کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆ ئورووپاییەکان پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ زانکۆکانی ئێران پچڕاندووە

13:01 - 27 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لەژێر کاریگەری گەمارۆوەکانی ئامریکا، زۆرێک لە زانکۆ ئورووپاییەکان، پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ زانکۆکانی ئێران پچڕاندووە و هیچ چەشنە هاوکارییەکیان لەگەڵ ناکەن.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی گەلاوێژ، دوکتور "محەممەد تەقی ئەحمەدی"، بەرپرسی زانکۆی "تەربیەت مودەرس" ڕایگەیاندووە: "زانکۆکانی ئورووپایی لەژێر کاریگەری گەمارۆوەکانی ئامریکا هیچ یارمەتییەکمان نادەن و جوابی ڕەد بە داواکارییەکانمان بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش بە ئێمە دەدەنەوە".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، کە ئەم قسانەی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەری "ئیسنا" سەر بە ڕێژیم کردبوو، لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاندبوو، کە شەش مانگ دوای وەگەڕخرانی گەمارۆوەکانی ئامریکا، زانکۆ ئورووپاییەکان هاوکارییەکانی خۆیان ڕاگرتووە.

گەمارۆوەکانی ئامریکا، کە نزیک دوو ساڵ لەمەوبەر و لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام وەگەڕ خرانەوە و هەرچەشنە پەیوەندییەکی بازرگانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران قەدەغە کرد؛ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئابووری ئێران تووشی داڕمان بێت و ئێستاش دەردەکەوێت کە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵای ئەم ڕێژیمەشی تووشی گرفت کردووە و زانکۆکانی جیهانی ئامادەی هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیدا نین.