کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستادیۆمی ٢٢ی گوڵانی سنە، دوای ١٣ ساڵ هێشتا بۆ بەکارهێنان نابێت

12:38 - 13 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پرۆژەی وەرزشگای ٢٢ی گوڵانی سنە، لە ڕیزی ئەو پرۆژانەیە کە زیاتر لە یەک دەیەیە، هێشتا کارەکانی کۆتایی پێ نەهاتووە.

لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی، پرۆژەی ستادیۆمی ٦ هەزار کەسیی ٢٢ی گوڵانی سنە، دەستبەکار بووە و دوای تێپەڕبوونی ١٣ ساڵ هێشتا نێوەی ئەو پرۆژەیە تەواو نەکراوە و چارەنووسی ئەو پرۆژەیە هەروا نادیارە.

ئەو پرۆژەیە لە کاتی دەسپێکردنی کارەکانی لەگەڵ کەمیی بوودجە و پێداویستی بەرەوڕوو دەبێت و بوودجەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە بەو ڕێژەیە نەبووە، کە پرۆژەکە بە قۆناغی کەڵکوەرگرتن بگەیەنێت.

بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری سنە، لەو بارەوە ڕای گەیاندووە: ستادیۆمی ٢٢ی گوڵان دیسان ١٠ میلیارد تمەن بوودجەی بۆ دیاری کراوە، جێگەی ئاماژەیە، کە لەم ١٣ ساڵە بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، بەڵێنی زۆریان داوە و هەتا ئێستە چەندین‌ جار بوودجەیان بۆ دیاری کردووە، بەڵام پرۆژەکە هەر وەک خۆی ماوتەوە.

لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات، زۆر پرۆژە هەن، کە سەرەوەی دە ساڵە کاریان لەسەر دەکرێت و بوودجەیان بۆ دیاری دەکەن، بەڵام تەنیا چەند لەسەدی پرۆژەکان ساز کراوە و تەنانەت پرۆژەیش هەیە کە دەیان ساڵە باس لە سازکردنی دەکەن و بوودجەیشیان بۆی دیاری کردووە، بەڵام تەنیا زەوییەکی ڕووت دەبیندرێت.

ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی، کەمترین گرنگی بە ئاوادانی و خزمەتگوزاریی لە ناوچە کوردنشینەکان دەدات و تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی سەرمایەکانی کوردستانیش، دەکرێت لە ئاوەدانترین ناوچەکان بێت، بە تاڵانکردنی ڕۆژهەڵات لە ڕیزی ناوچە بێبەشکراوەکانە.

 شایانی باسە ئەم ستادیۆمە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە بۆنەی هاتنی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بۆ پارێزگای سنە، لە ڕێکەوتی ٢٢ی گوڵان، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە ناوی ٢٢ی گوڵانی لەسەر دانرا، بەڵام هەر ڕۆژێک پاش هاتنی خامنەیی بۆ پارێزگای سنە، شەهید فەرزاد کەمانگەر و هاوڕییەکانی لە گرتووخانەی ئەوین لە سێدارە دران، کە بەم بۆنەوە ئەم وەرزشگایە لە لایەن خەڵکی سنەوە بە ٢٣ی گوڵان ناسێنراوە.