کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆ پشتیوانی خەباتی شاخە

12:48 - 26 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: خوێندکارانی کوردی زانکۆی "عەلامە تەباتەبایی"ی شاری تاران لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژیان کرد و پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەبۆنەی ۲۵ی گەلاوێژ

خۆێندکارانی کوردی زانکۆی علامە تەباتەبایی

۲۵ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی ئاکادێمیای فێربوونی خەبات لەپێناو ئازادی و دێموکراسی بەرز و بەڕێز بێت. ئاکادێمیایەک کە زیاتر لە ٧ دەیەیە بێ ڕاوەستان، بزوێنەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان بووە و بێوچان دژی دوو دەسەڵاتی ملهوڕی سەردەم خەباتی کردووە کە لەو ماوەیەدا بە هەزاران ڕۆڵەی قارەمان گیانیان پێشکەشی بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە و فیداکاری و قارەمانەتی بێوێنەیان نواندووە و بوونەتە پێشەنگی ئەو لایەنانەی کە دستیان بە خەبات بۆ کورد کردووە.

حیزبی دێموکرات لە ماوەی خەباتیدا کۆمەڵێک دەسکەوتی زێڕین و بەنرخی لەپێناو کوردستاندا تۆمار کردووە، دامەزراندنی کۆماری کوردستان، هێنانە مەیدانی ناوی پێشمەرگە و دواتر هێزی پێشمەرگە.

خەباتی چەکداریی ساڵەکانی ۴٦-۴۷، ڕێکخستنی خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی گەلانی ئێران، دواتر خەباتی چەکداری و تەبلیغاتی و میدیایی دژی کۆماری ئیسلامی هەتا دەگاتە ڕاسان.

لە هەلوومەرجی هەنووکەییدا ڕاسان لە سەر ئەو واقعییەتە هاتە مەیدان کە تەنیا فاکتەری یەکلاکەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا هێزە و بۆیە پشتگۆێخستنی هێز، لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هەڵەیە، بۆیە حیزبی دێموکرات بە دەسپێکی ڕاسان هەم، دانی بەو واقعیەتە سیاسییەی ناوچەدا نا و هەم بووە چالاکترین کاراکتەری ئەم قۆناغەی خەبات.

دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە سەر بنەماکانی دێموکراسی پێویستییەکی مێژوویی بوو کە لەو هەلومەرجە سیاسییەی کە بە سەر جیهاندا زاڵ بوو، هاتە مەیدان و بووە دەنگی زوڵاڵی نەتەوەیەکی بندەست، کە زیاتر لە ۷۰ساڵە سەرباری هەموو کۆسپ و نسکۆکان، بە بێ ڕاوەستان ڕێبازی درووستی نەتەوەیی و نیشتمانیی خوی دەپێوێ و سیاسەتی ڕاست و درووستی خۆی لە سەر ئەساسی واقیعییەتی کۆمەڵگای کوردستان و ناوچەکە و جیهان داڕشتووە کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە دروشم و ئامانجی خۆی چارەسەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد بووە و خاوەن فراوانترین و درێژترین شۆڕش لە پێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەدا بووە و بە تێکەڵکردنی ئەخلاق لە سیاسەتدا بووە جێی متمانە و باوەڕی خەڵکی کوردستان و لە قۆناخی ئێستادا ئێمە وەک خۆێندکارانی کوردی زانکۆی "علامە تەباتەبایی" خەبات دژی کۆماری ئیسلامی بە دوو هۆکاری زۆر گرینک بە ڕەوا دەزانین، یەکەم ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی داگیرکەرە کە وڵاتێکی بە ناو کوردستانی داگیر کردووە.

دووهەم کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی نادێموکراتیک و ناخەڵکیە و هەموو ئازادییەکانی خەڵکی کۆمەڵگای زەوت کردووە و ئەم ڕێژیمە هەموو سەروەت و سامانی خەڵکی لە پێناو ئامانجی چەپەڵی خوی بە تاڵان بردووە و وڵاتی کردووە بە زیندان بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا، بۆیە خەبات دژی ئەم ڕێژیمە داگیرکەر و ناخەڵکی و نادێموکراتیکە بە ڕەوا دەزانین و زانکۆ دەکەینە مەتەرێزێک بۆ پاڵپشتی و بەرفراوان کردنی خەباتی ڕەوامان.

پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مێژووییە لە سەرجەم خەلکی کوردستان دەکەین

سەرکەوێ ڕاسان