کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆی کەمبریج دکتوڕای ئیفتخاری بە ژمارەیەک کەسایەتی کورد بەخشی +وتووێژ

17:48 - 21 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: بۆیەکەمجار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ١٠کەسایەتی کورد لەقاهیرەی پایتەختی میسر لەلایەن زانکۆی کەمبریجەوە لەرێوڕەسمێکدا دکتوڕای ئیفتخارییان پێ بەخشرا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە کە تایبەت بوو بە نەتەوەی کورد، ماوەی چەند حەفتە لەمەوبەر بە وتنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و دانانی ئاڵای کوردستان بەڕێوەچووە و تێیدا ژمارەیەک لە رووناکبیر، هونەرمەند و کەسایەتی ئایینی لەلایەن رێکخراوی کتێبی بێ سنوور، ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ زانست و تەکنۆلۆژی و زانکۆی کامبریدجی بریتانییەوە خەڵاتی دوکتۆرایان پێ بەخشرا.

خەسرەو جاف کە یەکێک بوو لەو کەسانەی لەو رێوڕەسمەدا لەبواری شێعر و دیزاینەر، دوو خەڵاتی دوکتوڕای پێ بەخشراوە لە وتووێژێک لەگەڵ کوردستان میدیا باس لەوە دەکات:
زانکۆی کەمبریج بە یەکێک لەگەورەترین زانکۆکانی جیهان لەبواری زانستیەوە دێتە ئەژمار، ئەو زانکۆیانە ساڵانە نەتەوەکان هەڵدەبژێرن و بە کەسانی بەرهەمداری ناو ئەو نەتەوانە دوکتوڕای ئیفتخاری پێشکەش دەکەن کە تایبەتمەندی خۆیان هەیە، دیارە کەسانی زۆر بە تواناتر و رۆشنبیرتر لەناو نەتەوەی کورددا هەبووە، بەڵام نەتەوەی ئیمە ئەستێرەی نەبووە و ئێستا کە لە هەزارەی سێهەم دایە و پەنجەرەی دونیای پێگەیشتوو و تێگەیشتووی بە روو کراوەتەوە لەسەر ئاستی وڵاتان و زانکۆکان بە بایەخەوە لێیدەڕونرێ.

9725.jpg
خەسرەو جاف

خەسرەو جاف وێرای جەخت کردن لەسەر ئەوەی کە ئەمە دەسکەوتێکی نەتەوایەتییە نەک دەسکەوتێکی تاکەکەسی وتیشی:

ئەو خەڵاتە تەنیا بۆ من نیە و بۆ نەتەوەکەشمە و من پردێکم کە نەتەوەکەم بەسەرمندا گوزەر دەکات. هەندێ جار گوزرەکردنی مەسەلەکان بۆ ناو نەتەوەکانی دیکە دەبێت لە رێگەی کەسەکانەوە بێت، بەڵام دەبێت لە رێگەی کەسایەتی وا بێت کە خەڵک نەتوانن رەخنەی لێ بگرن، هەر بۆیە ئێمە ئامرازێکین بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە.

ئەو شاعیر و دیزاینەرە کوردە وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئێمە لە قۆناغێک دا دەژین کە زۆربەی جوانییەکان و مەسەلە رۆشنبیرییەکان لەناو ململانێ سیاسیدا نوقم بوونە، بەم شێوەیە باسی لە روانینی کۆمەڵگای کوردستان بۆ ئەم مەسەلەیە کرد:
بایەخی هونەر و جوانییەکان لە ناو نەتەوەی ئێمە تارادەیک نوقم بوونە و تاریکاییەکی زۆر ناشیرین و بێ هەژمار خرایە سەر ئەم خەڵاتانەش کە بە من و نەتەوەکەم بەخشرا. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە چۆن رۆشنبیری و هونەر و دونیای داهێنان لە ژێر سەرپۆش و شەپۆلی مڵملانەیەکی لاواز و نەخۆش و تەنگە نەفەس نوقم بووە. هەروەها ئەوەی کە کەس لە زەرافەت و جوانییەکان تێ ناگات. هیوادارم رۆژێک بێت کە زەرافەتەکان وەک خۆی دەرکەون و لێهاتووەکان شایەنی ئەوە بن کە تەواوی بەرەکان، حیزبەکان و دەسەڵاتداران بە چاوێکی حەقیقەت بڕوانە دونیای رۆشنیری و پێگەیشتن و تێگەیشتن.

ئەو هونەرمەندە کوردە ویرای پێداگری لەسەر ئەوەی کە نەتەوەی کورد ئەو مەرجانەی تێیدایە کە بگاتە مافی رەوای خۆی لە هەموو بوارەکان، هیواشی خواست نەتەوەی کورد بگاتە پێگە و جێگەی حەقیقی خۆی و سەرێکی لە ناو نەتەوەکان هەبێت.

هاوکات لەگەل خوسرەو جاف ژمارەیەک کەسایەتی دیکەش بەپێی پسپۆڕی و خزمەتی چەند ساڵەیان لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، هونەری و نووسیندا خەڵاتیان پێ بەخشراوە.

شڤان پەروەر، عەبدولڕەحمان سدیق، شوکریە رەسوڵ، کوردستان موکریانی، ئەحمەد سالار، مەتران رەبان، سیروان بارزانی، عەزیز محەممەد و هێدی شاعیر لەو کەسایەتیە کوردانە بوون کە خەڵاتی دکتوڕاییان پێ بەخشراوە.

لەو رێوڕەسمەدا زۆربەی سەردەمدارانی ئەو وڵاتە، وەزیرەکان و پارێزگاری قاهیرە، هەروەها ژمارەیەک لە هونەرمەندان ئامادە بوون.