کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی کوردی بە زمانە جیهانییەکانەوە زیاد کرا

11:53 - 6 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئاڵمان بە شێوەی فەرمی زمانی کوردی لە ڕیزی زمانە جیهانییەکانەوە دەخوێندرێت و بە بەشی پەروەردە و ڕاهێنانی ئەو وڵاتەوە زیاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "یەکیەتیی مامۆستایانی کورد لە ئورووپا"، لە وڵاتی ئاڵمان زمانی کوردی وەک زمانە جیھانییەکانی دیکە لە قوتابخانەکان و وەک وانەی زمانی دووهەم دەخوێندرێت و قوتابیان زمانی کوردی فێر دەبن.

لەو بارەیەوە "عەبدولقادر ئولوماسکان"، سەرۆکی یەکیەتیی مامۆستایانی کورد لە ئورووپا، ڕایگەیاندووە: "لە ھەرێمی ڕاینی باکوور- وێستفالیا (Nordrhein-Westfalen) بڕیاردراوە زمانی کوردی بە لیستەی ئەو زمانە جیھانییانەوە زیاد بکرێت و قوتابییان دەتوانن ئارەزوومەندانە وەک وانەی زمانی دووهەم یان سێیەم بیخوێنن".

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە،  نمرەی قوتابییان لە وانەی کوردی کاریگەری دەبێت لەسەر کۆنمرەی ساڵانە، واتا وانەی کوردی وەک وانەیەکی سەرەکی لە قوتابخانەکان ھەژمار دەکرێت.

زمانی کوردی زمانێکە که خەڵکی کورد لە وڵاتی کوردستان قسەی پێدەکەن. زمانی لە ڕووی بنەماڵەوە بەشێکە لە بنەماڵەی زمانە ھیند و ئورووپایییەکان.