کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵـڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات لە ١١ی رەشەمەی ١٣٥٧/وتووێژ

01:39 - 11 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: ١١ی رەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ساڵـڕۆژی بەڕێوەچوونی میتینگی مەهاباد و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ لە رۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا میتینگی راگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات بە رێبەریی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بەڕێوەچوو، لەو رۆژە مێژوویی‌یە کە ١٩ رۆژ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران هاتە ئاراوە، دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پێشکەش کرد.
لەو پەیامەدا پاڵپشتی لە شۆڕشی خەڵکی کوردستان و هەموو گەلانی ئێران راگەیەنرا و بانگهێشتن بۆ برایەتی و یەکیەتیی نەتەوەکانی ئێران و هێزە نیشتمانپەروەرەکان کرا و تێیدا هوشداری بە پیلانەکانی دوژمن بۆ لەخشتەبردنی پێشێلکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد درا.
کوردستان میدیا بۆ زیاتر ئاگادار بوون لە دۆخی سیاسیی ئەو کاتی کوردستان و ئێران، وتووێژێکی لەگەڵ \'\'سەید عەلی رەحمانی\'\' وەکوو یەکێک لە بەشدارانی میتینگی مەهاباد پێک هێناوە.


دەقی وتووێژەکە بەم شێوەیە:


10002.jpg
سەید عەلی رەحمانی: لە میتینگی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس بەشدار بوون

کوردستان میدیا: ئێوە وەکوو کەسێک کەلە میتینگی مەهاباد، واتە رۆژی ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات، بەشداربوون، بە بڕوای ئێوە چەند کەس لەو میتینگەدا بەشدارییان کرد؟


سەید عەلی رەحمانی: بەڵە راستە، من لە ساڵـڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی حیزب لە رێکەوتی ١١ی رەشەمەی ١٣٥٧ کە بە شێوەی میتینگێک لەلایەن دوکتور قاسملووەوە بەڕێوەچوو، بەشداریم کردووە، دیارە من لە رۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا بینیومە کە چلۆن و بە چ شێوەیەک باسیان لێ کردووە، دیارە رۆژنامەکان لەو بڕوایەدا بوون کە ٩٠ هەتا ١٠٠ هەزار کەس بەشدارییان کردووە، بەڵام ئەو دیدەی کە من لە کاتی هاتنە دەرەوە لە مەیدانەکەدا هەمبوو، ئەوەی من دیتم لانی‌کەم ٢٥٠ هەزار کەس بەشداری ئەو رێوڕەسمە بوون. دەتوانم بڵێم ئەوەندە کە خەڵکی حیزب و حیزب خۆشەویست هاتبوو، دوو هێندە خەڵکی ئاسایی هاتبوو.
کوردستان میدیا: بۆ چی ئەو هەموو خەڵکە لە رێوڕەسمی ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دیموکرات بەشدارییان کرد؟ پێویستیی راگەیاندنی ئاشکرابوونی خەبات حیزب چی بوو؟


سەید عەلی رەحمانی: لەو سەردەمەدا هەلومەرجەکە سەیر و سەمەرە بوو، کەسانێک کە هەلومەرجی ئەو کاتیان نەدیبێت، هەرچی لەو پێوەندییەدا بخوێننەوە هەر ناتەواوە، چونکە لە کۆتایی‌یەکان دەسەڵاتی پەهلەویدا بەجۆرێک دەرەتانێک خولقابوو کە هەر گرووپێک لە دەربڕینی هەڵوێستەکانی سەرپشک و ئازاد بوو، یان لانی‌کەم هەلومەرجی ئینقلابی ئەوەی دابین کردبوو، بۆ وێنە چاو لێ بکە لەو سەردەمە دژوارەدا \'\'ئاغای سیرووس نەهاوەندی\'\' کە وەزیری دەربار بوو، دێت گرووپێکی زۆر زۆر چەپ بەناوی \'\'شفق سرخ\'\' دادەمەزرێنێت و هەزاران لاو بۆلای خۆی رادەکێشێ و کارەکەشی بان‌تر لە کۆمۆنیسم لە کۆتاییدا بە قازانجی ئیمپرالیزم تەواو دەبێ، بەڵام ئەگەر چاو لە دۆخی کوردستان بکەین کە هەلومەرج زۆر لەبارترە و وەکوو قارچک رۆژ بۆ رۆژ گرووپێک هەڵدەتۆقێ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش خۆ حیزبێکی نەناسراو نەبوو، چونکە لانی‌کەم مێژووی کۆماری کوردستان پاڵپشتیی لێ دەکرد و دونیای دەناسی و دونیا دەیناسی، پێویست بوو لە رۆژێکی دیاریکراودا ئەو کارە بکا و بڵێ، رابگەیەنێت کە ئێمەیش لە مەیدان داین.

10029.jpg
دیمەنێک لە میتینگی مەهاباد


کوردستان میدیا: دۆخی خەباتی حیزبی دێموکرات پێش ئەو سەردەمە واتە راگەیاندنی ئاشکرابوونی خەبات، چۆن بوو؟


سەید عەلی رەحمانی: زیاتر لە ٣، ٤ مانگ بوو هاوڕێیانی حیزب کەلە دەرەوەی ئێران لە دوورەوڵاتدا ژیابوون و ژیانێکی کوڵەمەرگی و پڕ لە کوێرەوەریشیان هەبووە، بە نهێنی لە شارەکاندا کۆمیتەگەلێکی بچۆکی دوو سێ کەسییان دانابوو و پێیان وابوو هەلومەرج هەر وەکوو جارانە. لەو سەردەمەدا دوکتور قاسملوو هزری ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی وروژاند و لە رۆژی ١١ی رەشەمە ١٣٥٧ (١/٣/١٩٧٩) لە کۆبوونەوەیەکدا کە پێشتر باسم کرد، خەباتی ئاشکرای حیزبی راگەیاند.
کوردستان میدیا: کاک سەید عەلی باسی رووداوەکانی نێو میتینگەکەی مەهابادمان بۆ بکە.


