کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سارۆ ئەردەڵان: زانکۆکانی ئێران لە ئاستێکی کەمدا پەیوەندیی زانستییان بە دەرەوەی ئێران، ناوەندە زانستییەکان و کۆنفرانسە نێودەوڵەوتییەکانەوە هەیە

13:52 - 28 جۆزەردان 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

لیستی باشترین زانکۆکانی ساڵی ٢٠٢٠ی جیهان بڵاو کرایەوە و هیچ زانکۆیەکی ئێران لەنێوان ٢٠٠ زانکۆی یەکەمدا ناویان نییە. زانکۆی "سەنعەتی شەریفی تاران" لەو پلەبەندییەدا لە پلەی  ٤٠٩ی زانکۆکاندایە؛ زانکۆی "ئەمیر کەبیر" ٤٧٧ـەمین و زانکۆی "تاران" لە پلەی ٥٩١دا جێیان گرتووە.

هەروەها بۆ یەکەمین جار سێ زانکۆی عەرەبستان، قەتەر، لوبنان و دوو زانکۆی دیکەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەنێوان ٢٠٠ زانکۆی ئەو لیستەدا ناویان تۆمار کراوە.

کوالێتیی زانستیی زانکۆکانی ئێران لە چ ئاستێکدایە؟ بۆچی باشترین زانکۆکانی ئێران لەنێو لیستی باشترین زانکۆکانی جیهاندا نین؟ و وڵامی چەند پرسیاری دیکە لە وتووێژی "کوردستان میدیا" لەگەڵ بەڕێز "سارۆ ئەردەڵان"، ئەندامی دەستەی نووسەرانی "گۆڤاری تیشک":

- بۆچی باشترین زانکۆکانی ئێران لەنێو لیستی باشترین زانکۆکانی جیهاندا نین؟

سەرەتا دەبێ بزانین ئەو ڕیزبەندییە لەسەر چ بنەمایەک بووە تا بتوانین هەڵیبسەنگێنین. ڕیزبەندیی تایمز بۆ خوێندنی باڵا (THE) لە ساڵی ٢٠٠٤ بەدواوە ساڵانە ڕیزبەندیی زانکۆکانی دنیا لەسەر بنەمای مێتۆدۆلۆژییەک بڵاو دەکاتەوە کە لە ٥ بەش و ١٣ فاکتەر پێک دێت. بەرزترین نمرە کە ١٠٠ بێت بەم شێوە دابەش دەبێت: "داهاتی پیشەسازی و داهێنان (٢.٥ ٪)؛ ئاستی نێودەوڵەتی (٥٪)؛ وانەوتنەوە و ژینگەی فێرکاری لە زانکۆ (٣٠٪)؛ توێژینەوە، داهات و نازناو (٣٠٪) و کاریگەریی زانستی و ژێدەربوون (٣٢.٥٪)".

هۆکاری دەرنەکەوتنی زانکۆکانی ئێران لە نێوان چوارسەد زانکۆی باشی جیهان زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ڕووی توێژینەوە لاوازتر لە زانکۆکانی وڵاتەکانی دیکە دەردەکەون. هەروەها زانکۆکانی ئێران لە ئاستێکی کەمدا پەیوەندیی زانستییان بە دەرەوەی ئێران، ناوەندە زانستییەکان و کۆنفرانسە نێودەوڵەوتییەکانەوە هەیە.

- کوالێتیی زانستیی زانکۆکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات لە چ ئاستێکدایە؟

لەبەر هۆکاری پەیوەندی کۆلۆنیاڵیستی، زانکۆ پیشەسازییەکان لە ڕۆژهەڵات تەنیا یەک زانکۆ لە شاری کرماشان هەیە. لە هەمان کاتدا جگە لە ناوەندی پارێزگاکان، زانکۆی دەوڵەتی لە شارەکانی دیکەی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات بوونی نییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە باکووری ئێران هەندێک لە شارە بچووکەکانیش خاوەنی زانکۆی دەوڵەتین. بۆ نموونە زانکۆی پیشەسازیی نەوشیروانی بابۆل یەکێک لە هەرە ناودارترین زانکۆکانی ئێرانە. یەکێک لەو خاڵانەی کە دەبێ سەرنجی پێ بدەین، بەتایبەت لەسەر زانکۆکانی دوو شاری کرماشان و ئیلام هەوڵ دراوە ڕێژەیەکی بەرچاو مامۆستای غەیرە کورد لەم زانکۆیانە دابمەزرێن کە ئەم زانکۆیانەیان وا لێ کردووە ژینگەیەکی ناکوردانەیان هەبێت و تەنانەت چالاکیی خوێندکارە کوردەکان هەمیشە لەو زانکۆیانە بەرەوڕووی زۆرترین ئاستی سانسۆر بووەتەوە. لە ورمێ کە ساڵیانێکە بە تورکی کردنی هەموو دامەزراوەکانی زانکۆ و مامۆستاکان کراوەتە ئامانج و ڕێژەیەکی ئێجگار کەم مامۆستای کورد لەم زانکۆیە دامەزراون.

