کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە پشتیوانی لە کەمپەینی ٢١ی خەرمانان دەکات

11:41 - 16 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لاوانی شاری سنە و ناوچەی ژاوەرۆی ئەم شارە، بەرەوپیریی بانگەوازی کەمپەینی ٢١ی خەرمانانەوە چوون و پشتیوانییان لەم کەمپەینە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوابەدوای ئەوەی کە لە لایەن چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، کەمپەینی ٢١ی خەرمانان دامەزرا، لاوانی شاری سنە و ناوچەی ژاوەرۆی ئەم شارەش، پەیوەست بە ڕێزی پشتیوانانی کەمپەینەکەوە بوون و بە ئەنجامدانی چالاکی و گرتنی وێنە لە هێماکانی ئەم کەمپەینە، پشتگیریی کەمپەینی ٢١ی خەرمانانیان کرد.

کەمپەینی ٢١ی خەرمانان لە هەوڵدایە تاکوو ٢١ی خەرمانان وەکوو ڕۆژی "پێکەوەبوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی" بە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، بەبێ جیاوازیی بیرکردنەوە، پێشنیار بکات.

لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران، لەسێدارەدانی لاوانی کورد و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، سەرجەم دووکان و بازاڕەکانیان داخست.