کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سفرە بەتاڵەکەی بانە گەیشتە زانکۆی ورمێ

18:01 - 19 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتی دەربڕینی خوێندکارانی زانکۆی ورمێ، لە هەمبەر بە پووڵی کردنی خوێندن و گرانبوونی واحدە دەرسییەکان.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەندێک لە خوێندکارانی زانکۆی ورمێ بە کۆبوونەوە لە بەر نووسینگەی بەرپرسایەتی زانکۆ، بە دروشمدان و هەڵگرتنی پلاکارت، لە هەمبەر بە کەرتی تایبەت سپاردنی زانکۆوەکان، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.

خوێندکارانی زانکۆی ورمێ، بە دروشمەکانی "دانشجو بیکارە پول از کجا بیارە"، "دانشگاه تجاری تدبیر یا خیانت"، "نە بە پولی سازی دانشگاه"، لە بەرامبەر گران کردنی شەهرییەی زانکۆ و کێشە ئابوورییەکانی خوێندکاران، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

جێگەی ئاماژەیە، کە خوێندکاران بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ هاوتای خەڵکی شاری بانە، کە ٢٥ ڕۆژە بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان مانیان گرتووە، لە بەردەم نووسینگەی بەرپرسایەتی زانکۆی ورمێ، لە هەمبەر دۆخی نالەباری ئابووری ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

مانگرتنی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات لە مانگی ڕابردووەوە، لە جوانڕۆ هەتا سەڵماس، لە هەمبەر داخرانی سنوورەکان، بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ وەکوو هێمایەک لە دۆخی نالەباری ئابووری و خەمی نان و کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم بووە.