کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف بە درۆ خرایەوە

11:35 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: قسەکانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ئێران، لە بارەی ئەوەی "هەرگیز نەیان گوتووە ئیسراییل لە نێو دەبەن"،  کاردانەوەی توندی بەرپرسانی سپای پاسداران و میدیاکانی ئێرانی لێ کەوتەوە.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١ی بەفرانبار، لە  لێدوانێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فەڕانسەییدا قسەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی لە بارەی لەنێوبردنی ئیسراییلی ئینکار کرد و وتی: "ئێمە کەی وتوومانە ئیسراییل لە نێو دەبەین؟ تەنیا یەک کەسمان نیشان بدەن، کە ئەم قسەیەی کردبێت. هیچ کەس قسەیەکی لەم چەشنەی نەکردووە".

هەواڵدەرییەکانی سەر بە حکوومەت کارادانەوەی توندیان بەرانبەر بەم لێدوانەی زەریف لە خۆیان نیشان دا. هەواڵدەریی فارس بە دانانی ڤیدیۆیەک لە لێدوانی ئایەتوڵڵا خومەینی کە نیشان دەدات، کاتێکیش هەر لە فەڕانسەدا بووە، خوازیاری لەنێوبردنی ئیسراییل بووە.

هەندێک لە میدیاکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە دانانی ڤیدیۆ و فیلم کە تێیاندا دەردەکەوێت ئایەتوڵڵا خومەینی و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم دروشمی "مەرگ بۆ ئیسراییل" دەڵێنەوە و تەنانەت لەسەر مووشەکەکانیش ڕێژیمی ئێران ئەم دروشمەیان نووسیوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتی تەسنیم، "حەسەن ڕەحیمپوور ئەزغەدی"، ئەندامی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیم، قسەکانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی مەحکووم کردووە و ڕایگەیاند: "ئەم قسانە درۆ و لادانە لە ڕاستی، ئیمام وتوویەتی ئیسراییل دەبێت لە نێو ببردرێت".

هەواڵدەریی حکوومەتی ئیسناش، بە دانانی بابەتێک لەژێر ناونیشانی "زەریف: ئێمە کەی وتوومانە ئیسراییل لە نێو دەبەین؟ " ڕایگەیاند: کە ئەم قسانە دەرکەوتەی نێوخۆیی و دەرەوەی بەدواوە دەبێت.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، لە بەرانبەر ئەم قسانەی محەممەدجەواد زەریف، بە بەکارهێنانی #ZarifisALiar  بەو واتایەی "زەریف درۆزنە" و دانانی وێنە و فیلمگەلێک نیشان دەدات، کە چەندین جار بەرپرسانی ڕێژیم، دروشمی لەنێوبردنی ئیسراییلیان وتووەتەوە و بەم شێوە قسەکانی جەواد زەریفیان بە درۆ خستووەتەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە محەممەدجەواد زەریف، بەم شێوە قسەی ناڕاست دەکات و هەوڵی بەلاڕێبردنی ڕاستییەکان دەدات، پێشتر لە وتارێکیدا لە هزرگەی پێوەندییەکانی دەرەوە لە نیۆیۆرک ڕایگەیاندبوو، لە ئێراندا کەمینەی نەتەوەیی و ئایینییەکان لەژێر چەوسانەوەدا نین و خۆداپۆشینی زۆرەملێ و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە تاوانی دەربڕینی بیروڕای ئازادانە نییە، کە ئەم قسانەشی کاردانەوەی توندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە.