کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵی ٢٠١٩ بۆ ئێران هاوکاتە لەگەڵ زۆربوونەوەی ناڕەزایەتی و قەیرانەکان

12:19 - 8 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پێشبینییەکان بۆ ساڵی داهاتوودا، ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و قەیران دەبیننەوە.

عادڵ ئەلسالمی، لە ڕۆژنامەی شەرقەلئەوسەتدا، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە، که باسی لە پێشبینییەکان بۆ ساڵی ٢٠١٩، سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران کردووە، که لێرەدا ئاماژە به کورتەیەک لەو ڕاپۆرتە لە زاری ماڵپەڕی "کەیهانی لەندەن" دەکرێت.

لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای باس له کاریگەرییە نەرێنییەکانی گەماڕۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، که لە سەرەتای مانگی نوامبری ٢٠١٨ەوە وەگەڕ خران، هەروەها باس لە کاریگەرییەکانی ئەم گەمارۆیانەش بۆ سەر ئابووریی ئێران لە ٢٠١٩دا کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە گرینگترین هۆکارەکانی زیادبوونەوەی هەستیارییە سیاسییەکاندا لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئەگەری مردنی ڕێبەری ئێستای ڕێژیم، عەلی خامنەیی و تێکەڵچوونی هێزە شاراوەکانی نێو نیزام لە ئارادایە، که بەدڵنیاییەوە به مردنی خامنەیی شەڕ بۆ گرتنەوەی جێگاکەی زۆرتر دەبێتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا، هەروەها ئاماژە به ناڕەزایەتییەکان کراوە و هاتووە: کە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و مانگرتنی کرێکاران له زۆربەی شارەکانی ئێراندا دەستی پێ کردووە و ئەو ناوەندانەی که خوێندنەوە بۆ کاروباری ئێران دەکەن، پێیان وایه که ناڕەزایەتییەکان هاوکات لەگەڵ گۆڕینی داخوازییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناڕازییان لە ساڵی ٢٠١٩دا بەربڵاوتر دەبێتەوە.

لە لایەکی تریشەوە باس لەوە کراوە، که سپای پاسدارانی ڕێژیم، فەزای ئێرانی زۆرتر لە جاران ئەمنیەتی کردووەتەوە.

ئەلسالمی، لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا، باسی لەوە کردووە: که دەوڵەتی ئێستای ئامریکا، بۆ گواستنەوەی هێز له ئێران و دەرکردنی توندئاژۆکان له هاوکێشە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەدا، زیاتر لەسەر بزووتنەوە خەڵکییەکانی دژبەری ڕێژیم لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا حەسێبی کردووە.

دەقی تەواوی ئەم ڕاپۆرته لە بەشی فارسیی کوردستان میدیادا هاتووە.