کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٧٠ کارخانەی خشت‌بڕی لە تاران داخران

18:11 - 5 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ ئەگەری هاتنەئارای خولی نوێی تەحریمەکان و ئاڵۆزتربوونی دۆخی ئابووریی لە ئێران، زیاتر لە ٧٠ کارخانەی دیکە داخران و هەموو کرێکارەکانیان بێکار بوون.

"کیهان لندن" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، بەهۆی چوونەسەری تێچووەکانی بەرهەمهێنان بەتایبەت نرخی سووتەمەنییەکان، زیاتر لە ٧٠ کارخانەی خشت‌بڕی لە دەوروبەری تاران داخران و هەموو کرێکار و پێرسۆنێلەکەشیان بێکار بوون.

سەرۆکی یەکیەتیی فەخارانی پارێزگای تاران لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: چوونەسەری ٣ قاتی نرخی گاز بووەتە هۆی ئەوەیکە زۆربەی کارخانەکانی خشت‌بڕی تووشی مایەپووچی و داخران ببن کە سەرنجنەدان بە خاڵە یاساییەکان سەبارەت بە کاروباری ئابووریی و نرخی گاز، چالاکی خشت‌بڕییەکانی توشی کێشەی جیددی کرد.

مۆرتزا مەنبەعچی وێڕای ئاماژە بە هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی پێوەندیدار ڕایگەیاندووە: سەرەڕای وادە و بەڵێنی بەردەوام، بەڵام ناکارامەیی لێپرسراوان چالاکی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەم یەکیەتییە تووشی کیشە کرد و لە ئاکامدا زیاتر لە ٧٠ یەکە داخران.