کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس، بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە دەمرن

12:04 - 24 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە هەر یەک خولەک لە جیهاندا، ٥ کەس بەهۆی هەڵە پزیشکییەکانەوە گیانیان لەدەست دەدەن و دەبنە قوربانیی نوسخە هەڵەکانی دوکتورەکان.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕایگەیاندووە کە ساڵانە بە ملیۆن کەس، بەهۆی دەرمان و نوسخەی هەڵەی دوکتورەکانەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

 بەرپرسی ئەو ڕێکخراوەیە وتوویەتی: "لە هەر خولەکێکدا، ٥ کەس بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانیان لەدەست دەدەن".

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ٤٠ لەسەدی ئەو نەخۆشانەی کە سەرپێیی دەرمان دەکرین و ١٠ لەسەدی ئەو نەخۆشانەی کە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان، بەهۆی لێکدانەوەی پزیشکیی هەڵەی دوکتورەکانەوە، تووشی کێشە دەبن.

ساڵانە ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس، بەهۆی لێکدانەوەی هەڵەی دوکتورەکانەوە لە ١٥٠ وڵاتی کەمداهات و نێونجیدا، گیانیان لەدەست دەدەن. لە هەندێک حاڵەتدا نەخۆشەکان بە هەڵە "شیمیدەرمانی" دەکرێن و جەستەیان ژەهراوی دەبێت.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ یەکەمین جار، ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی خەرمانان، بڕیارە "ڕۆژی لەشساغیی نەخۆشەکان" بەڕێوە ببات، تا سەرنجی جیهان بۆ بابەتی دەرمانکردنی هەڵە لە پزیشکیدا ڕابکێشێت.

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها وتوویەتی کە وڵاتی ئاڵمان نموونەیەکی باشە بۆ پێشگرتن بە هەڵە پزیشکییەکان کە ڕێژەی هەڵەی پزیشکییان گەیاندووەتە کەمترین ئاست.

هەروەها ڕۆژانە لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا بەگشتی و لە نەخۆشخانەکانی کوردستاندا بەتایبەتی، بەهۆی ناشارەزایی زۆرێک لە پزیشکەکان و نووسینی نوسخەی هەڵەوە، هاووڵاتییانێکی زۆر گیانیان لەدەست دەدەن یان تووشی کێشەی جیددی دەبنەوە.