کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەریف هەڕەشەی لە ئەمنییەتی کەنداو کرد

11:35 - 20 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ جاریکی تر هەڕشەی کردووە و وتوویەتی کە ئەمنییەت لە کەنداودا یان بۆ هەمووانە یان بۆ هیچ کەس.

دوای نزیک بە یەک مانگ لە هێرش بۆ دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان، "محەممەد جواد زەریف"، وەزیری دەرەوی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژنامەی کوەیتیی ''الرای'' نووسیویەتی کە یان هەموو وڵاتانی دەروبەری کەنداو ئەمنییەتیان دەبێت یان هەموویان لێی بێبەش دەبن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە: "ناوچەی کەنداو گرینگییەکی ستراتیژیکی لە بازرگانیی نێودەوڵەتی و وزەوە هەیە و  ڕۆژانە ١٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لەم ناوچەیەوە هەناردە دەکرێت. لەم دۆخە قەیراناواییەی ئێستا ئەم ناوچەیە بە جێگای یەکتر مەحکووم کردن، هەڕشەکردن  کەڵەکە کردن و ڕەکەبەریی چەکوچۆڵ، پێویستیمان بە وتاری نێوناوچەیی هەیە".

ئەم قسانەی جواد زەریف لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران چەندین جار، بە هێرشکردن بۆ سەر نەوتکێشەکان لە دەریای عومان، دەسبەسەرداگرتنی نەوتکێشەکان لە کەنداو و هەروەها هێرش بۆ پاڵاوتگەی نەوتی ئارامکۆ لە عەرەبستان، ناکۆکییەکانی لە ناوچەکە پەرەپێداوە و ئەمنییەتی ناوچەکەی تێکداوە.   

هەروەها پێشتریش، "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بە داڕشتنی پرۆژەیەک بە ناوی "داهێنانی ئاشتیی هورمۆز"، کە بە "هاوپێمانیی ئومید" ناسراو بوو، داوای لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردبوو کە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییە هاودەنگ بن. بەڵام ئەم پرۆژەیە لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە ڕەت کرایەوە و گرینگەیەکی پێ نەدرا.