کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩ ساڵ پێش ئێستە قالەمەڕەی پەنجەڕەنگین ماڵئاوایی لە ژیانی هونەری کرد

13:25 - 31 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ٩ ساڵ بە سەر کۆچی دوایی هونەرمەندی پەنجەڕەنگینی کورد، قالەمەڕە تێپەڕی.

قادر عەبدوڵڵازادە، ناسراو بە قالەمەڕە، ٩ ساڵ پێش لە وەها ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ، بۆ هەتاهەتایە ماڵئاوایی لە ژیان و دونیای شمشاڵژەنی کرد.

قالەمەڕە، یەکێک لە شمشاڵژەنە دەست و پەنجەڕەنگینەکانی کوردستان بووە، کە چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی و ناوچەیی وەرگرتووە.

گرینگی شمشاڵەکەی قالەمەڕە لە ئاستێکدایە، کە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مۆسیقا نەتەنیا نەیانتوانیوە لە باسکردنی ئاستی هونەریی قالەمەڕە خۆ ببوێرن، بەڵکوو باسیان لە بلیمەتیی ئەو هونەرمەندە کردووە.

قالەمەڕە لە ماوەی ساڵانێک کار و خزمەتی ھونەری خۆیدا لە زۆربەی فیستیڤاڵە گرینگەکانی بواری ھونەریی موزیک لە وڵاتی ئێران لەوانە فیستیڤاڵی موزیکی فەجر لە تاران، فیستیڤاڵی موزیکی ناوچەکانی ئێران لە کرمان، لە بۆنە و فیستیڤاڵەکانی سنە، کرماشان، ئیلام، ورمێ، مەھاباد، سەقز، بۆکان و هەروەها شارەکانی ھەولێر و سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەشداری کردووە و چەندین خەڵات و شانازی گەورەی بە دەست ھێناوە، ھەروەھا لە زۆربەی ئەو فیستیڤاڵانە لەوحی سوپاس و رێزلێنانی پێ بەخشراوە.

ھونەرمەندی نەتەوەیی و شمشاڵژەنی ناوداری کوردستان و ئێران و جیھان، قادرعەبدوڵڵازادە ناسراو بە “قالەمەڕە”، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵی خۆی لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

قالەمەڕەی شمشاڵژەنی ناوەداری کورد، لەمەڕ ئاوات و ئارەزووی خۆی دەڵێت: خۆزگە ئەوەندە نەمردبایەم، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستانم لە چوارچرای شاری مەهاباد و لە شاخەکانی بۆکان و سەقز بە چاوی خۆم دیتبا.

ئەو هونەرمەندە نەتەوەییەی کورد لەسەر شەهیدی نەمر دوکتور قاسلموو دەڵێت: ڕەفیقی سەمیمی دنیا و قیامەتی من عەبدولڕەحمانی قاسملوویە.