سەید عەلی رەحمانی: هەر وەکوو وتم خەڵکێکی زۆر لە حیزبی و غەیرە حیزبی بەشداری ئەو میتینگە بوون، ژن و پیاو بەتێکەڵ بەشدار بوون و من لە بیرمە کە نزیک بە ١٥٠ ژن و پیاو بە تێکەڵ بە جلوبەرگی نامونەزەمەوە بە شێوەیەکی خۆڕسک لە نێو مەیدانەکەدا بە تفەنگی بڕنەو رێژە دەچوون. ئەو کۆبوونەوەیە نزیک ٤ هەتا ٥ کاتژمێری خایاند و خودی دوکتور قاسملوو بەڕێوە دەبرد، دیارە لەو سەردەمەدا جگە لە دوکتور قاسملوو کەسێکی دیکەی وەهامان لەنێو حیزبدا بە داخەوە نەبوو کە بتوانێ ئەو کارە بە باشی بەڕێوەبەرێت ئەوەیش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حیزبی دێموکرات هەتا ئێستا چوار نەسڵی بە خۆیەوە بینیوە، نەسڵی یەکەم پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی بوون کە پاش رووخانی کۆمار و دواتر بووژاندنەوەی حیزب لە ساڵی ١٣٢٧، تەنیا یەک تاقە نەفەریش کەلە کۆمار و دامەزرانی حیزبدا بەشداریی کردبوو، لە بووژاندنەوەی حیزبدا لە ساڵی ٢٧ بەشداریی نەکرد، واتە ئەوانەی کەلە بووژاندنەوەی حیزبدا بەشدارییان کرد دەبنە نەسلی دووهەم کە دوکتور قاسملوو و یارانی دەگرێتەوە، ئێستا نەسڵی سێیەم لە نێو حیزبدا دەسەڵاتدارە، بۆ نموونە مستەفا هیجری ساڵی ١٣٥٨ بووەتە ئەندامی حیزب، واتە نە سەرەمی کۆماری بینیوە و نە سەردەمی بووژاندنەوەی رێکخراوەکانی حیزب پاش ساڵەکانی ٢٧، بەڵام بە پێچەوانەی قۆناغەکانی پێشوو ئێستا نەسڵی سێیەم و چوارەم لەنێو حیزبدا تێکەلە و پێکەوە خەبات دەکەن و ئەزموونەکانیان لە ئیختیاری یەکدی دادەنێن. لەپێوەندیی نێوان نەسڵی دووهەم بۆ سێیەم ئەوانەی کەلە ساڵی ١٣٥٧ حیزب خۆ دەبووژێنێتەوە و خەباتی ئاشکرای دەست پێ دەکا، باوەڕ ناکەم لەسەدا ٢ی نەسڵی دووی حیزبیی ساڵەکانی ٢٧، ٣٢، ٣٨، ٤٢، ٤٦ ــ ٤٦ بەو هەموو ئەزموونەوە کە خەباتیان کردووە، زیندانییان کێشاوە نەهاتوونەوە مەیدان بەداخەوە.
کوردستان میدیا: حیزب پاش راگەیاندنی خەباتی ئاشکرای خۆی وێڕای ئەوەی کە هەموو کۆمیتەکان لە سەرانسەری شارەکانی کوردستان دەبووژێنێتەوە، هەتا چەندە لە گۆڕپانی ئاشکرای خەباتدا بەردەوام بوو؟


سەید عەلی رەحمانی: پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەتان بدەمەوە، پێم خۆشە باسی شتێک بکەم. دوکتور قاسملوو دەفەرمێ \'\'ئێمە هەرچەندە زیاتر بمێنینەوە و ناچار بە شەڕ نەبین بۆ ئێمە باشترە و قازانجی زیاتریشی تێدایە. لە ١١ی رەشەمەوە کە رێکخراو و کۆمیتەکانی حیزب لە شارەکاندا دامەزرانەوە و بۆ خۆیان هاتوچۆ و چالاکییان هەبوو، هەتا ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ درێژەی کێشا. رۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ کە خومەینی جیهادی لەدژی نەتەوەی کورد راگەیاند، خەباتی ئاشکرای حیزب بەدرەوام بوو.


کوردستان میدیا: ئایا حیزب لەو سەردەمەدا تەنیا خەباتی مەدەنیی دەکرد، یان چەکداریشی هەبوو؟


سەید عەلی رەحمانی: حیزبی دێموکرات هەمیشە چەکدار بووە، بەڵام هەمیشە چەک لەسەر شانییەوە نەبووە، لەو سەردەمەشدا پاش ئاشکرابوونی خەباتی حیزب هەتا دەسپێکی فەرمانی جیهادی خومەینی هیچ دەرگیرییەک رووی نەداوە هەتا حیزبیش لە چەک کەڵک وەربگرێت و کۆمیتەکانیش لە جێگای خۆیاندا چالاکییان هەبووە.


دیمانە/ رامان نەسری