کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە هەزار کەس لە کرێکارانی بیناسازی، بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست دەدەن

12:23 - 24 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ساڵانە ٨٠٠ تا ١٠٠٠ کرێکاری بیناسازی لە ئێراندا، بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی ڕێوشوێنە ئیمنییەکانەوە، گیانیان لەدەست دەدەن.

هەواڵدەریی "خەبەرئانلاین"، لە زاری "ئەکبەر شەوکەت"، سەرۆکی کانوونی کرێکارانی بیناسازیی ڕێژیمی ئێران و ئەندامی کرێکاریی هەیئەت ئۆمەنای ڕێکخراوی "تەئمین ئیجتماعی"، بڵاوی کردووەتەوە کە ٦٠ لەسەدی ئەو کرێکارانەی لە کاتی کارکردندا تووشی خەساری گیانی دەبن، کرێکارانی بیناسازین.

"شەوکەت" لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "ساڵانە ٨٠٠ تا ١٠٠٠ کرێکاری بیناسازی لە ئێراندا، بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی ڕێوشوێنە ئیمنییەکان، گیانیان لەدەست دەدەن".

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ئێران لە بواری ڕێوشوێنە ئیمنییەکانی کار، لە نێوان هەموو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی هەیە؛ هەروەها نزیکەی ٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کرێکاری بیناسازی لە ئێراندا بوونی هەیە و کرێکارانی بیناسازی، زیاتر لە هەموو کرێکارانی دیکە لە ئێراندا تووشی بێکاری و ڕووداوی کار دەبن و زۆرترین ئاماری قوربانییانی ڕووداوی کار، کرێکارانی بیناسازی لەخۆ دەگرێت.

وێڕای بێکاری و ڕووداوی کار کە بەردەوام هەڕەشە لەم چینە دەکات، سەدان هەزار کەسیشیان لە خزمەتگوزاریی دەرمانی و بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بێبەشن.