کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف: درێژە بە بەرنامە مووشەکی و فەزاییەکانی خۆمان دەدەین

12:25 - 20 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای بەردەوامی هۆشدارییەکانی ئامریکا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران باس لە درێژەپێدانی بەرنامە مووشەکی و فەزاییەکانی رێژیمی ئێران دەکات و دەڵێ: هاتنە دەرەوە لە بەرجام تەنیا یەکێکە لە رێکارەکانی بەردەم ئەو رێژیمە.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی رێژیمی ئێران، رایگەیاندووە: " کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئامریکا، درێژە بە بەرنامە فەزاییەکانی خۆی دەدات و هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لەمەڕ قەدەغەکردنی بەرنامەکانیدا بوونی نییە."

زەریف لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتێرز وتی: "هاتنە دەرەوە لە بەرجام یەکێکە لە بژاردەکانی بەردەست ئێران بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ئەمە تەنیا بژاردەی بەردەم ئێمە نییە."

ئەم قسانەی زەریف لە حاڵێکدایە کە پێشتر زۆربەی وڵاتانی دنیا هەوڵ و تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئێرانیان مەحکووم کردووە؛ لە سەرەتاکانی مانگی ژانوییەی ئەمساڵدا ئامریکا هۆشدارییەکی پێشگیرانەی لەمەڕ بەرنامەی هاویشتنی سێ فەروەند مووشەکی فەزایی بالستیکی بە رێژیمی ئێران دابوو.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکاش ئەم هەوڵەی ئێرانی بە لە ژێرپێنانی ئاشکرای گرێبەستی شۆرای ئەمنییەت زانیوە و داوای لە ئێران کردووە تا پێداچوونەوە بە بەرنامەکەیدا بکات.