کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سارا تەڵاییی دووهەمین کتێبی زانستیی خۆی بڵاو کردەوە

11:35 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: خانمە هونەرمەندێکی کورد بە بڵاوکردنەوەی کتێبی " زانستی نەخش و ڕەنگ" توانی دووهەمین کتێبی خۆی لە بواری زانستی شێوەکاریدا پێشکەش بە دنیای زانست و کتێبخانەی کوردی بکات.

سارا تەڵایی، هونەرمەندی شێوەکار، ساڵی ڕابردوو كتێبی "هونەری نەخشاندنـ"ـی بڵاو كردەوە و ئەمساڵیش دووهەمین كتێبی خۆی بە ناوی "زانستی نەخش و ڕەنگـ"ـی بە سپۆنسەری زانكۆی جیهان بڵاو كردەوە، كە تێیدا بە شێوەیەكی زانستی باس لە فێركاری هونەری شێوەكاری دەكات.

ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەولێر، باسی لەوە کردووە: کە سەرەتا بە کتێبی "هونەری نەخشاندن" کە جۆر و شێوازی فێربوونی نەخشاندن بە خەڵووز نیشان دەدات دەستی پێ کردووە.

ناوبراو ئامانجی خۆی لە نووسینی ئەو کتێبە، ئاسانكاری زیاتر بۆ فێربوونی فێرخوازانی هونەری بە زمانی شیرینی كوردی ناو بردووە، كە بەداخەوە تا ئێستا بایەخی پێ نەدرابوو و لە كتێبخانەی كوردیدا ئەو كتێبە فێركارییە هونەرییانە بە دەگمەن بەردەست دەكەون.

سارا تەڵایی، سەبارەت بە کتێبی "زانستی نەخش و ڕەنگ" وتوویەتی: بە دڵنیاییەوە، ئەو كتێبە ڕۆڵێكی گرینگی لە بەرەوپێشبردنی زانست و گەشەكردنی زیاتری هونەری شێوەكاری گێڕاوە، كە ئەوەش بە ڕوونی و ئاشكرایی لە نێو فێرخوازان و كۆمەڵگای هونەریدا هەستمان پێ كردووە؛  كتێبی "زانستی نەخش و ڕەنگ" پەنجەرەیەكی بەرفراوانتری سەبارەت بە ڕوانگەی گشتی لە نەخش و ڕەنگدا وەكوو: "ناسینی ڕەنگ، شرۆڤەی ڕەنگ، تێكەڵاوكردنی ڕەنگ، سایكۆڵۆژی ڕەنگ"، "ناسینی شێواز و ڕێچكە و سەردەمی هونەری هونەرمەندان"، "ناسینی تەكنیكەكانی هونەری نەخشاندن"، "ناسینی كەرەستە و كەلوپەلی تەكنیكی ڕەنگ و ڕۆنـ"ـی لە ئامێز گرتووە.

سارا تەڵایی، هونەرمەندی شێوەکار، شاعێر و ژەنیاری ئامێری دەف، لە ساڵی ۱۳۶۶ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و هەنووکەش لە زانکۆی "جیهانـ"ـی شاری هەولێر مامۆستای وانە هونەرییەکانە کە لە ماوەی چالاکییە هونەرییەکانی خۆیدا، لە ۶۵ پێشانگای تایبەت و هاوبەش لە باکووری ئێران، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەشداری کردووە، کە ٤۰ پیشانگایان هاوبەش و ۲۵ پیشانگایان تایبەت بە هونەرە ڕەنگینەکانی خۆی بووە و لە پیشانگا تایبەتەکانیشدا، ۱۲ پیشانگایان لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی ڕابروودا و لە باشووری کوردستان کردووەتەوە.