کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵمەرگی خومەینی بە هەشتەگی "روح الشیطان" پێشوازی لێ کرا

12:25 - 15 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دژبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ساڵمەرگی خومەینی، فتواچی جیهاد دژی نەتەوەی کورد، هەشتەگی "روح الشیطان"یان بەڕێوە برد.

بەپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کاتێكدا ڕێوەڕەسمی ٢٩هەمین ساڵی مردنی خومەینی، دامەزڕێنەری ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانیان بەڕێوە برد، کە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەشتەگی "روح الشیطان"یان بەڕێوە برد.

لەو هەشتەگەدا، دژبەرانی ڕ‌ێژیمی تاران باسیان لەوە کردبوو، کە خومەینی بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئێعدامەکانی دەیەی شەستی هەتاوییە و کێشەکانی دیکەی وەک بێکاری، هەژاری و نەبوونی بژیوی ژیان هەموو لەژێر سەری ئەودایە.

بەشێکی دیکە لە بەکارهێنەرانی هەشتەگی "روح الشیطان" باسیان لەوە کردبوو، کە خومەینی بە داهێنانی بیری ئیدئۆلۆژیکیی شیعەگەرایی و "هەناردەکردنی ئینقلاب" بووەتە سەرچاوەی شەڕی تایفەگەری و تێرۆر لە ناوچەکه و سەقامگیریی لەو ناوچەیەی تێک داوە.

هەروەها بەشێکی دیکە لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران، خومەینیان لە ڕیزی کەسانێکی وەک هیتلێر، موسوولینی و فڕانکۆدا هێنا و ڕایانگەیاندبوو کە ئامانجی ولایەتی فەقیهـ دامەزراندنی دەوڵەتێکه بە بیرۆکەی داعش.

ساڵی ٩٥ی هەتاوی، ئایەتۆڵلا مونتەزێری لە فایلێکی دەنگیدا بڵاوی کردبووە، کە ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ هەتاوی گەورەترین جینایەتە و ناوبراو ڕاستەخۆ، خومەینی بە بڕیاردەری ئەو ئێعدامانە ناساند و وتوویەت کە کارێکی فیقهی و ئیننقلابییه بووە.

ئایەتوڵڵا مونتەزێری لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا بە ئاماژەدان بە لەبیرنەمانی ڕێژەی لە سێدارەدراوەکان، ئاماری ساڵی ١٣٦٧ بە ٢٨٠٠ تاکوو ٣٨٠٠ کەس دەخەمڵێنێت.

خومەینی، چالاکانی سیاسی ئەو سەردەمەی بە موحارب و موستەحەقی ئێعدام زانیوە، کە ڕوانگەیەکی فیقهییە، بەڵام لە لایەن کەسانی ئایینیش بە هۆکاری شارع نەبوونی خومەینی ڕەت کراوەتەوە.

هەروەها بەپێی ئاماری سەرچاوەکانی مافە مرۆییەکانی کورد، لە سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ تا ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٧، بە لانیکەمەوە ٧١٣ زیندانی سیاسی لە بیست گرتووخانەی کوردستانی ئێران لە سێدارە دراون کە پشکی گرتووخانەکانی کرماشان، سنە، ورمێ و ئیلام بە ڕیز ٢٠٦، ١٦٣، ١٣١ و ٤٥ کەسە.