کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەخت و گوشار بۆ سەر بوومەلەرزەلێدراوانی سەرپێڵ زیاتر دەبێت

12:15 - 10 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم وەک پێویست هاوکاری لێقەوماوانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان ناکات، بەشێوەی سیستماتیک هەوڵی زیادکردنی گوشارەکانیش دەدات.

بەپێی دوایین هەواڵەکان، بە بڕیاری فەرمانداری سەرپێڵ ئاو و بەرقی نیزیک بە ٤٠بنەماڵە کە لە کەمپەکانی شاهێدی ٢ و ٣ی سەرپێڵ دەژیان، پچڕێندرا و بە گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکان ناچار بە چۆڵ کردنی نشینگە کاتییەکەیان کران.

ئەم هەواڵە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە هاوکاتە لەگەڵ گلەیی و گازندەی خەڵکی ئەم ناوچانە لەهەمبەر هاوکاری نەکردنی ئۆرگانە پێوەندیدارە حکومەتییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووە ڕووخاوەکانیان و بەپێچەوانەشەوە گرانترکردنی نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی بیناسازی لەم ناوچانە.

بەپێی هەندێک هەواڵی پێوەندیدار نرخی پێداویستییەکان بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی ئەم ناوچانە لە نێوان ٣٠ تاکوو ٦٠ لەسەد گرانتر بوون کە ئەم مەسەلە بە کردەوە ڕەوتی نۆژەنکردنەوە و سازکردنەوەی خانووی هاووڵاتییانی لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕو کردووە.

ئەم چەشنە گرفت و کێشانە کە باری دەروونی خەڵکی ئەم ناوچانەی لە پاش بوومەلەرزەکەی مانگی خەزەڵوەر چەند قات زیاد کردووە، هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تووشی کەمئەندامی بوون.

بەپێی هەواڵێک کە میدیاکانی ڕێژیم بڵاویان کردۆتەوە لەو ناوچانەی کە کارەساتی بوومەلەرزە هاتۆتە ئاراوە زیاتر لە ٤٥٩ بنەماڵە بوونیان هەیە کە سەرپەرستی زیاتر لە دوو کەمئەندامیان لە ئەستۆیە؛ بەوتەی جێگری سەرۆکی ئیدارەی بێهزیستی پارێزگای کرماشان تەنیا لە پاش بوومەلەرزەکە نیزیک بە ١٢٠ کەس بە ئاماری کەمئەندامانی ئەم ناوچە زیاد بوون.

بەوتەی چالاکانی سیاسی و چاودێرانی ئەم ناوچە کەمئەندامان پێویستیی بەپەلەیان بە خزمەتگوزاری تایبەتی ماڵی، کاردەرمانی، ئاخاوتن (گفتار) دەرمانی، فیزیۆتراپی، دەرمانی ئێرتۆپێدی و ...هتد هەیە بەڵام لەلایەن بەرپرسانی پیوەندیدارەوە تا ئێستا هیچ کارئاسانییەکیان بۆ نەکراوە.

سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ٦ مانگ بەسەر کارەساتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، خەڵکی بەڵالێدراو لە ناوچەکانی وەک سەرپێڵی زەهاو و داڵاهو بە سەختی ژیان بەسەر دەبەن؛ ئەم ڕەوشەش وای کردووە کە بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە ٣٠%ی بوومەلەرزەلێدراوانی سەرپێڵی‌زەهاو ناچار بن زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.

چاودێران و میدیاکارانی ناوچەی سەرپێڵ پێیان وایە کەمتەرخەمییە بەئەنقەستەکانی ڕێژیم لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، باری خراپی ژیان، بێبەشبوون لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و هاتنی وەرزی گەرما بوونەتە هۆی ئەوەیکە خەڵکی لێقەوماوی سەرپێڵی‌زەهاو، هیوایان بە ژیان لە زێدی خۆیان نەمینێت و دەرفەتێک بدۆزنەوە بۆ کۆچ لەو ناوچەیە.