کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە، پارێزگای پەراوێزخراوی قوتابخانە پەرتووکاوەکان

17:48 - 28 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: پارێزگای سنە بە دووسەوهەشتاوچوار (۲۸٤) قوتابخانەی پەرتووکاو، یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستانە کە لە لایەن ڕێژمەوە پەراوێز خراوە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە هەرێمە دەوڵەمەندەکانە لە جوگرافیایی دەستکردی ئێراندا کە وێڕای بە تاڵان بردنی هەموو سەرچاوە داهاتەکانی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، پارێزگاکانی کوردستان لە هەموو بوارێکەوە بە تەواوەتی پراوێز خراون و پاش هەرێمی بەلووچستان، لە ئێراندا کوردستان بە دواکەوتووترین هەرێم بە واتایی واقیع پێناسە کراوە.

پارێزگای سنە بە یەکێک لە پارێزگا پەراوێزخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێژیمە هەژمار دەکرێت بە تایبەت لە بواری خوێندندا، کە دووسەدوهەشتاوچوار (۲۸٤) قوبخانەی پەرتووکاوی تێدایە و پێویستیان بە نۆژنکردنەوەیە.

پاش ئەوەی کە لە دوو حەفتەی ڕابردوودا بەرپرسی گشتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام چەندین جار ناڕەزایەتی لە هەمبەر دۆخی نالەباری خوێندن لەو پرێزگایە دەربڕی، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای سنەش ناڕەزایەتی لە هەمبەر خراپی بارودۆخی خوێندن لەو پارێزگایە دەربڕی.

ڕەشید قوربانی، بەرپرسی دەستنیشانکراوی ڕێژم بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە، ڕۆژی دووشەممە بە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند، دووسەدوهەشتاوچوار (۲۸٤) قوتابخانەی پەرتووکاو لەو پارێزگایەدا هەیە کە بۆ نۆژەن کردنەوەیان بڕی چوارسەدوهەشتاودوو میلیارد (٤۸۲۰۰۰۰۰۰) تمەن تێچوو پێویستە.

ڕەشید قوربانی، ئاماژەی بە خراپی باروباردۆخی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە کرد و وتی: "سەرەڕای ئەوەی کە سی لە سەدی (۳۰٪) قوتابخانەکانی سەرانسەری ئێران پەرتووکاون، بەڵام پارێزگای سنە لەو بووارەدا لە دۆخێکی زۆر خراپ تر و نەگونجاو تردایە".

ناوبراوی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: "لە ئێستادا دووهەزاروهەشت‌سەدوچل (۲۸٤۰) بینای خوێندنگە لە پارێزگای سنە هەیە، لەو ژمارەیە حەفت‌سەدوهەشتاویەک (۸۷۱) بینایان بۆ کەڵک وەرگرتن دەبێت، هەشت‌سەدوبیست‌وشەش (۸۲۶) بینایان پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی دووبارە هەیە و هەزاروسەدوچل‌ویەک (۱۱٤۱) بیناش بۆ خوێندن ستاندارت نین، سەرەڕای ئەوەش دووسەدوهەشتاوچوار (۲۸٤) بینای قوتابخانە بە تەواوەتی پەرتووکاون و بۆ کەڵک وەرگرتن نابن، بۆ نۆژەن کردنەوەیشیان بڕی چوارسەدوهەشتاودوو میلیارد (٤۸۲۰۰۰۰۰۰) تمەن، تێچووی پێویستە".

هەروەها بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ڕایگەیاند، سەدودە (۱۱۰) قوتابخانەی نێوەکارە لەو پارێزگایەدا هەیە کە بۆ تەواو کردنی کارەکانیان بڕی دووسەد میلیارد (۲۰۰۰۰۰۰۰۰) تمەن پێویستە، چاوەڕوەنین کە حکوومەت و خێرخوازەکان ئەو بڕە تێچوویە دابین بکەن.

لە کۆتایشدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ساڵی ڕابردووی هەتاوی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی سی‌وپێنج میلیارد (۳۵۰۰۰۰۰۰) تمەنی بۆ نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە دیاری کردووە، ڕایشیگەیاند؛ ئەوساڵیش هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو سی‌وپێنج میلیارد (۳۵۰۰۰۰۰۰) تمەن بۆ نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی پارێزگا دیاری کراوە و دە میلیارد (۱۰۰۰۰۰۰۰) تمەنیش بۆ کەرەستەکانی قوتابخانەکان دیاری کراوە، کە ئەو بڕە تێچووە دیاریکراوە هیچ کەلێنێک پڕ ناکاتەوە.

تاکوو ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئاخووندیی جەماران، لە سەر ناڕەزایەتی بەرپرسیانی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگاکانی کوردستان هیچ وڵامێکیان ڕانەگەیاندووە و لەمبارەشەوە هیچ هەنگاوێکی کردەوەییان هەڵنەگرتووە، ئەوەش یەکێک لە فاکترە سەلمێنەرەکانی پراوێزخراوی کوردستانە لە لایەن ڕێژیمەوە.