- پەرەپێدان بە ئیدیۆلۆژیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئایا هۆکارێکە بۆ دابەزینی کوالێتیی زانستیی زانکۆکانی ئێران؟

بەدڵنیاییەوە کاریگەریی ئێجگار زۆری داناوە. ئەگەر سەیری بەرنامەی دەرسیی خوێندن لە ئاستی لیسانس لە ئێران بکەین دەبینین لە کۆی ١٣٤ یەکەی خوێندن، لە نێوان ٢٠ تا ٢٦ یەکەی خوێندن وەک بابەتی گشتی پێشکەش دەکرێت کە تەرخان کراوە بۆ هەندێک دەرسی وەکوو ئەدەبیاتی فارسی، ئەندێشەی ئیسلامی، ڕیشەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و هتد. لە کاتێکدا لە قۆناغی لیسانس لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا خوێندکارەکان لە ڕێگەی هەمان ژمارە یەکەی خوێندن بوارەکەی خۆیان گرێ دەدەنەوە بە زانستێکی دیکە تا بتوانن لە ڕووی نێوان-بوارییەوە ئاستی زانستیی خۆیان دەوڵەمەند بکەن. سەرەڕای ئەمە لە زانکۆی ئازاد تەنانەت وتە سازکراوەکانی خومەینی وەک یەکەیەکی ئیجباری دەخوێندرێت کە لە جۆری خۆیدا لە ئاستی دنیادا بێوێنەیە.

- ئاستی زانستی و ئاکادیمیکیی مامۆستاکانی زانکۆکانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی چۆنە؟

لە ماوەی چل ساڵ تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامی و بەهۆی سیستەمی حێراسەت لە زانکۆکان، بەشێکی زۆر لە مامۆستا و نوخبەکانی ئێران هەڵاتوون. هەڵبەت کە دەگەینە زانکۆکانی ڕۆژهەڵات ئەم سیستەمە دەرهاویشتنە ئێجگار توندتر دەبێت. مامۆستاکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت دەبێ پابەند بە پێکهاتەی ئیدیۆلۆژیکیی ڕێژیم بن. بەڵام هەر لەو کەشوهەوایەشدا و بەتایبەت لە بوارەکانی پیشەسازی و زانستی سروشتیدا لە ڕۆژهەڵات هەندێک زانای زۆر باش سەرقاڵی توێژینەوەن. بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئازادی هەبا و بمانتوانییایەت لە هەموو پۆتانسییەلە زانستییەکانی کوردستان لە زانکۆکان کەڵک وەربگرین، زانکۆکانی ڕۆژهەڵات گەلێک لەوەی ئێستا بەهێزتر دەبوون.

- لە ئێستادا تا چ ڕادەیەک خوێندکارانی بیانی بۆ خوێندن لە زانکۆکانی ئێران، دێنە ئەم وڵاتەوە؟

بەگشتی خوێندکاری بیانی یان لە وڵاتانی ئافریقاییەوە بورسیان پێ دەدرێت و دێن بۆ ئێران و زیاتر دەچنە زانکۆی نێودەوڵەتیی قەزوین. بەشێکی دیکە لە بواری لێکۆڵینەوەی ئێران و فێربوونی زمانی فارسی ڕوو دەکەنە ئێران. جگە لەم دوو شێوازە کە ئێران بورسی تایبەت بەم خوێندکارانە دەدات، هیچ خوێندکارێک لە دەرەوە ڕوو ناکاتە زانکۆکانی نێو ئێران. هەڵبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا زانکۆی کوردستان لە سنە توانیویەتی ژمارەیەکی ئێجگار خوێندکار لە هەرێمی کوردستانەوە وەربگرێت کە مەزەندە دەکرێت لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەیان لە ٨٠٠ خوێندکار نزیک بووبێتەوە. هەر ئەم ڕێژەیە بووە هۆکاری ئەوەی بۆ یەکەم جار زانکۆی کوردستان لە ڕیزبەندی تایمزدا لە ڕیزی هەشتسەد تا هەزار جێگر ببێت.

- ئەم لیستەی کە بڵاو بووەتەوە، چ کاریگەرییەک لەسەر داهاتووی زانکۆکانی ئێران و داهاتووی خوێندن لەم وڵاتەدا دادەنێت؟

چەندین ڕیزبەندیی هاوشێوە بۆ زانکۆکان لە دنیادا بڵاو دەبنەوە کە لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە هەندێک جیاوازییان هەیە. بەڵام ئەم ڕیزبەندانە کاتێک گرینگن کە وڵاتەکان کراوە بن. خوێندکار لە قۆناغی لیسانسدا وەک ئەزموونی ژیان و کار دەچێتە زانکۆ، کەواتە زانکۆکانی ئێران قەت ناتوانن بژاردەیەکی باش بن کە خوێندکارێک لە دەرەوە ئارەزووی بکات. لە قۆناغەکانی سەرەوەی خوێندن، زانکۆکانی ئێران لە ڕووی توێژینەوە لەو ئاستەدا نین کە مامۆستا یان خوێندکارێکی بیانی بیانەوێت هەڵیبژێرن. تەنانەت بۆ هەندێک تاقیگەی سادە لە بواری بایۆلۆژی یان پزیشکی، خوێندکاری ماستەر یان دوکتورا لە ئێران دەبێ بە مانگ چاوەڕوان بێت کە وڵامی نموونەکانی لە ئاڵمان یان فەرانسە بگەڕێتەوە. چونکە لە زانکۆکانی ئێران ئەو ئاستە سادەیە بۆ تاقیکردنەوە بوونی نییە. هەر بۆیە زانکۆکانی ئێران بە ڕووی دنیای دەرەوەدا داخراون و ئەم ڕیزبەندییانە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر داهاتوو و پێشکەوتنیاندا نییە.