کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵی نوێی خوێندن و پرسی زمانی زگماکی

11:06 - 31 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سبەی یەکەم ڕۆژی بەفەرمی کرانەوەی قوتابخانەکانە لە ئێراندا و قوتابییانی نەتەوەکانی ئێران دیسان ناچارن بە دڵەڕاوکێی چەندین ساڵەیان ڕوو بکەنەوە لە ناوەندەکانی فێرکردن.

یەکی ڕەزبەری هەموو ساڵێک بنەماڵەی قوتابییانی سەر بە نەتەوە غەیرەفارسەکان بە دنیایەک هیوا و ئۆمێدەوە چاو لە داهاتووی منداڵەکانیان دەبڕن تاکوو ڕۆڵەکانیان بتوانن لەژێر ڕۆشنایی و تیشکی ڕستە و پیت و وشەکان، داهاتوویەکی گونجاو بۆ خۆیان و کۆمەڵگاکەیان دابین بکەن بەڵام ئەمە تەنیا وەک خولیا و ئاواتێک دەمێنێتەوە و قەت ناچێتە بواری کردەییەوە.

ئەوەی لە ئێراندا ڕوو دەدات و خەمخۆرانی زمان و دڵسۆزانی گەل بۆی بەپەرۆشن چییە؟ دوکتور ڕەحیم سورخی لەمبارەوە دەڵێ: "پڕئاشکرایە کە پلانی زمان و پلانی فێرکردنی زمان، کەم وایە لە ژینگەیەکی تاکزمانیدا بەڕێوە بچێ. ئەوەی کە لە ژینگە فرەزمانەکاندا زمان چۆن فێر بکرێ، بابەتێکی ئاڵۆزە. لە وڵاتێکی وەکو ئێرانی فرەزمان، فرەنەتەوە و فرەکەلتووردا، پلانی زمان، بەتایبەتی لە ئاستی فێرکردندا، تەنیا بابەتی زمانی نیشتیمانی یان فەرمی (زمانی فارسی)ی گرتووەتەوە. ئەوەی کە بەردەوام کێشەی سەرەکی بووە، ئەوەیە کە ئەم وڵاتە فرەئیتنیکییە لە ئەنجامی پێکناکۆکیی متبووی نێوان کۆمەڵەی ئیتنیکیی وەفادار بە دەوڵەت و کۆمەڵە ئیتنیکییە وەفادارەکان بە نەتەوە بندەستەکان، ململانێ دێتە ئاراوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆن ئەو دوولایەنە دەتوانن بە شێوەیەکی نەرم، بەوجۆرەی سیستەمی ناوەندیی دەیهەوێ بگونجێن بۆ پرۆسەی دەوڵەت نەتەوەسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەره‌ڕۆدا. گرفتەکە ئەوکاتە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، کە گرووپە ئیتنیکییە جیاوازەکان زۆر جار بە زمانی جیاواز قسە دەکەن و وەفاداریی بە نەریتی زمانیی خۆیان پیشان دەدەن. کەواتە فرەییی زمانی، مەیلی لە ئاستێکی لاوازی تێکەڵاوییە لە پێوەندیکردندا و  پێشکەوتن لەم وڵاتەدا پرۆسەیەکی درێژ و ئەستەم دەبێت."

زمان، ئامرازی ئافراندن و پاراستنی پێوەندییە نێوان کەسییەکان، توێژە کۆمەڵایەتییەکان و ناسنامەی تاکەکەسییە؛ لەسەر ئەم بنەماشە کە دەبینین لە سەرانسەری جیهاندا،خەڵک بزووتنەوەی وایان بەڕێ خستووە کە لە بەرانبەر تەوژمی هەمه‌لایەنەی زمانی بێگانە، بەرگری لە زمانی نەتەوەیی خۆیان بکەن.

تراژێدیای زمان بۆ نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد ئەو کاتە دەردەکەوێ کە بزانین بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ له‌ خوێندنگه‌کاندا بۆیان نییه‌ به‌ زمانی زگماکیی بخوێنن، له‌ پرۆسه‌ی فێربووندا ئه‌وه‌نده‌ سه‌رکه‌وتوو نابن. ئه‌مه‌ ته‌نیا ڕواڵه‌تی پرسی ئاسیمیلاسیۆن (تواندنه‌وه‌ی زمانی)یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ڕاستیدا ڕوو ده‌دات، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌ له‌ توێژی به‌رخه‌ساری ناو کۆمه‌ڵن. ئه‌وان له‌ هه‌ژارترین و لاوازترین که‌سانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ن، که‌م داهاتترین پیشه‌یان هه‌یه‌، منداڵانیان له‌ فێربووندا کێشه‌یان زۆره‌ و له‌ ئاکامیشدا به‌ره‌ی دواتر له‌چاو به‌ره‌ی ئێستا ئه‌وه‌نده‌ حاڵی باشتر نابێت.