کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە یەک میلیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لەنێو چووە

12:25 - 28 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: دارستانەکانی زاگرۆس لە قەیراندان و دەرفەتێک نەماوە بۆ چارەسەریی قەیران و لەنێوچوونی دارستانەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، بەرپرسی ئەنجومەنی جەنگەڵبانیی ئێران ڕایگەیاندووە، کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە یەک میلیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لەنێو چووە و باسی لەوە کردووە، کە ئیتر بۆ پاراستنی دارستانەکان دەرفەتێک نەماوە.

هادی کیادەلیری، بەرپرسی ئەنجومەنی جەنگەڵبانیی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە سێمینارێک کە لەسەر لێکۆڵینەوە و گەشەی دارستانەکانی ئێران بە بەشداریی پارێزگاکانی ورمێ، تاران، گیلان، لوڕستان و ئیلام بەڕێوە چووە، ئاماژەی بە قەیرانی لەنێوچوونی دارستانەکانی ئێران کردووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لەو دانیشتنەدا، باسی لە کەمتەرخەمییەکانی ئەنجومەنی جەنگەڵبانی و وەزارەتی کشاوەرزی کردووە، بەڵام ئاماژەی بە هۆکاری لەنێوچوونی دارستانەکان نەکردووە و تەنیا وتوویەتی: کە قەیرانی وشکبوونی دارستانەکان لە ئاستێکدایە کە ڕێگاچارەیەک نەماوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و پرۆژە ناکارناسییەکانیان، هۆکاری سەرەکیی لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆسن و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان بەشێک لە سیاسەتە دژە مرۆڤانەکانی ئەو ڕێژیمەیە.

وشکەساڵی، سووتاندن، بڵاوبوونەوەی گەردیلە و تەپوتۆز، سازکردنی ڕێگاوبان لە شوێنی دارستانەکان، بڕینی لەڕادەبەدەری دارەکان بۆ کارخانەکان، وشککردنی سەرچاوە ئاوییەکان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەکانی دیکە و زۆر کردەوەی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆسن، کە یان ڕێژیم راستەوخۆ دەستی تێیاندا هەیە، یان لە بەرامبەریان کەمتەرخەمە.