کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووریه: ئامریکا هێرشی هەوایی کردووەتە سەرمان

12:22 - 28 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکان بۆ سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی سووریە ماوە بە ماوە ئەنجام دەدرێت و زیانی ماددی و گیانی بە هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد دەگەیەنێت.

هەواڵدەریی فەرمیی سووریە ناسراوە بە "سانا" لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازی بڵاوی کردووەتەوە کە فڕۆکەی هاوپەیمانان بە ڕێبەریی ئامریکا هێرشی کردووەتە سەر پایگایەکی نیزامی کە لەئەنجامدا چەندین سەربازی سووری کوژراو و بریندار بوونه.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی سووریە، لەو هێرشەدا بۆ سەر باشووری شاری "ئەبووکەماڵ"، پایەگایەکی نیزامیی هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد کراوەتە ئامانج و چەندین سەربازی سووری کوژراون و بریندار بوون.

تا ئیستا ئامریکا لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی نەخستووەتە ڕوو و ئەو هەواڵەی پشڕاست نەکردووەتەوە.

هێرشی فڕۆکەکانی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پایگا نیزامییەکانی ڕێژیمی ئەسەد و  ئێران لە خاکی سووریە ماوە بە ماوە ئەنجام دەدرێت و بەرپرسانی ئەو دوو ڕێژیمەش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم هێرشە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ڕێژیمی سووریە و هاوکات بنکە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە هەڵگری پەیامێکی سیاسی گرینگە بۆ ڕێژیمی تاران کە ئەگەر واز لە دەستێوەردانەکانی لە ناوچە نەهینێت دژکردەوەی تووندتری لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردە سەر خاکی سووریه و لەو هێرشانەدا چەندین شوێنی نیزامی کە مۆڵگەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوون، کرانە ئامانج و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سپای پاسداران کوژران و بریندار بوون.

ڕێژیمی ئێران بەڵێنی داوە کە تۆڵەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل لە کات و دەرفەتی گونجاودا دەکاتەوە.

سەرۆکایەتی "مووساد" پێشتریش باسیان لەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئێران له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست له ئاژاوەنانه‌وه ‌و پاڵپشتیکردنی گرووپه تێرۆریستییه‌کان ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌یه و به‌ به‌رده‌وامی له هه‌وڵدایه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له ناوچه‌که‌دا به‌ربڵاوتر بکاتەوە.