کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ٦٠٠ هەزار منداڵ بە هۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەست دەدەن

20:08 - 8 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕیکخراوی جیهانیی بێهداشت باسی لە ژەهراوی بوونی زیاتر لە ٩٠ لەسەدی مندالانی جیهان کردووە. پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت ئیلام، بەردەوام بەرەوڕووی هێرشی گەردیلە دەبنەوە.

ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل، قەیراناوی بوونی بێهداشت و تەندرووستیی گشتیی منداڵانی خستووەتە ڕوو. ڕاپۆرتەکە دەرخەری ئەوەیە کە کەشوهەوای ژەهراوی، کاریگەرییەکی هەرە زۆری لە سەر منداڵانی سەرانسەری جیهان داناوە.

بەم پێیە، ٨/١ میلیارد منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا،  لە وڵاتە ساماندار و هەژارەکان هەوای ژەهراوی هەڵدەمژن، کە ٦٣٠ میلیۆن کەسیان تەمەنیان لە خوارەوەی ٥ ساڵە.

ئەم لیکۆڵینەوەیە دەری دەخات کە ساڵانە ٦٠٠ هەزار منداڵ بە هۆی چڵک کردنی توندی دەزگای هەناسەدان کە بە هۆی پیسبوونی هەواوە ڕوو ئەدات، گیانیان لە دەست دەدەن.

لایەنە کارەساتبار و ئاشکراکانی ئەم ڕاپۆرته تەنیا لایەنێک لە تەندروستیی جەستەیی ناکەنە ئامانج ، بەڵکوو هەموو لایەنەکانی بێهداشت و تەندروستیی منداڵان، وەک لەدایکبوونی پێشوەخت، گەشەی لاواز، ئاسم، کێشەی دڵ، خەسارە هۆشییەکان و ... دەگرێتە خۆی.

ئێران لەو وڵاتانەیە کە سەرەڕای پیسییە پیشەییەکان، تووشی تۆفانی گەردیلەکانیش بووە.

بە پێی ئاخرین ئاماری بانکی جیهانی، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦دا، بیست هەزار کەس لە ئێرانییەکان به هۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لە دەست داوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، مردن بە هۆی پیسی هەواوە لە ئێراندا، ١٢٠ لە سەد زیادی کردووە.

شارەکانی کوردستان، خووزستان و سیستان و بەلووچستان لەو شوێنانەن کە بەردەوام لە گەڵ هاتنی گەردیلەکان بەرەوڕوون.