کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی مووچەبگیرانی ڕێژیمی ئێران، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

13:10 - 3 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە سێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، زۆربەی مووچەبگیرانی ئەو ڕێژیمە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ئیسماعیل گورجی‌پوور، بەرپرسی گشتی بیمە کۆمەڵایەتییەکانی وەزارەتی تەعاون و کار و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتی، باسی لەوە کردووە کە ٧٧ لەسەدی مووچەبگیران لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە رایگەیاندووە: "بە هۆی هەڵاوسان و گرانی لەڕادەبەدەر لە بازاڕەکانی ئێراندا، ئەو پارەیە کەفافی ژیانی مووچەبگیران ناکات".

ناوبراو بە پشتبەستن بە ئامارێک کە لەبەر دەستیدا بووە، ڕایگەیاندووە، کە ٧٧ لەسەدی مووچەبگیرانی دەزگای "تامین ئیجتماعی" خانوویان نییە و ٣٥ لە سەدی خانەنشینکراوان، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ئیسماعیل گورجی‌پوور لەوبارەوە ئاشکرای کردووە، کە لە ئێستادا مانگانە هەر بنەماڵەیەک کە لە شاردا دەژین و لە لایەن ئەو سازمانەوە مووچە وەردەگرن، تەنیا ٤١ لەسەدی هەموو هەزینەکانیان دابین دەکات.

ناوبراو بارودۆخی نەخدینەیی ئەو ڕێکخراوەیەی بە کارەساتبار ناو بردووە و ڕایگەیاندووە: "لە ئێستادا ڕێکخراوی تەئمین ئیجتماعی تووشی کەمی بوودجە بووە و یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ ڕێژیم دەگەڕێتەوە کە پێبەندی بەڵێنەکانی بە نیسبەت ئەو ڕێکخراوە نەبووە".

ناوبراو بە پشتبەستن بە بارودۆخی خراپی سندوقەکانی پاشەکەوتی خانەنشینکراوان لە ئێراندا، پێشبینی ئەوەی کردووە کە لە ساڵی  ١٤٠٠ی هەتاویدا ٤٠ لەسەدی داهاتی گشتی وڵات تەنیا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەسارانە تەرخان بکرێت.

پێشتر هیدایەتۆڵڵا خادەمی، جێگری بەرپرسی کومیسیۆنی وزەی مەجلیس، جەختی لەوە کردبوویەوە کە سندووقەکانی خانەنشینی بوونەتە حەیات خەڵوەتی هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم.

ناوبراو لەو بارەوە رایگەیاندبوو: "کێشەی ئیمە ئەوە نییە کە بۆ چوونەدەرەوە لە قەیرانەکانی ئێستامان ڕێگاچارەیەکمان نییە، بەڵکوو کێشەی سەرەکی ئەوەیە مودیران و ئەو بەرپرسانەی کە لە سەرەوەن هیچ مەیلێکیان بۆ گۆڕانکاری تێدا نییە یان بۆ خۆشیان دەستیان لە گەندەڵی ئابووریدا تێکەڵ بووە".