کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد مانی گرت

12:20 - 17 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد مانی لە خواردن گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، "جەمشید گوڵئەندامی"، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی بارودۆخی نالەباری دەروونی و زەخت و گوشارەکانی نێو زیندان و چاوەدێریکردنی لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، بەتایبەت چاوەدێریی ورد لە لایەن بەرپرسێکی زیندان، بە ناوی "عەلی بابایی"، ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمە، دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

ناوبراو بە هۆی شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ یەکێک لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم دەسبەسەر کراوە و ئێستاش بەرپرسانی زیندان بە ئەزیەت و ئازار و ئەشکەنجەی ڕۆحی، هەوڵی لەمپەر دروستکردن لە بەردەمی ئەو زیندانییە کوردە دەدەن کە یارمەتی زیندانییەکان، بەتایبەت زیندانییانی سیاسی نەدات.

"جەمشید گوڵئەندامی"، ٧ی پووشپەڕ، بە تۆمەتی شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لەگەڵ بەکرێگیراوێکی ڕێژیم و بریندارکردنی دەسبەسەر کراوە و بە ٤ ساڵ زیندان و دانی دییە و ٢٥٠ زەربە قامچی حوکم درابوو، کە لە نیوەی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، ٢٥٠ زەربە قامچی لێ درا.

ناوبراو بە مانگرتن لە خواردن، خوازیاری نەمانی زەخت و گوشارەکانە و ڕایگەیاندووە: "هەتاکوو نەمانی ئەو زەخت و گوشارانە لەسەری دەست لە مانگرتن هەڵ ناگرێت".