کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسی دوای ١٦ ساڵ هێشتا ئیزنی سەردانی بنەماڵەی پێ‏نەدراوە

20:13 - 24 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: عومەر فەقی‏پوور زیندانیی سیاسی کورد، دوای ١٦ساڵ لە دەستبەسەر کردنی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، هێشتا ئیزنی مەرەخەسیی پێ‏نەدراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو زیندانییە مافی کەڵک وەرگرتن لە مەرەخەسیی هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاویەوە، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و هاوکاریی کردن لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد، حوکمی لەسێدارەدان و پاشان لە دادگای پێداچوونەوەدا، سزاکەی بە زیندانی هەتاهەتایی بڕدرایەوە.

عومەر فەقی‏پوور، دوای دەستبەسەر کردن و دەرچوونی حوکمەکەی، لە زیندانەکانی شاری پیرانشار، مەهاباد و ورمێ ڕاگیرا و دواتر بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرایەوە.

ئەو زیندانییە کوردە، خێزاندارە و لە کاتی دەستبەسەر کردنی‏دا، کچەکەی تەمەنی ٣ ساڵان بووە و وێڕای تێپەڕاندنی ١٦ساڵ لە حوکمەکەی، تەنانەت یەک ڕۆژیش لە ماڵ و لە لای بنەماڵەکەی نەبووە.

یەکێک لە هاوبەندییەکانی عومەر، لە نامەیەکدا بۆ خێزانی، بەم شێوەیە باسی ئەو زیندانییە کوردە دەکات؛ هەمیشە بە بێ‏دەنگی بەرانبەر تەلەفزیۆنەکە دانێشتووە و چاو لە فیلم دەکات و لە ڕێگای چنینی کەمەربەند و جانتاوە، بژیوی ژیانی خۆی لە زیندان دابین دەکات.