کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی شوێنیستی نەتەوەی باڵادەست ئەمجارە لە زاری ئەدیبێکی فارسەوە هەڵسووڕا

13:08 - 14 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: هزری شوێنیستیی فارس کە سەدان ساڵە بەسەر نەتەوەکانی ئێراندا زاڵە، وەک هەمیشە و لە لایەن ئەم هزرەوە و لە زاری بەناو ئەدیبێکی ناسراوی ئەو بیرە چەقبەستووەوە، هێرش کراوەتە سەر زمانەکانی دیکەی ئێرانەوە.

بەناو ئەدیب و مامۆستای زانکۆوەکانی ئێران، دوکتور "شەفێع کەدکەنی" لە لێدوانێکدا بە زمانی سووکایەتییەوە هێرشی کردووەتە سەر زمانەکانی دیکەی ئێران و وتوویەتی: "ئاخر چ گەمژەیەک دێت فێری زمانە مەحەلییەکان بێت، لە حاڵێکدا ئەو زمانانە کەسانێکی ئەدیبیان تێدا نەبووە، هەتا لەگەڵ شکسپێر زۆرانبازی بکەن".

لە بەرانبەر ئەم لێدوانە چەقبەستووانەدا، دوکتور ڕەهبەر مەحموودزادە، مامۆستای زانکۆوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و خەڵکی شاری شنۆ، بە نووسینی بابەتێکی تێروتەسەل وڵامێکی زانستییانە و ئاکادمێکی بە شەفێع کەدکەنی داوەتەوە و پەستان و توانایییەکانی زمانی کوردیی بۆ ئەو ئەدیبە شوێنیستە فارسەی خستووەتە ڕوو و شی کردووەتەوە.

ئەم هێرشە بەئەنقەستانە کە لە لایەن کەسانێکی شوێنیستی فارسەوە دەکرێتە سەر زمان و نەریتی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە هۆی هەستی دەمارگرژانەیانەوە هێندە زەحمەتیان بە خۆیان نەداوە، هەتا لەسەر زمانەکانی دیکەی ئێران خوێندنەوەیەکیان هەبێت و ئیمان بە بوون و توانایی ئەو زمانانە بێنن.

ئەگەر ئەم ئەدیبە فارسە تۆزقاڵێک خوێندنەوەی لەسەر زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران هەبوایە، بۆی دەردەکەوت کە لە نێو نەتەوەکانی ئێراندا بەتایبەت کورد سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەردەوام هەوڵی تواندنەوەی زمان و دابونەریتی دراوە، بە هۆی بەهێزبوونی زمان و کولتوورەکەیەوە، کەسانێک وەکوو: بابا سەرهەنگ دەودانی (هاوسەردەمی ڕوودەکی)، پیرشالیار هەورامی، ئەحمەدی خانی، مەلا مستەفای بێسارانی، نالی، شێخ ڕەزا تاڵەبانی، قانع، هەژار، هێمن، شێرکۆ بێکەس و هتدی تێدا هەڵکەوتووە، کە لەگەڵ حافز  و سەعدی و فێردۆسی و .... لە بواری ئەدەبییەوە دەتوانن زۆرانبازی بکەن.