کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ٣٦ میلیۆن تۆن مادەی خۆراکی لە ئێراندا بەفیڕۆ دەچێت

12:17 - 21 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ستادی قەیرانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، که ساڵانە ١٢٠ میلیۆن تۆن، لە جۆرەکانی مادە خۆراکییەکان بەتایبەت لە بەشی کشتوکاڵیدا بەرهەم دێت، که ٣٦ میلیۆن تۆنی به شێوازگەلی جیاواز بەفێڕۆ دەچێت.

ئیسماعیل نەجار، بەرپرسی ستادی قەیرانی ڕێژیمی ئێران، وێرای باسکردن لە بەفیڕۆچوونی مادە خۆراکییەکان لە ئێراندا، ئەمەی به "کارەسات" ناو بردووە.

بەپێی ئامارەکانی فائۆ، ڕێکخراوی "خواروبار" و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژانە بۆ هەر تاکێک، ١٣٤ کیلۆ کالری خۆراک لە ئێراندا بەفیڕۆ دەچێت و ٣٥ لەسەدی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش لە نێو دەچن.

بەم پێێە، لە ١٠٠ میلیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئێراندا، ٣٥ میلیۆن تۆنی لە نێو دەچێت، که ئەمە بە ڕادە خواردنی ١٥ میلیۆن کەسە.

لەم پێوەندییەدا، ٣٠ لەسەدی لەنێوچوونەکان تایبەت به نان، ٢٥ تا ٣٠ لەسەدی تایبەت بە میوە و سەوزە، ١٠ لەسەدی برنج و ٢٥ لەسەدیشی تایبەت بە خورمایە.