کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانیکردنی چالاکوانە کوردەکان

18:52 - 15 خەرمانان 2719

دڵنیا وەیسی

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکوت و خەفەقان و سڕینەوە و دەمبەستی جیابیران و دژبەرانی خۆی لە جلوبەرگ و بیر و بۆچوونە جیاوازەکاندا، هەر وەک لە مێژەوە باو بووە و ئێستاش لە شێوازگەلێکی جۆراوجۆردا خۆی دەنوێنێت، لە زیندانیکردن و بێ سەروشوێنکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان کەڵکی وەرگرتووە. کە لێرەدا نەتەوەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە بەرچاوترین و زەقترین قوربانییانی ئەم ڕێکارە پیس و گڵاوەی ڕێژیم و دەسەڵاتە ڕەشەکەی تارانە کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا هەنووکەش هەروا بەردەوام بۆ پێشگیری لە چالاکی و جیابیریی بیرمەندان، وەکوو سزا لە قەڵەمی دەدات.

جیا لەوانە ئەو بنەماڵانەی کە ڕۆڵەکان یان ئەندامێکی بنەماڵەیان لە ڕیزەکانی شۆڕشدایە، زیاتر و تۆختر لە قوربانییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، لەژێر چاوەدێری و زەبروزەنگدان و ژیانی ئاساییان بە تاوانی بنەماڵە پێشمەرگە و سیاسی بوون، لێ تاڵ کراوە و ڕۆژ و کاتژمێر نییە کە بانگهێشتی ئیدارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم نەکرێن.

لەلایەکەوە گوشار خستنەسەر بچووکترین جموجووڵەکانیان و لە لایەکی ترەوە بە تۆمەتی هاوکاریی ڕۆڵە و کەسەکانیان و شاردنەوەی چالاکییە سیاسییەکانیان دژ بە ڕێژیمی ئیسلامی، دەسبەسەر دەکرێن و بۆ ماوەیەکی زۆر بێ سەروشوێنیان دەکەن و بنەماڵەکانیشیان لە هەر چەشنە ئاگادارییەک بێ هەواڵ دەکەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام بەدوای ڕەشکردنەوە و سڕینەوەی  پرس و بوونی نەتەوەی کوردە و لە ماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیدا لە هیچ ڕێگا و شێوازێک بۆ بێدەنگکردن و لەنێوبردنی نەیارانی چاوپۆشیی نەکردووە.

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخە جیاوازەکان و دۆخی هەنووکەیی ڕێژیمی ئێران، دەبینین چۆن بۆ ڕزگاربوونی لەنێو گۆماوی گێژەن و نابوودیدا پەلەقا‌ژێ دەکات و بۆ ڕزگاربوونی لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان لە نێوخۆ و دەرەوە و هەروەها لە کاتی سەر‌‌هەڵدانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان، بۆ فڕێدانی پریشکەی تین و نەفرەت و بێزاری، چۆن پەنای بردووە بۆ دەسبەسەرکردن و بێ سەروشوێنکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان و دەرکردنی حوکمی زیندانیی چەند ساڵە یاخود حوکمی ئێعدامی ئەو چالاکوانە کوردانە و کوڵاندنی هەناو و جەرگی یەکێکی تر لە دایکانی کوردستان و هاوردنەخواری ڕووباری فرمێسک و هەڵێنانی زووخاو بە بنەماڵەکانیان.

ئەم هەوڵ و کردەوە دوور لە یاسا و نامرۆڤانەیەی ڕێژیمی تاران سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە گەیشتووەتە "لێواری هەڵدێر"ی لەنێوچوون و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتە چەپەڵەکەی. بۆیە نەتەوەی کورد لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە، چەقڵی چاویانە و هەموو هەوڵە نامرۆڤانە و چەپەڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکەنە بڵقی سەر ئاو و دەبنە هۆی بەتاڵبوونەوەیان.

سەرەڕای ئەو هەمووە زەخت و گوشارانەی ڕێژیم لەسەر خەڵک، دیسانەوە نەتەوەی کورد هەر ڕۆژە و دەبێ بینەر و گوێبیستی هەواڵی دەسبەسەرکران یان ئێعدامی یەکێکی تر لە ڕۆڵەکان و کوژاندنەوەی مۆمی هیوای ڕۆڵەیەکی کورد، تیشکی هیوا و بەڵێنیی گەیشتن بە سەرکەوتن، ئاسمانی هەموو ڕۆڵە چاونەترس و قارەمانەکانیان، سوێندی پەیمانی هەتاهەتایی بە خاک و گەل و نیشتمانەکەیان دەدەن یان ئازادی مسۆگەر دەکەن و یان سەر دادەنێن لە ڕێگەی ئازادی و دەبنە وانەی قارەمانی بۆ نەتەوەکەیان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.