کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٧ ساڵ دوای پەسەندکردنی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، هێشتا مافی مرۆڤ لەئیراندا قەدەغەیە

22:01 - 19 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ١٠ی دێسامبری هەموو ساڵێک بەرانبەر بە ١٩ی سەرماوەز، وەکوو ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ دیاری کراوە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی ٦٧ ساڵ لە پەسەندکردنی ئەو جاڕنامەیە لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێشتا زۆرن ئەو ڕێژم و دەسەڵاتدارانەی کە تەنانەت بنەما سەرەتاییەکانی ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە بەئاشکرا پێشێل دەکەن.

ڕێژیمی ئێران یەکێک لە پێشێلکارانی گەورەی مافی مرۆڤە لە جیهاندا بە ئەژمار دێت و ئەو مەسەلەیە بەردەوام لە بەیاننامەکانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا باسی لێوە کراوە. ڕێژەی بەرزی لەسێدارەدان، جێبەجێ کردنی سزای دژە مرۆیی وەکوو لێدانی قامچی و بڕینەوەی دەست و پێ لەژێر ناوی قەساسدا، پێشێلکردنی بەردەوام و سیستماتیکی مافی نەتەوە ژێردەستەکان، ژنان و کەمایەتییە ئایینی و ڕەگەزییەکان، تەنیا چەند وێنەیەک لە پێشێلکردنی ئەو بنەمایانەیە کە ٦٧ ساڵ پێش ئێستا پەسەند کراوە و تەنانەت خودی ڕێژیمیش واژۆی کردووە.

لە ڕێژیمی ئێراندا دامەزراوەیەک بە ناوی ستادی مافی مرۆڤی دەسەڵاتی دادوەری هەیە کە ئەرکی ئەو دامەزراوەیە لە ڕاستیدا پاساوهێنانەوەیە بۆ حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەئێراندا و زیادکردنی پاشگری ئیسلامی بە مافی مرۆڤ، بە مەبەستی یاسایی نیشاندانی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤە کە لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە ئەنجام دەدرێت.

دوکتور عەبدولکەریم لاهیجی سەرۆکی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کۆمەڵگاکانی مافی مرۆڤ، لە وتوێژێکدا لەگەڵ دۆیچەوێلە، ئەمە بە جۆرێک فێڵ دەزانێ و دەڵێ:لە یاسادا چەمکێک هەیە بەناوی فێڵ بە نیسبەت یاسا، واتە لە جیاتی ئەوەی یاسایەک ڕەد بکەنەوە، پەسەندی دەکەن و دواتر ڕێگاکانی فێڵ کردن لەو یاسایەدا دەدۆزنەوە و بەکاری دێنن.

خومەینی، دامەزرێنەری ڕێژیمی بەناو ئیسلامی، کاتی خۆی بۆ پاساو هێنانەوە بە نیسبەت ئێعدامەکانی سەرەتای شۆڕشی ئیران گوتبووی:ئەوانەی ئێعدام کران، مرۆڤ نەبوون هەتا مافی مرۆڤ بە نیسبەتیانەوە ڕەچاو بکرێت.