کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادانی چەکدارانی ڕێژیم لەلایەن هەڵۆکانی زاگرۆسەوە

11:22 - 26 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەشێک لە چەکدارانی کۆماری ئیسلامی جێگیر لە شاری بانە بەهۆی دەسدرێژییەکانیان بۆ سەر کاسبکاران و ئازاردانی خەڵکی ناوچە، لەلایەن هەڵۆکانی زاگرۆسەوە سزا دران.

هەڵۆکانی زاگرۆس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کردووە کە بەشێک لە چەکدارە تاوانبارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییان سزا داوە کە دەستیان هەبووە لە ئازاردانی خەڵکی ناوچەی بانە و ڕێگرییان لە کاسبی کاسبکارانی ئەم ناوچە کردووە.

هەڵۆکانی زاگرۆس پۆلی ئاربابا، لە ڕاگەیەندراوێکدا سزادانی چەکدارە تاوانبارەکانی کۆماری ئیسلامیان لە ناوچەی بانە ڕاگەیاند. بەپیی ڕاگەیەندراوەکە کاتژمێر ١٠و١٥ خولەکی شەوی ٢٥ لە سەر ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی دەستەیەک لە ڕێگر و تاڵانچییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە مەبەستی ڕاوەڕووت و کوشتنی کاسبکارانی ناوچەی ناوبریکانی خێڵەڕەشی بانە بۆسەیان نابوویەوە و پەلاماری زەحمەتکێشانیان دەدا و بەنیازی تاڵانکردنی کەلوپەلەکانیان بوون کەوتنە بەر هێرشی پۆلێک لە هەڵۆکانی زاگرۆس کە لەو بەهاناوەچوونەی هەڵۆکاندا کاسبکار و زەحمەتکێشانی ناوچەکە لە کوشتن و تاڵانکردن ڕزگاریان بوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیش بریندار بوون و بە پەڵەپڕووزە ناوچەکەیان چۆل کردووە.

هەڵۆکانی زاگرۆس سەبارەت بە ڕێژەی کوژراو و بریندارەکانی ڕێژیم ئاشکرای کردووە لەڕادەی دروستی کوژراو یان بریندارەکان زانیارییەک لە بەردەستدا نییە بەڵام لە ڕاگەیاندنەکانی دواتردا بە وردی چۆنییەتی هەواڵەکە ڕادەگەیەنرێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەڵۆکانی زاگرۆس کە خۆیان بە پاڵپشتی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و پشتیوانی خەباتی ئەم گەلە دژ بە کۆماری ئیسلامی دەناسێنن چەندین دژە‌گەلی و بەکرێگیراوی سەر بە رێژیمی تارانیان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە سزای کردەوەکانیان گەیاندووە و ڕایانگەیاندووە تا گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەل بەردەوام دەبن لەم ڕێبازە.