کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی هەڵەیەکی پزیشکییەوە، زیاتر لە ٢٠٠ کەس تووشی نەخۆشیی ئایدز بوون

11:43 - 11 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە گوندی ''چنارمەحموودیـ''ـی سەر بە شاری لۆردگان، بێهدارانی ناوەندی تەندروستیی ئەو گوندە بەهۆی ئەوەی کە بۆ تاقیکردنەوەی دیابێت لە سۆرەنگی پیسبوو بە وایرۆسی ''HIV''  کەڵکیان وەرگرتبوو، زیاتر لە ٢٠٠ کەس تووشی نەخۆشیی ''ئایدز'' بوون.

بەهۆی ئەوەیکە زۆرێک لە خەڵکی گوندی "چنار مەحموودی"، لە لایەن ناوەندی تەندروستیی ئەو گوندەوە تووشی نەخۆشی ئایدز بوون، خەڵک بە کۆبوونەوە لە بەردەم بینای ئیدارەی تەندروستی و فەرمانداریی شاری لۆردگان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

خەڵکی ئەم گوندە وتوویانە کە بێهدارەکانی ناوەندی تەندروستیی ڕێژیم بۆ تاقیکردنەوەی شەکرەی خوێن، لە سۆرەنگی پیسبوو بە وایرۆسی "HIV" کەڵکیان وەرگرتووە.

ژمارەیەک لە خەڵکی گوندی چنار مەحموودی، نزیک دوومانگ لەمەو پێش دوای ئەوەی کە ئازمایشی دیابێتیان گرتووە، ئاگاداری ئەوە بوونە کە تووشی نەخۆشیی ئایدز بوونە. ئەم تووشبووانە بۆ دڵنیایی زیاتر سەردانی نەخۆشخانەی شارەکانی شیراز و ئیسفەهانیان کردووە و پێیان ڕاگەیاندراوە کە بە وایرۆسی ئایدز ئالوودە بوونە.

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە بێهدارەکانی ئەم ناوەندە تەندروستییە، کاتێک کە بۆ گرتنی ئازمایش، خوێنی لەم خەڵکە گرتووە، تەنیا لە یەک سۆرەنگی هاوبەش کەڵکی وەرگرتووە.

لە شاری لۆردگان، کاربەدەستانی ڕیژیم ئەم کردەویان وەئەستۆی بەرپرسی تەندروستیی گوندی چنار مەحموودی خستووە.