەوماوی سەرپێڵ، حەماسەیەکی دیکە سەری هەڵدا کە بریتی بوو لە ڕێپێوانی بەرچاو و هەزاران کەسی خەڵکی شارەکانی کوردستان ، هەر لە سەرپێڵەوە تاکوو بۆکان کە دوامەنزڵگەی شەهید ئەبووبەکر بوو بۆ ڕێگری کردن لە دزینی تەرمی شەهید ئەبووبەکری مەعرووفی لە ڕاستای پێشگرتن لە حەماسەیەکی نیشتمانیدا کە بووە مایەی وەلەرزەخستنی بنیاتی دەسەڵاتی حاکمانی سەرەڕۆی ئێران و ئاماژەیەک بوو بە هەبوونی ئیرادەیەکی نەتەوەیی .

ئەمڕۆ کە یک ساڵ بە سەر ئەو ڕوداوەدا تێدەپەڕێت، شاری سەرپێڵ هێشتا لە گەڵ کۆمەڵێکی بەرچاو لە کێشەکانی ڕۆژەکانی سەرەتای ڕووداوەکە بەرەوڕوویە.

تازەترین وێنە و گرتە ڤیدیۆەکان باس لە ڕەوشی نالەباری ژیانی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکەن ، کە پاش ١٢ مانگ بەڵێنی درۆ و نابەجێ و دروشمی ناڕاست نەک هێشتا هیچ خانوویەکی گونجاو بۆ مانەوە و ژیانی ئەو خەڵکە ساز نەکراوە، هێشتا لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە لە نێو چادر و کانێکسدا دەژین و لەم وەرزە سەردەدا لە گەڵ نەبوونی  شوێنی گەرم و کێشەی ئاو و کارەبا و نەوت و هەروەها دەیان کێشەی دیکە بەرەوڕوون؛ منداڵەکان شوێنی خوێندنیان بۆ دابین نەکراوە و لەو دۆخە سەختەدا درێژە بە خوێندن دەدەن.

سەرنجدانێکی خێرا بەسەر دۆخی یەک ساڵەی ئەم خەڵکە و وردبوونەوە لە بابەتەکە لە دەرەوەی بازنەکە، تەنیا و تەنیا دەرخەری یەک ڕاستییە، ئەویش گرینگی هەبوونی نەتەوەی کورد و هەوڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ تواندنەوە و پاکتاو کردنی ئەم گەلەیە، کە ئەم ڕێژیمە پاش ٤ دەیە لە دەسەڵاتدارێتی خۆی هێشتا لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی لێوڕێژ لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەرەوڕوویە و نەیتوانیوە بوون و مەوجوودییەتی کورد لە ناو بەرێت.