کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتژی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستان و چەند سرنجێک

18:07 - 8 پووشپەڕ 2716

ئیدریس ئەحمەدی

• ئەم ستراتژییە نوێیە، کە دەکرێ بە ستراتژی ڕاسان ناودێر بکرێ، کاکڵەکەی بریتییە لە: ١) گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شاخ بە مەبەستی وەدەستێنانەوەی قووڵای ستراژیک لە بۆاری نیزامییەوە ( واتە کۆنترۆڵکردنی پانتاییەکی جوگرافی لە شاخ هەم وەک رێگوزەرێک بۆ نێو رۆژهەڵات بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکی سیاسی و نیزامی و هەمیش وەک پشتووپەنایەک بۆ هێزی پێشمەرگە و سەرکردایەتی حزبی دێموکرات)؛ ٢) چالاککردنەوەی هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی کوردستان، ئێران، رۆژهەڵاتی ناوین و تەنانەت نێودەوڵەتیشدا؛ ٣) ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێو قووڵایی خاکی رۆژهەڵات لە راستای کردنەوەی پانتاییەکی سیاسی بۆ بەجەماوەریکردنی بەرخۆدان دژ بە کۆماری ئیسلامی؛ ٤) دانانی چەک بە جاشەکان بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەتوانێ چی دی بە وەکالەت شەڕی خۆی لە کوردستان بکا؛ ٥) بەرینکردنەوەی هاوپەیمانی سیاسیی لە گەڵ کۆمەڵە و هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵات بۆ گەیاندنی پەیامی یەکگرتوویی سیاسی لە رۆژهەڵات بە دژمن و دونیایی دەرەوە؛ ٦) جێخستنەوەی کوردستان وەک بەدیلێک بۆ کۆماری ئیسلامی لە رووی گوتاری ئایدیۆلۆژی و سیاسیی پێشکەوتنخۆازانەوە.

• جێخستنەوەی کوردستان وەک بەدیلێک بە مانای ساڵەکانی ئەوەڵی پاش شۆڕشی ١٩٧٩یە، بەڵام هەروها هەوڵێکە رۆژهەڵاتیش وەک باشوور و رۆژئاوا دواجار ببێ بە مۆدێلێکی سێهەم لە حکومەتی کوردی. لە باکووریش ئەو هەوڵە لە ژێر ناوی خۆسەری دێموکراتیک لە ئارادایە و پارتی کرێکاران شەڕی نێو شاری کردووەتە تەواوکەری شەڕی گریلا.

هەڵبەت حیزبی دێموکرات بە نیازە بە کەمترین زیان لە هێزی پێشمەرگە و بە تایبەت خەڵکی مەدەنی کوردستان، پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی بکا و لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار مۆدێلێکی نوێیە. ئامانجێکی دیکەی ئەم ستراتژییە ئەوەیە کە رۆژهەڵات بەرەبەرە ببێ بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ ڕاسان لە بەلووچستان، ئازربایجان و ئەهواز.

• بێ گومان گەیشتن بەو ئامانجانە کاتی زۆر و پشوودرێژی و هەروها قوربانیدانی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە دەوێ، بەڵام ئەم ستراتژییە دەسپێشخەرانەیە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی زیاتر لە ٧٠ ساڵ خەباتی حزبی دێموکرات و هەروها ئەزموونی بەشەکانی دیکەی کوردستان داڕێژراوە. بە هۆی دەسپێشخەرانەبوونی، لە سەرەتادا لە لایەن کۆماری ئیسلامی و هێندێک لایەنی دیکەوە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بەرپەرچدانەوەی دەدرێ. سرووشتی سیاسەتی دەسپێشخەرانە ئەوەیە کە هەم دەسکەوتی زۆری دەبێ و هەمیش دژمن زۆرتر تەیار دەکا.

• پرسیارێک کە لێرە و لەوێ دەکرێ، ئەمەیە: بۆ حزبی دێموکرات ئێستا ئەو ستراتژییە نوێیەی خستووەتە باری کردەوەوە و نەک چەند ساڵ لەمەوپیش، کاتێک کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی ئەمریکای لەسەر بوو و گەمارۆدرابوو؟ هۆیەکی ئەوەیە کە ئەم ستراتژییە دەسپێشخەرانەیە و دەبێ رێک لەم کاتەدا بخرێتە باری کردەوەوە. راستە ئێستا رۆژئاوا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی لە هەڵکردندایە، بەڵام ئێران شان بە شانی رێکەوتنی ئەتۆمی لە جاران زیاتر لە هەوڵی پێکهێنانی ئیمپراتۆرییەکی نافەرمیدایە کە سنووری وڵاتانی رۆژهەڵات بە فەرمی دەسکاری ناکا، بەڵام لە کردەودا ئامانجی ئەوەیە بیانهێنێتە ژێر سوڵتەی خۆی. لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی کاری بۆ ئەوە کردووە کە هەموو لایەک لێی بترسێ و ئەو باوەڕە لە دوونیادا بچەسپێنێ کە کەس ناتوانێ دەستی بۆ بەرێ و تەنیا بە ملکەچبوونی رۆژئاوا و تەسلیمبوونی نەیارانی رازی دەبێ. بۆیە بەشێک لە ئوپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەرە بەرە تەسلیمی بوون، بە تایبەت لە رێگای گوتاری هەڵخەڵەتێنەرانەی رێفۆرمیستییەوە (کە هەوڵێکە بۆ تواندنەوەیان لە دەروونی کۆماری ئیسلامیدا) و هەروها پرۆپاگەندی کۆماری ئیسلامی کە رێژیم لە تاران زۆر بەهێز و نابێ بیر لە رووخاندنی بکرێتەوە. پێشمەرگەی دێموکرات لەو هاوینەدا نیشانیان دا کە ئەو ترسەی لە کۆماری ئیسلامی هەیە، بێ جێیە و بە سیاسەتی دەسپێشخەرانەی دێموکرات، هاوکێشە سیاسییەکان لە ئاست کوردستان، ئێران، رۆژهەڵاتی ناوین و بگرە نێودەوڵەتیشدا لە حاڵەتی گۆڕاندان و لە داهاتوودا رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ بە خاوەن سەنگی جێوسیاسی تایبەت بە خۆی.

• گرنگە کە کۆمەڵگای رۆژهەڵات و تاراوەگەی کوردی بە درووستی ئەم ستراتژییە بخوێنێتەوە و پشتیوانی لێ بکا. نیزامی باوی رۆژهەڵاتی ناوین پاش چەندین دەیە لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە دایە و لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان بە قووربانیدان و فیداکاری، خەبات لە پێناو رزگاری نەتەوەی لە ئارادایە. ئێستاش کاتی ڕاسانە لە رۆژهەڵات!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە