کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٥ هەزار گوند لە ئێراندا ئاوی لوولەکشیان نییە

12:15 - 26 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری وزەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کە ٥ هەزار و ٥٤٠ گوند لە ئێراندا، لە ئاوی لوولەکشیی بێبەرین.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم، زیاتر لە ٤٦٧ هەزار بنەماڵەی هۆز و گوندەکان، ئاوی لوولەکشیان نییە و ئاوی پێویستی ڕۆژانەی خۆیان بە گالون و تانکرەکان دابین دەکەن و بە هاتنی وەرزی گەرما و قەیرانی وشکەساڵی، لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیم تەنیا ٨٠٠ تانکری دابین کردووە بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ گوندەکان، کە بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی بنەماڵەکان زۆر کەمە و گەیاندنی ئاو بۆ ٥ هەزار گوند بە ٨٠٠ تانکر جێبەجێ ناکرێت.

لەم پێوەندییەدا، پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە ئێراندا، قەیرانیترین بارودۆخی هەیە و هەزار و ١٢٢ گوند لەو پارێزگایە، کە حەشیمەتیان نزیک بە ٢٢٠ هەزار کەسە، ئاوی لوولەکشیان نییە و جێگەی ئاماژەیە کە ئەو گوندانەش کە لوولەکشی کراون، ئاوی خاوێنیان نییە.

لە وەها بارودۆخێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیم، زۆر ناوچەیان تووشی قەیرانی ئاو کردووە و بە پرۆژەکانیان پەرەیان بە وشکەساڵی داوە ، نەتەنیا ڕێژیم لە بیری چارەسەرکردنی ئەو کیشە و گرفتانە نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای بیرۆکەی فاشیستیی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، کەڵکئاژۆی سیاسی لێ وەردەگرێت.

ڕێژیم لە هەوڵدایە بە لەنێوبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و گواستنەوەیان بۆ ناوەندی ئێران، لە ناوچەکانی وەکوو: کوردستان، سیستان و بەلووچستان و ناوچە عەرەبنشینەکان، بیاوانەکانی ناوەندی ئێران ئاوەدان بکاتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی وزەی ڕێژیم، ٣٣٤ شار لە ئێران بە حەشیمەتیک نزیک بە ٣٤ میلیۆنەوە، لەگەڵ مەترسی بێئاوی و پچڕانی ئاو و کەرەبا بەرەوڕوون.