کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زرێبار جارێکی تر دەکرێتە قوربانی

12:20 - 31 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بۆ جارێکی دیکە زرێبار دەبێتە قوربانیی بێکیفایەتیی بەرپرسانی شاری مەریوان و هەڕەشە لە پاک و خاوێنی و پاقژبوونی ئەو دەریاچەیە دەکرێت.

گۆلی زرێبار کە یەکێک لە گەورەترین دەریاچە سروشتییەکانی ئاوی شیرینە، چەندین ساڵ بەهۆی ڕژانی ئاوەڕۆی گوندەکانی دەوروبەریەوە بۆ نێو دەریاچەکە، هەڕەشەی پیسبوون و لەنێوچوونی لەسەر بوو.

پاش بەدواداچوونێکی زۆر بۆ ئەو کێشەیە لە لایەن ژینگەپارێزان و خەڵکی ژینگەپارێزەوە، ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی گوندەکان، بە گۆڕینی ئاوەڕۆی ئەو گوندانە کێشەکەیان چارەسەر کرد، بەڵام بۆ جارێکی تر، ئاوەڕۆوەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر زرێبار.

لەم پێوەندییەدا "ئەنجومەنی سەوزی چیا"، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئیدارەی ڕێگاوبانی مەریوان، بە مەبەستی بەرینترکردنەوەی ڕێگاکانی دەوروبەری زرێبار، خەتی گواستنەوەی ئاوەڕۆوەکانی تووشی زیان کردووە.

بەهۆی ڕێژەی زۆری ئاوەڕۆوەکان و پڕبوونی لوولە و مەنهۆڵەکان، ڕێژەیەکی بەرچاو لەو ئاوەڕۆوانە، ڕاستەوخۆ چووەتە نێو دەریاچەی زرێبارەوە و ئەمە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دەریاچەکە دێت ئەژمار.

لەم پێوەندییەدا، "سەلاح کۆنەپۆشی"، چالاکی ژینگەپارێزی وتی: "ئەم کارە سیاسەتێکی سیستماتیکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە بە مەبەستی لەنێوبردنی دەریاچەی زرێبار دەکار دەکرێت و هەوڵێکە بۆ ڕەواندنەوەی گەشتیار لەو ناوچەیە و لەنێوبردنی جوانیی کوردستان".

هەوڵە نگریسەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان بەردەوامە و ئەم کارەش نوێترین هەوڵی ڕێژیمە بۆ سەر زرێبار.